هەزاران دەروێش بە شێوەی نایاسایی هاتنە خاکی هەرێمی کوردستان

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، هەزاران دەروێشی تەریقەی قادری کە ژمارەیان نزیکەی ٢٠٠٠ کەس مەزندە دەکرێت، بە تەور، خەنجەر و شمشێرەوە، بە شێوەی نایاسایی و بەبێ پشکنینی کۆرۆنا و پاسپۆرت، لە سنووری باشماخەوە هاتوونەتە خاکی هەرێمی کوردستان و دەیانەوێت بەشداری لە پرسەی شێخ محەممەد کەسنەزانی، ڕێبەری تەریقەتی قادری لە شاری سلێمانی بکەن.
بەرپرسێکی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندووە: ئەم دەروێشانە لە کاتی پەڕینەوە لە سنوور لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی تووشی تێکهەڵچوون بوون و  شەش کەسیان، بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بریندار کراون.
لە کاردانەوە بەو هەڵسووکەوتی دەروێشانی تەریقەی قادری، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، نیگەرانی خۆی لەمبارەیەوە دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: ئەگەر پشکنینی کۆرۆنا بۆ ئەم کەسانە نەکرێت لەوانەیە پاش دوو هەفتە کارەساتی گەورە ڕووبدات.
لە درێژەی کاردانەوەکان بەم ڕووداوە، قوباد تاڵەبانی بڕیاری داخستنی خاڵی سنووری پاشماخی دەرکردووە و داوای ڕاگرتنی هاتووچووە بازرگانییەکانی کردووە.
جێی ئاماژەیە، لەم کاتەدا کە پەتای کۆرۆنا مەترسییەکی گەورەی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی دروست کردووە و ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین تووشبووی کۆرۆنای هەیە، هەڵسووکەوتی ئەم دەرویشانە و پابەندنەبوونیان بە ڕێنماییە تەندروستییەکان، مەترسی بۆسەر خەڵکی هەرێمی کوردستان زیاتر دەکات، کۆماری ئیسلامیش لەجیاتی پێشگرتنی یاسایی و ئاگادارکردنەوەیان لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەنیا لە بنکەکانی سەر سنوورەوە تەقەی لێکردوون.

AM:03:11:10/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 393 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌