دایکی دوو گیانبەختکردووی کۆمەڵە لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، دایە فائیزە مودەڕسی، دایکی هاوڕێیانی گیانبەختکردوو فەریبا فەڕشچی و حەمید فەڕشچی، و برای هاوڕێی گیانبەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە، مەسعود مودەڕسی، بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە، دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بنەماڵەی دایە فائیزە، لە بنەماڵە شۆڕشگێڕ و ناسراوەکانی شاری سنەن کە خزمەتێکی زۆریان بە کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان کردووە؛ لە پێناو بەسەرکەوتن گەیاندنی بزووتنەوەی کوردستان دوو ڕۆڵە و برایەکی دایە فائیزە لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا گیانی ئازیزیان بەخت کردووە؛ دایە فایزە نموونەی دایکێکی شۆڕشگێڕ و خۆڕاگر بوو.

بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەری فەرشچی و خەڵکی تێکۆشەری شاری سنە دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

هەر بە بۆنەی مەرگی دایە فائیزە فەڕشچی، هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵە، پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:

بەداخەوە شەوی پێشوو فایزە خانمی مودەریسی، سیمای ناسراوی ناو دایکانی کوردستان، لە شاری سنە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
فایزە خانم  دایکی فەریبا فەرشچی، کچە تێکۆشەری گەنجی ڕیزەکانی کۆمەڵە بوو کە لە هەژدە ساڵیدا بەدەست کۆماری سێدارە ئیعدام کرا، هەروەها دەتوانین بڵێین بۆ شەهید حەمیدی فەڕشچیش کە لە شەڕی بیست و چوار ڕۆژەی سنەگیانی بەخت کرد، وەک دایک وابوو. برای فایزە خانمیش، بە ناوی مەسعوودی مودەریسی، ئەندامی رێکخستنی کۆمەڵە لە تاران بوو کە بەدەست جەللادانی  کۆماری ئیسلامی تیرەباران کرا. بەڵام ئەو داخە گرانانە، وێڕای زۆر مەینەت و خەفەتی دیکە کە فایزە خانم لەم ساڵانەی دواییدا لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا تۆماری کردون، هیچکامیان چۆکیان بەو دایکە نەبەزە دانەدا. کوڕێکی دیکەی بەناوی غوڵامڕەزا لە رێکخستندا کاری دەکرد و ماوەیەک بوو بە بەرپرسی  رێکخستنی نهێنی کۆمەڵە لە سەقز و دواتریش هاتە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی. کچێکی دیکەی فایزە خانم بەناوی فریاڵیش هەر لە تەمەنی لاویدا هات بۆ پێشمەرگایەتی کە تەمەنی درێژ بۆ هەرتکیان بەئاوات دەخوازم. زاوای فایزە خانمیش کادری ناسراوی کۆ مەڵە عەبدوڵڵای هۆشیاریان بوو کە بە کیمیابارانەکەی بۆتێ گیانی لە دەست دا.  بەڕاستی ئەو خەمە قورسانە بە کێ هەڵدەگیرێ؟ خەفەتی ئەوانەی لە دەست چوون و پەرۆشی و وەیلان بوون بە شوێن ئەوانەی ماون، بوو بە چارەنووسی ساڵەهای ساڵی ئەو دایکە خۆڕاگرە. 
فایزە خانم ژنێکی میهرەبان، خاوەن ڕێز و خاوەن شەوکەت بوو، لە سنە و هەموو کوردستان ناسراو و تاجی سەری هەموومان  بوو. ئەمن بەختەوەر بووم کە لەم ساڵانەی دواییشدا دوو جار بە خزمەتی گەیشتمەوە. ئەوەش بزانن کە ئەو هەروەها خانمێکی خوازیاری رۆشنبیری بوو و لە هەر فرسەتێک بۆ خوێندنەوەی کتێب و ڕۆمانە باشەکان کەڵکی وەردەگرت و هەتا ما لە فێربوون و فێر کردن ماندوو نەبوو. 
هەزار سڵاو لە گیانی فایزە خانمی مودەریسی، هەزاران سڵاو لە شەهیدانی ئەو بنەماڵەیە و هەموو شەهیدانی کۆمەڵە و کوردستان.
پرسە و سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە بنەماڵەی بەڕێزی مودەریسی و فەرشچی و هەموو خزم و دۆستانیان.

PM:05:42:18/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 226 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌