ئێران/ مانگرتنی کرێکاران لە پاڵاوگە، وزەخانە و کارگەکان

مانگرتنی کرێکاران لە پاڵاوگە و کارگەکانی ئێران دا پێی ناوەتە ناو پێنجەمین ڕۆژەوی خۆیەوە. ڕۆژی چوارشەممە لە سۆشیاڵ میدیاکان چەندین کورتە فیلم لە مانگرتنی کرێکارانی پاڵاوگەی شاری ئیسفەهان بڵاوە کرایەوە.

بە پێی ڕاپۆڕتی یەکێتی ئازادی کرێکاران، لە سەرەتای مانگرتنەکە هێزەکانی حیراسەتی پاڵاوگەی ئیسفەهان پێشگرییان لە چوونە دەرێی کرێکاران کرد، بەڵام دواتر بە پێداگری ئەو کرێکارانە، ڕێگای چوونە دەرەوە لە پاڵاوگەکەیان بۆ کرایەوە.

هێزەکانی حیراسەت چەند کرێکاریان بە هۆی ئەوەی فیلمیان لە مانگرتنەکە هەڵگرتبووەوە، بە شێوەی کاتی دەستبەسەر کرد.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆڕتە هاتووە کە زۆربەی کرێکارەکان بە تایبەت ئەوانەی خەڵکی شاری "کەنگان"، "لامەرد" و "مێهر" بوون، شوێنی مانەوەی خۆیان لە کارگەکان جێ هێشتووە و بۆ شارەکانی خۆیان گەڕاونەتەوە.

 هەروەها ڕۆژی چوارشەممە فیلمێکیتریش لە کۆبوونەوەی کرێکارەکانی یەکێک کە کۆمپانیاکانی "مپنا" لە فازی ١٣ی پارسی جنووبی بڵاو کرایەوە. ئەو کرێکارانە پاش ٢ مانگ لە شکستی وتووێژەکانیان سەبارەت بە ویستەکانیان لەگەڵ بەڕیوبەرانی ئەو کۆمپانیایە، دەستیان بە مانگرتن کرد.

ئەو کرێکارانە سەبارەت بە چەند خاڵێک کە بریتی بوون لە: "کەم بوونەوەی ٥٠لە سەدی مووچەکەیان لەچاو ساڵانی ٩٦و٩٧ دا"، "نادیاری دۆخی گرێبەستی کرێکارەکان و ئەمنییەتی کاری" و "ناڕێكی لە پێدانی حەقدەست و مووچەکەیان" ، دەستییان بە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کردبوو.

مانگرتن لە بواری پیشەسازی نەوت، گاز و پێتڕۆشیمی لە ڕۆژی شەممەوە دەستی پێکرد.

ئەو خۆپیشاندانانە لە چوار ئۆستان و چەند شار کە بریتی بوون لە: "ئابادان، ئەهواز، ماهشەهر، کۆنگان و لامەرد" لە یەک کاتدا دەستییان پێکرد کە بە گەورەترین مانگرتنی کرێکارەکان لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو ئەژمار دێت. مەزندە دەکرێت زیاتر لە ١٠ هەزار کرێکار لەو مانگرتنەدا بەشدار بن.

کرێکارانی ناڕازی خوازیاری دابین کردنی؛ ئەمنییەتی کاری، هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستە سپییەکان، دانەوەی مووچە دواکەوتووە و بردنەسەرەوەی حەقدەستەکانیانن. 


لە چەند ڕۆژی ڕابردوو کرێکاران لە پاڵاوگەکانی ئابادان، فوجەیرە لە ئەهواز، نەوتی قێشم، کۆنگان لە ئۆستانی بووشێهر و پارسیان لە ئۆستانی فارس و چەندین کۆمپانیا لە عەسەلوویە و کۆمپانی لامەرد لە ئۆستانی فارس مانیان گرت.
ڕۆژی چوارشەممە ٩٠ کەس لە هێزی حیراسەتی پاڵاوگەی "بیدبوڵەند" لە شاری بێهبەهان لە ناڕەزایەتی بە دەرکرانی خۆیان، کۆبوونەوە. هەروەها هاوکات لەگەڵ ئەو مانگرتنە، کرێکارانی نەیشکەری "حەوت تەپە" بۆ پەنجا و دووهەمین ڕۆژ، درێژەیان بە مانگرتنی خۆیان بەرانبەر بە فەرمانداری شاری شووش، دا. 

چەند کەس لە نوێنەرانی کرێکارانی حەوت تەپە، بڕیار وایە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی لە مەجلیس بەرانبەر بە ئەندامانی مەجلیس شارەکان، باس لە کێشەکانیان بکەن.

لە کاتێک دا کە، کرێکارە ناڕازییەکان دەڵێن: "تا بە ویستەکانمان پێڕانەگەن، دەست لە مانگرتن هەڵناگرین".

شەپۆلی نوێی مانگرتنە کرێکارییەکان بە دوای بوونی دیاردەیەکی نوێ کە بەڕێوەبەری پاڵاوگە و وزەخانە و کارخانەکان لە موزایەدەکان دەدرێن بە "پەیمانکاران" و لەم پرۆسەیەدا زیانی زۆر بەر مافی کرێکاران دەکەوێت، دەستی پێکردووەتەوە.

PM:05:19:05/08/2020




ئه‌م بابه‌ته 151 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌