ڕێژەی قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران ڕوو لە هەڵکشانە

لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوودا، ٧٥کەس بە هۆی گیرۆدەبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لە دەستداوە و زیاتر لە ٢٣٦٩ تووشبووی دیکەش خۆیان بە ناوەندە دەرمانییەکان ناساندووە.

بە پێی ئاماری ماڵپەرە حکوومەتییەکان، لە ماوەی یەک ڕۆژی ڕابردوودا، ٧٥ تووشبووی کۆرۆنا لە ئێران گیانیان لە دەست داوە و دوو هەزار و ٣٦٩تووشبووی دیکەش خۆیان بە ناوەندە دەرمانییەکان ناساندووە، کە ٦٨٧ کەسیان ئێستا لە نەخۆشخانەکان، لە ژێر چاوەدێری وردی پزیشکی دان و دۆخی تەندروستی ژمارەیەکی زۆریان ناجێگیرە.
بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی وەزارەتی بێهداشت، پارێزگاکانی کوردستان، لۆڕستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هۆرموزگان و خوزستان لە دۆخێکی زۆر خراب دان و باری نائاسایی و مەترسیدار ڕاگەیەندراوە.
جێی باسە، بە هۆی ڕێگەنەدان بە ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و شاردنەوەی ژمارەی قوربانیان لە لایەن ناوەندە پەیوەندیدارەکانەوە تا ئێستاش ئامارێکی دروست لە ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی کۆرۆنا لە ئێران لەبەر دەست دانییە، بەڵام تەنانەت بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکانی حکوومەتیش، ڕێژەی تووشبووان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران و بە تایبەت ناوچە پەراوێزخراوەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت و حکوومەت لە ژێر ناوی ئەوەی کە کۆرۆنا قەیرانێکی جیهانییە، بەرپرسیاریەتی ئەم کارەساتە لەسەر شانی خۆی دادەماڵێت و هیچ بایەخێک بە ئەمنیەتی گیانی خەڵکی وڵاتەکەی نادات.

PM:05:05:12/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 282 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌