کەیوان سەمیمی حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا

"کەیوان سەمیمی"، سەرنووسەری گۆڤاری "ایران فردا" و چالاکی میللی-ئایینی، لە لایەن دادگای پێداچوونەوە حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا .

ڕۆژی دوشەممە ٦ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی، ناوبراو ڕایگەیاند بە تۆمەتی "گردبوونەوەی نایاسایی بە مەبەستی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی" ئەو حوکمەی بەسەردا سەپاوە .

"کەیوان سەمیمی" کە ٧٢ ساڵی تەمەنە، مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دوای ئاگادار بوونەوە لە حوکمەکەی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئیسلامییەوە، ئەو حوکمەی بە ناعادڵانە وەسف کرد و وتی؛ "بەرامبەر بەو سزایە ئیعتراز و داوای پێداچوونەوە دکەم."

ئەو ڕۆژنامەنووسە مانگی گوڵانی ساڵی ڕابردوو لە کۆبوونەوەیەک، کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی کرێکارانەوە بەڕێوەچوو لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ماوایەک ئازاد کرا، بەڵام لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران بە بێ ئامادە بوونی خۆی و پاریزەرەکەی ئەو حوکمەی بە سەردا سەپاندووە.

AM:09:25:29/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 174 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌