ورمێ/ حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی سیاسی کورد جێبەجێ کرا

ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ بەرەبەیانی ڕۆژی سێ شەممە ٢٤ی پووشپەڕ دوو زیندانی سیاسی کوردی خەڵکی شاری مهاباد لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ لە سێدارە دران.

"دیاکۆ ڕەسووڵزادە" و کەسیکی دیکە بە ناوی "حوسێن عوسمانی" ڕێکەوتی ١٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٢ی هەتاوی و "سابیر شێخ عەبدوڵڵا" ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستگیر و ڕۆژی ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مهابادەوە حوکمی سێدارە لە بەر چاوی خەڵکیان بەسەردا سەپا. ئەو شارۆمەندە کوردانە بە تۆمەتی ئەنجامی تەقینەوە لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی ئەو حوکمەیان بۆ دەرچووبوو.

سەر لە بەیانی ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی حوکمی سێدارەی دوو بەندکراوی مەحکووم بە سێدارەی خەڵکی شاری مهاباد بە ناوەکانی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵزادە" لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە کە لە بەندی ١_٢ ڕاگیرابوون، ڕۆژی ڕابردوو گوازرابوونەوە بۆ ژووری تاکەکەسی زیندان.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە بەرپرسانی ئێران کردبوو کە حوکمی سێدارەی "سابیر شێخ عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵ زادە" هەڵوەشێندرێتەوە و بوار بۆ دادگاییەکی دادپەروەرانە و بە بێ دانپێدانانی زۆرەملی بەو تۆمەتانەی خراوەتە پاڵیان، بڕەخسێت.

جێی ئاماژەیە حوکمی سێدارەی حسێن عوسمانی لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاوی لەلایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و لە مانگی رەزبەری ساڵی ڕابردوو سزای ٣٠ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا و ئێستا لە زیندانی شاری ورمێ ماوەی زیندانییەکەی تێدەپەڕێنێت.

هاوزیندانییەکانی دیاکۆ و سابیر چەندین جار شایەتی ئەوەیان داوە کە ناوبراوان لە ژیر ئەشکەنجەی وەزارەتی ئیتلاعات دانیان بەو تاوانانەدا ناوە و هێنایانە سەر تەلەفزیۆن.

وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی لە دەیان دۆسییەی لەو چەشنەدا بۆ شاردنەوەی کەم و کۆڕی و بێ توانایی خۆیان، خەڵکانی بێ تاوان تۆمەت بار دەکەن و لە ژێر ئەشکەنجە و جەزرەبە ئیعترافیان پێ دەکەن و دواجار حوکمی ئیعدامیان بە سەر دا جێ بە جێ دەکەن.



AM:08:30:14/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 294 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌