ڕاپۆڕتی ساڵانەی ئەمریکا: ئێران گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزمە لە جیهان‌دا

ڕۆژی چوارشەممە، ٤ی پووشپەڕ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە جیهان، ئێرانی بە " گەورەترین و خراپترین دەوڵەتی پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهان" پێناسە کرد.
ئەم ڕاپۆڕتە باس لە گوشارە تووندەکانی واشێنگتۆن بە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩دەکات و دەڵێت: دەوڵەتی ئەمریکا بە هاوکاری هاوپەیمانانی لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی گووشار بۆ سەر ئێران، گەمارۆی نوێی بە دژی ئێران و هێزە بە وەکاڵەتەکانی خستووەتە گەڕ.
یەکێک لە هەنگاوەکانی ئەمریکا لەم بوارەوە: ناساندنی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و هێزی قودس وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی دەرەکی بووە و ئەم ڕاپۆڕتە ڕوونی دەکاتەوە کە ئەمریکا بەو هەنگاوە بۆ یەکەمین جار بەشێک لە حکوومەتێکی دەرەکی خستووەتە پێڕستی ڕێکخراوەیەکی ترۆریستی دەرەکی.
١٩ی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو، سەرۆک کۆماری ئەمریکا سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی وەکوو " کەرەستەی سەرەکی حکوومەتی ئێران بۆ ڕێبەری و بەڕێوەبردنی کارزاری نێونەتەوەیی تیرۆریزم" پێناسە کرد و ڕایگەیاند کە ئەم هێزە نیزامییە چووتە ناو پێڕستی ڕێکخراوە ترۆریستییە دەرەکییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
لەم ڕاپۆڕتەدا هاتووە کە لە ڕابردوودا، حکوومەتی ئێران پووڵێکی نزیک بە ٧٠٠ملوێن دۆلار لە ساڵدا، بۆ پشتیوانی لە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک: حیزبوڵڵا دابین کردووە، بەڵام لە ژێر کاریگەری گەمارۆ تووندەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٩، هێزی ئەوان بۆ پشتیوانی ئابووری لە تیرۆریستەکان تا ئاستێکی بەرچاو کەم بووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی ڕاپۆڕتی خۆیدا حکوومەتی ئێرانی بە بەڕێوەبردنی چالاکی تیرۆریستی لە ئەمریکای باشوور و باکوور، ئۆرووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەفریقا تۆمەتبار کردووە و دەڵێت: کۆماری ئیسلامی لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەم هەوڵانەی لە ڕێگەی سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ئەنجام داوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆڕتە، حکوومەتی ئێران ئێستاش ڕیگە بە گرووپ گەلێکی وەک ئەلقاعیدە دەدات تا لەو وڵاتەدا چالاکی بکەن و پووڵ و شەڕکەر بۆ ناوچەکانی ئەفغانستان و سووریە بنێرنەوە.
ئەمریکا کۆماری ئیسلامی بە تووندترکردنی نائارامی و توندووتیژی چ بە شێوازی ڕاستەوخۆ یان لە ڕێگەی هێزە بە وەکاڵەتەکانی لە بەحرەین، عێراق، لوبنان، سووریە و یەمەن تۆمەتبار کردووە.

PM:02:07:25/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 258 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌