کاردانەوەی ناتانیاهۆ بە ڕاپۆڕتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی

بێنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە نوێترین کاردانەوەی بە ڕاپۆڕتی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی سەبارەت بە چالاکییە ناوەکییەکانی ئێران دووپاتی کردەوە: ئیسڕائیل ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ناوەکی لەبەر دەستدا بێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی جۆزەردان، سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لەسەر ماڵپەڕی تویتێری خۆی بە زمانی فارسی نووسی: "لە کۆتایی هەفتەدا ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ڕێگری لە بەشداری لێکۆڵەرانی ئاژانس بۆ سایتە نهێنییەکانی ڕژیم کە تێیدا چالاکی ناوەکی و نیزامی نهێنی هەبوو، کردووە.
ناتانیاهۆ وتیشی: "ڕژیمی ئێران بە شێوازی سیستماتیک پابەندییەکانی خۆی پێشێل دەکات، چ لە ڕێگەی شاردنەوەی سایتەکان و چ پیتاندن و شتی دیکە."
نابراو لە درێژەدا ئەوەشی زیاد کرد: "پێموایە کاتی ئەوە هاتووە و لەوانەیە تێپەڕیش بووبێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو ڕاستیانە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەماوەتەوە و کۆمەڵگای جیهانی دەبێت شوێن ئەمریکا بکەوێت و گەمارۆ ئیفلیج کەرەکان بە دژی ئێران درێژە پێ بدات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل لە کۆتایی دا نووسی: "قەیرانی کۆڕۆنا هیچ شتێک لە ویستی قورس و قایمی ئێمە بۆ بەرەنگاری لەگەڵ توندووتیژی ئێران کەم ناکاتەوە. دیسان دووپاتی دەکەمەوە، ئیسڕائیل ڕێگە بە ئێران نادات چەکی ناوەکی لەبەر دەستدا بێت و بە بێ وەستان بە دژی هەوڵەکانی ئەم ڕژیمە بۆ جێگیر کردنی هێزی نیزامی لە سنوورەکانی خۆمان هەنگاو دەنێین.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی ئاماژەی بە درێژەی پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم لە لایەن ئێرانەوە کرد و دووپاتی کردەوە ئەم وڵاتە گووشارەکانی لەم بوارەدا کە لە ڕێکەوتنی ناوەکی"بەرجام" دا هاتووە، پێشێل کردووە.
ڕۆژی هەینی ١٦ی جۆزەردان، ئاژانس دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی خۆی لەم بوارەدا، لە ڕاپۆرتێکی نهێنی  پێشکەش بە ئەندامانی خۆی کرد و بە پێی ئەو ڕاپۆرتە،  ڕێژەی پاشکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران بە ‌غەنای ژێرەوە تا ڕۆژی ٢٠ی مانگی مەی گەیشتووەتە زیاتر لە ١٥٧١کیلۆگرەم.
ئەمە لە کاتێکدایە ئەم ڕێژەیە لە ڕۆژی ١٩ی فێوریە، سێ مانگ پێش لەوە ١٠٢٠کیلۆگرەم بووە.
بە پێی ڕێکەوتنی ناوەکی نێوان ئێران و شەش وڵاتی زل هێزی جیهان کە لە ساڵی ٢٠١٥دا واژۆ کرابوو، پاشکەوتی ئۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران نابێت لە٨/٢٠٢ کیلۆگرەم زیاتر بێت.
ئاژانسی نێونەتەوەیی وەزەی ناوەکی نیگەرانی قووڵی خۆی لە قەدەغەکردنی ئێران بۆ بەردەست بوونی دوو سایت و بەرگری لە وتووێژ سەبارەت بە ماتریاڵ و چالاکییە ناوەکییەکان کە ئەگەری هەیە لەلایەن ئێرانەوە ڕانەگەیەندرابێت دەبڕی.

PM:03:24:08/06/2020




ئه‌م بابه‌ته 256 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌