خۆکوژی سێ ژن لە زیندانی قەرچەکی وەرامین

هەواڵنێری "هرانا" ڕایگەیاند، لە دە ڕۆژی ڕابردوو سێ ژنی زیندانی لە قەرچەکی وەرامین خۆیان کوشتووە، کە دووانیان گیانیان لە دەستداوە.

بە وتەی ئەو ماڵپەڕی مافی مرۆڤییە، "مونیرە بەهرامی" لە دایک بووی ١٣٦٦ بە چارشێوەکەی خۆی هەڵواسیوە و گیانی لەدەستداوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە "مونیرە بەهرامی" ؛ "بە هۆی جەخت و گوشارێک کە لە زیندان لەسەری بوو و ترسێک کە لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا لەناو زیندان هەیبوو" دەستی لە خۆکۆژی داوە. جێی ئاماژەیە تا ئێستا تۆمەتی ئەو زیندانیە ڕانەگەینراوە.

هەروەها ژنێکی زیندانیتر، دوای گواستنەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارە سەری نەخۆشی دەروونی، لە ئەمین ئابادی تاران خۆکوژی کردووە و گیانی لەدەستداوە. تا ئێستا شۆناس و تۆمەتی ئەو زیندانیە ڕانەگەینراوە.

بە وتەی "هرانا" ، ژنی سێهەم بە دەرمانی نزافەت خۆی کوشتووە بەڵام دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی زیندان و ڕزگاربوونی لە مردن، گەڕاندوویانەتەوە بۆ بەندەکەی.

ناوەندی ڕاگەیاندنی قوەی قەزاییە هەواڵی خۆکوژی ئەو سێ ژنەی بە پڕۆپاگەندا پێناسە کردووە و ڕایگەیاندووە کە هیچ کەیسێکی خۆ کوژی لە زیندانی قەرچەک ڕووی نەداوە.


PM:05:29:30/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 173 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌