دوایین ئامارەکان لە دۆخی تووشبووانی کۆرۆنا لە شارەکانی کوردستان

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٣٩٩ی هەتاوی، ناوەندی تەندروستی پارێزگای سنە بە بیانووی "گۆڕینی فۆرمەتی ئامار"، بەرگریان لە بڵاوکردنەوەی ئاماری قوربانیانی کۆرۆنا لەو پارێزگایە گرت .

بە پێی دوایین هەواڵەکان لە سەرچاوە نافەرمییەکانەوە، تا ڕۆژی پێنجشەممە، ٤٦٢٠ کەس لە پارێزگای کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٧٧ کەسیش گیانیان لە دەست داوە و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیە لە ناو شاری سنە چووەتە ئاستێکی مەترسیدارتر.
دوکتور فەلاحی "بەرپرسی بەشی پەیوەندی گشتیی زانستگای پزیشکی کوردستان دەڵێت: کە ٢٢٥ تەخت لە نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە پڕ بووە و ژمارێکی زۆر لە نەخۆشەکان بە هۆی نەبوونی تەخت گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی بێعسەت و کەوسەر.
هەروەها بەرپرسی زانستگای پزیشکی کوردستان ڕایگەیاند: ژماری تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان، تا سەرلەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٤٩ کەس بووە، کە ٢٤٧ کەسیان لە شاری سنە بوون.
هەروەها ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا ١٥ کەس بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆنا گیانیان لەدەست داوە.

ئاماری ئەو تووشبووانەی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای کوردستان ڕاگیراون و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان:
🟥 نەخۆشخانەی بێعسەت و کەوسەر و تەوحیدی شاری سنە _٢٣٩ کەس
🟥 نەخۆشخانەی خومەینی شاری سەقز  _ ٢٧ کەس
🟥 نەخۆشخانەی بوعەلی و فەجری شاری مەریوان _ ٢٤ کەس
🟥نەخۆشخانەی ڕازی و سەلاحەدینی شاری بانە _٢٢ کەس
🟥نەخۆشخانەی سینای شاری کامیاران _ ١٦ کەس
🟧نەخۆشخانەی بەهەشتی شاری قوروە _ ١٠ کەس
🟨نەخۆشخانەی ئیمام عەلی بیجاڕ _ ٧ کەس
🟨نەخۆشخانەی خومەینی دیواندەرە _ ٧ کەس

و ٤٠ کەس لە تووشبووان کە لە دۆخێکی زۆر خراپ دان لە بەشی ICUی نەخۆشخانەکان ڕاگیراون.

ئاماری ئەو کەسانەش وا گیانیان لە دەست داوە، ١٩٢ کەس ڕاگەیەندراوە.
٤٨ کەس لە شاری سنە، ٤٧ کەس لە شاری سەقز، ٢١ کەس لە شاری قوڕوە، ٢٠ کەس لە شاری بانە، ١٩ کەس لە شاری کامیاران، ١٢ کەس لە شاری مەریوان، ١٢ کەس لە شاری بیجاڕ، ٨ کەس لە شاری دیواندەرە و ٥ کەس لە شاری دێولان.

جێی باسە، کۆمەڵگای پزیشکی و چالاکانی مەدەنی پارێزگای کوردستان، لە ڕێگای ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەردەوام داوا لە خەڵکی شارەکانی کوردستان دەکەن کە لە چوونەدەرەوە خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.

PM:05:16:13/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌