بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوانی کڕۆنا لە شارەکانی کوردستان گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە ناوخۆی کوردستانەوە بە دەستمان گەیشتوون، ڕێژەی گیرۆدەبوونی خەڵکی شارەکانی کوردستان بە ڤایرۆسی کڕۆنا لە بەرزبوونەوە دایە و ئەمەش چالاکانی مەدەنی و خەڵکی نیگەران کردووە.

بە پێی هەواڵەکان، ڕێژەی تووشبون بە کڕۆنا لە پارێزگای کوردستان و بە تایبەت شاری سنە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار، شایەدحاڵان دەڵێن: نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە جێی بۆ وەرگرتنی هیچ نەخۆشێک نەماوە. بە پێی ئامارە دەوڵەتییەکان لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٢٩٢ کەس لە پارێزگای کوردستان بە هۆی تووشبوون بە کڕۆنا خۆیان بە ناوەندە دەرمانییەکان ناساندووە.

هەواڵەکان لە شارەکانی پارێزگای ورمێش وەک ( بۆکان، پیرانشار، شنۆ و مەهاباد) باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبووان بە کڕۆنا دەکەن؛ بە وتەی شایەدحاڵان، شەوی ڕابردوو ٣٤ حاڵەتی تووشبوون بە کڕۆنا لە ناو شاری بۆکان و ٢ حاڵەتی مردن بەو ڤایرۆسە تۆمار کراوە. لە شارەکانی مەهاباد، پیرانشار و شنۆش ٦ حاڵەتی مردن بە کڕۆنا لە ٤٨ کاتژمێری ڕابردوودا تۆمار کراون.

لە لایەکی دیکەشەوە، پارێزگای کرماشان و بە تایبەت شاری جوانڕۆ زۆرترین ڕێژەی تووشبووی هەیە کە بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی هەواڵ لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ٩٦ کەسی هەڵگری ئەم ڤایرۆسە خۆی بە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە ناساندووە و سێ حاڵەتی مردنیش تۆمار کراون.

جێی ئاماژەیە، کوردستان کە مێژوویەکی لە خەبات بە دژی کۆماری ئیسلامی هەیە و خاوەنی بزووتنەوەیەکی چالاک و زیندووە، هەموو کاتێک لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە چاوێکی ئەمنیەتی سەیر کراوە، لە سەرەتای هاتنی کڕۆنا و کەمتەرخەمی کۆماری ئیسلامی لەم لەمبارەیەوە، جارێکیتر ئەم ڕاستیە بۆ هەمووان دەرکەوتەوە کە خەڵکی کوردستان وەک ڕابردوو دەبێ بە هەوڵ و کۆششی خۆیان کڕۆنا لە بن بێنن و پێبەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان بن.

AM:09:38:11/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 309 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌