بەیاننامەی كۆتایی یەكەمین كۆنگرەی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات

ئاسۆی رۆژ: بەدروشمی هاوخەباتی لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان پاش چەندین مانگ ئامادەكاری و هەوڵی چڕوپڕ لە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 17/4/2013ی زایینی بەرانبەر بە 28ی خاكەلێوەی 1392ی هەتاوی یەكەمین كۆنگرەی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات بەبەشداری هاوڕێ عەبدوڵا موهتەدی سكرتێری گشتیی و ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵە و كەسایەتییە سیاسیەكان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی،فیدراسیۆنی لاوانی كوردستانی ئێران،یەكیەتی لاوانی دیموكراتی كوردستانی ئێران، ناوەندی لاوانی پێشڕەو،كۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات،یەكیەتی لاوانی دێمۆكراتی رۆژهەڵاتی كوردستان، رێكخراوی ئازادیی لاوانی كوردستان،  و یەكیەتی نەتەوەیی لاوانی رۆژهەڵاتی كوردستان،ناوەندی لاوانی خەباتی كوردستانی ئێران،رێكخراوی لاوانی یەكیەتی شۆڕشگێرانی كوردستان، گروپی کاری لاوان و قوتابیانی پاک و یەكیەتی لاوانی كوردستان لە عێراق.سەرەتای كۆنگرە بەسروودی بانگەواز سروودی رەسمی كۆمەڵە دەستی پێكردو پاشان بۆرێزگرتن لە یادی شەهیدان و 59 لاوی ئێعدامكراوی شاری مەهاباد چەند ساتێك بێدەنگی راگیرا.


پاشان كاك عەبدوڵای موهتەدی وتەیەكیان پێشكەش كردو ئاماژەیان بە رۆڵی لاوان لە خەباتی مەدەنی و خەباتی سیاسی و خەباتی چەكداری چ لە ناو شارەكانی كوردستان و چ لەسەردەمی شاخدا كرد. لەدرێژەی ووتەكانیدا ئاماژەی بە رق و تووڕەیی كۆماری ئیسلامی نیسبەت بە لاوانی خەباتكاری كوردستان كردو 59 لاوی مەهابادی وەك هێمای خۆڕاگری لاوانی كوردستان ناو لێبرد .لە كۆتاییدا پیرۆزبایی خۆی پێشكەش بە ئەندامانی كۆنگرە كردو هیوای سەركەوتنی زیاتری بۆ بەئاوات خواست.


 دواتر گروپی سروودی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات سروودێكیان پێشكەش كرد.دەستەی بەڕێوەبەری پێشووی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات راپۆرتی كاری ماوەی رابوردووی خۆیان لە لایەن هاوڕێ فوئادی موحەمەدییەوە پێشكەش بە كۆنگرە كرد.لەدرێژەی باس و تەوەرەكانی كاری كۆنگرە پێڕەوی ناوخۆی پێشنیار كراو كە 9 مادەو چەندین چەندین تەبسەرەی لە خۆگرتبوو خرایە بەرباس و لێكدانەوە.


لەمبەشەشدا ئەندامان بەبەشداری چڕوپڕی خۆیان هەوڵەكانیان لەپێناو باشتركردن ودەوڵەمەندكردنی پێڕەوی ناوخۆی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات خستە گەڕ.لەبەشێكیدیكەی كۆنگرەدا لەسەر دەنگی ئەندامانی كۆنگرە ئاڵووگۆڕ بەسەر بەشێك لە مادەو تەبسەرەكانی پێڕەوی ناخۆ هاتەئاراوەو بۆئاڵوگۆڕی زیاتر بەكومیسیۆنی هەڵبژێردراوی تایبەت بە پێڕەوی ناوخۆ سپێردرا.دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە تەرخانكرا بۆ دیاریكردنی رێژەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرو هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرانی نوێی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات. ئەندامانی كۆنگرە دەنگیان بە رێژەی 9بە2 واتە 9ئەندامی ئەسڵی و 2 ئەندامی جێگردا .لەم بەشەی كۆنگرەدا لە كەش و دۆخێكی تەواو ئازاد و دیموكراتیك و سەردەمیانە هەڵبژاردنی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەر بەڕێوەچوو.33كەس لە ئەندامانی بەشدار بووی كۆنگرە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی بەڕیوەبەر پاڵاوت و 9كەس لە هاوڕێیان كە بریتی بوون لە بەڕێزان

 

1" حەمید موزەفەری(هەژار) بە 82 دەنگ

 

2"عەلی موزەفەری بە 77 دەنگ

 

3"وریا عەبدولی بە 70دەنگ

 

4"ئەمین قادری (موختار) بە 61 دەنگ

 

5" هێرش سڵێمانی بە 59 دەنگ

 

6"فەرهاد حەدادی بە 56 دەنگ

 

7"جەلیل رەزایی بە 50 دەنگ

 

8"ئازاد سڵێمانی بە 49 دەنگ

 

9"كەژاڵ رازدار بە 42 دەنگ وەك ئەندامانی ئەسڵی دیاری كران .

 

هاوڕێیان :

 

10" دیار سادقی بە 41 دەنگ

 

11"رزگار سڵێمانی بە 40 دەنگ وەك ئەندامانی جێگر دیاری كران.

 

پاش هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوەبەری نوێی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات ،هاوڕێ ئاوات قوڕەیشی بە نوێنەرایەتی دەستەی بەڕێوەبەری پێشوی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئەندامانی كۆنگرەو دەستەی بەڕێوەبەری نوێی كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات كردو هەڵبژاردنی كۆنگرەی بە تەواو دیموكراتیك و سەردەمییانە ناولێبرد. كۆنگرە لە كەش و بارودۆخێكی دۆستانە دا لە كاتژمێر19:30 دەقەی ئێوارە كۆتایی بەكارەكانی خۆی هێنا.

 

كۆمەڵەی لاوانی رۆژهەڵات

 

رێكەوتی 18/4/2013 بەرانبەر بە 28ی خاكەلێوەی 1392ی هەتاوی


AM:11:40:21/04/2013




ئه‌م بابه‌ته 1014 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌