لەسەدا ٢٠ی خەڵکی ئێران تووشی کۆرۆنا بوون

بە وتەی یەکێک لە بەرپرسانی کومیتەی کۆرۆنا لە ئێران، لانیکەم لەسەدا ٢٠ی حەشیمەتی ئێران گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

مەسعوود مەردانی، ئەندامی کومیتەی کۆرۆنا لە ئێران، لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان ڕایگەیاند: بە پێی لێکۆڵینەوەکانی کومیتەی کۆرۆنا، تاقیکردنەوە پزیشکییەکان و ئەو ئامارانەی لە نەخۆشخانە و ناوەندە دەرمانییەکانەوە بە دەستمان گەیشتوون، تا ئێستا لانیکەم ١٨ میلیۆن کەس لە خەڵکی ئێران کە دەبێتە لەسەدا بیستی حەشیمەتی ئەو وڵاتە، گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ڕێژەی قوربانیانی ئەم ڤایرۆسە لە پێنج مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە باڵاترین ئاستی خۆی و بە پێی ئامارەکان، هەر دە خولەک لە ئێران، کەسێک بە هۆی کۆرۆنا، گیانی لە دەست دەدات.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە ئێران کە بەرهەمی کەمتەرخەمی و ناکارایی بەرپرسانی حکوومەتی بوو، کۆماری ئیسلامی هەوڵیدا ڕێژەی قوربانیان و تووشبووانی ئەم ڤایرۆسە لە چاوی ڕاگەیاندنەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بشارێتەوە و لە شێوەگەلی جۆراوجۆری وەک سەرکوت و سانسۆر کەڵکی وەرگرت بۆ پێشگرتن بە بڵاوبوونەوەی ئامارێکی درووست لە ژمارەی قوربانیانی ئەم ڤایرۆسە، بۆیە تا ئێستا ئامارێکی درووست لەمبارەیەوە بڵاونەکراوەتەوە؛ بەڵام ڕۆژنامەنووسانی بێ سنوور و سەربەخۆ لە ئێران باس لە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەکەن کە داوێنی خەڵکی ئێرانی گرتووە و دەڵێن ڕێژەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ناوخۆی ئێران زۆر لەوە زیاترە کە ڕاگەیاندنە حکوومەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە.



PM:10:45:05/07/2020




ئه‌م بابه‌ته 150 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌