پاکپوور هەڕەشەی بۆردومان‌کردنی بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی کرد

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٣ی پووشپەڕ، هەواڵنێری تەسنیمی سەر بە سپای پاسداران لە زمان محەمەد پاکپوور، فەرماندەی گشتیی هێزی زەوینی سپا لە مانۆڕی تایبەتیی سپای پاسداران لە مەریوان ڕایگەیاند: ئەو ناوچانەی مانۆڕە سەربازییەکەی ئەمساڵی تێدا بەڕێوە دەچێت، شوێنی هاتووچۆی حیزبە سیاسییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامین کە ئەو بە (ضد انقلاب)، ناوی بردن و ئامانجی سەرەکی ئەم مانۆڕەش پاک کردنەوەی ناوچەکەیە لەو حیزب و لایەنە سیاسییانەی دەیانەوێ هەوڵێ تێکدەرانە لە ڕۆژئاوای ئێران بە دژی کۆماری ئیسلامی بکەن.

پاکپوور لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لەسەر پاراستنی ئەمنیەتی ئێران شەرم لە کەس ناکەین و ئەم مانۆڕەش بە مەبەستی ڕاماڵینی هێزە دژبەرەکانی ئێرانە لە سنوورەکان و لە هەر شوێنێک ئەم هێزانە بنکە و بارەگایان بێت دەکەونە بەر هێرشی موشەکی، تۆپخانەیی و پەهبادی سپای پاسداران.
فەرماندەی هێزی زەوینی سپا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان کرد کە ساڵی ڕابردوو بنکە و بارەگاکانی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و بە تایبەت کۆمەڵەی لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات کردە ئامانج.
پاکپوور لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕووی لە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە نەهیڵن بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە سنوورەکان بن، تا خەڵکی مەدەنی نەبنە ئامانجی هێرشی تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی.
قسەکانی پاکپوور لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سپای پاسداران مانۆڕێکی گەورەی سەربازی لە مەریوان دەستپێکرد و بە وتەی سەرچاوەکانی نزیک لە سپای پاسداران، لەم مانۆڕە سەربازییەدا کە لە چەمی شلێرەوە دەستی پێکردووە و تا بەرزاییەکانی چلچەمە درێژەی دەبێت، هێزی زەوینی ناوچەیی سپای پاسداران بە چەکی قورسەوە لە شارەکانی: مەریوان و دیواندەرە تێیدا بەشدارن و محەمەد پاکپوور بەرپرسی هێزی زەوینی سپای پاسداران لە نزیکەوە سەرپەرشتی ئەم مانۆڕە دەکات.

پێویستە بوترێ، هەموو ساڵێک سپای پاسداران بە مەبەستی چاوترسێن کردنی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مانۆڕێکی گەورەی سەربازی وەرێدەخات. و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان و بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان دەکات؛ کۆماری ئیسلامی زۆر باش دەزانێت تەنیا ئۆپۆزیسیۆنێکی چالاک لە ئاستی ئێران کە هێزی ئامادەی چەکداری هەیە و خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێزە و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵکی لەگەڵە، حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامین؛ ئێستا و لەم باروودۆخەدا کە کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانی گەورە بووە و پیگەی لە ناوخۆ و دەرەوە تا دێ لاوازتر دەبێ؛ بۆ ڕاگرتنی چالاکی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و هاندانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بە دژی ئەو حیزبانە، دەست بۆ تۆپباران، هەڕەشە و مانۆڕلێدان دەکات.


PM:08:23:23/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 277 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌