"هیدایەت عەبدوڵڵا پوور" دوای گواستنەوەی بۆ زیندانی "ورمێ" چارەنووسی ناڕوونە

ئاسۆی ڕۆژهەڵات: بە پێی زانیارییەکان دوای تێپەر بوونی ماوەی دوو هەفتە لە گواستنەوەی "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" زیندانی سیاسی کورد کە لە زیندانی ناوەندی شاری "ورمێ" بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە و بە پێچەوانەی لێکۆڵینەوەی بنەماڵەی لە سەر دۆخی سڵامەتی و زیندوو مانی ناوبراو، بەرپرسانی زیندان هیچ وڵام و خەبەرێکیان پێ نەداون و چارەنووسی نادیارە.
هەروەها پێشتر لە لایەن بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیێندراوە کە دوای لێپرسینەوە و بە دواداچوونی بنەماڵەی "هیدایەت عەبدوڵڵا پوور" بۆ دادگای ئینقلاب، دادستان لە دادگا نەبووە و جێگری دادستان بە لەحنێکی دوور لە ڕێز ڕووی کردووە بە هاوسەری "هیدایەت عەبدوڵڵا پوور" و وتوویێتی: "مادام ئیتلاعات وڵامێکتان ناداتەوە، برۆ لە گوڕستان سۆراغی بگرە"
"هیدایەت عەبدوڵڵا پوور" ڕۆژی چوار شەممە ٢٦ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (١٥ی ژوئەنی ٢٠١٦) وێڕای دەیان شاروومەندی دیکەی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپای ئەو شارە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی ٣ مانگ لە بازداشتگای ئیتلاعاتی سپا لە ژێر سەختترین شکەنجەکان دا بوو.
لە مانگی ڕێبەندانی هەمان ساڵ لە لایەن شۆعبەی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە بەرپرسایەتی قازی "شێخلوو" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێ حە حیزبە کوردییەکان،  حوکمی ئێعدامی بەسەردا داسەپا.
 ڕۆژی دوو شەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٧ (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٨)، حوکمی ئێعدامی "هیدایەت عەبدوڵڵا پوور"، زیندانی سیاسی خەڵکی شاری شنۆ، لە لایەن شۆعبەی ٤٧ی دیوانی عالی کشوەر پەسەندکرا و بە پارێزەر و بنەماڵەی ناوبراو ڕاگەیێندرا.
هیدایەت عەبدوڵڵا پوور خێزان دار و باوکی دوو منداڵە.

AM:09:48:24/05/2020




ئه‌م بابه‌ته 133 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌