تیغێک و برینێکی هەتاهەتایی سەبارەت بە خەتەنە کردنی ژنان و کچان


ناسر خورشیدی

خەتەنەکردنی مێینە بەئینگلیزی ”female genital mutilation” ناسراوە و بە "FGM” کورت دەکرێتەوە و بریتییە لە بڕینی قیتکە (clitoris)، بەشێک یان هەموو لچی گەورە و بچووکی ئەندامی سێکسیی مێینە(Labien).” ئەم دیارەیە یانی خەتەنە كردنی ژنان و کچان تەنیا برینێکی بچووکی ژنانە نییە کە لە چوار دیواریەکاندا بمێنێتەوە یان زامێک بێت تەنیا لە لەتە تیغێک و قووماشێک و تیکەیەکی بچووکی گۆشت و چنگێک خۆڵەمێشدا شرۆڤە بکرێت. یان لە چەن دێری ئەم یاداشتەدا کۆتایی پێبێت. خەتەنەی ژنان، یەکێک لە کردەوە سەرەکیەکانی دژە ژنان و کچانە کە بە هۆی ئەم کردەوەیە یەکێک لە مافە گرینگەکانیان چێژ وەر گرتن لە جووت بوون (سێكس) لە ڕەگەزی مێینە  زەوت دەكرێت و پێشڵ دەکرێت.
سەبارەت بەخەتەنەی ژنان پێویستە دەیان سمینار و کۆڕ و کۆنفرانس بگیردرێت تا تا ئەو ڕۆژەی كە ئەم كردەوەیە بە تەواوەتی بسڕدرێتەوە و چیتر ئەم كردەوە قیزەونە نەبینین و نەیبیستین كە دیسان مەینەیەك خەتەنە كراوە یان بۆ نموونە لە هەواڵەكاندا چەن ڕۆژ پێش بیستمان كە باشووری کوردستان بووكێكی شەش ڕۆژە بەهۆی ئەوەی خەتەنە كراوە هاوسەرەكەی لێی جیا دەبێتەوە و پێی ڕازی نەبووە.
مێژووی خەتەنە:
خەتەنە شێوەیەکی ئاشکرای دژە ژن بە ئەژمار دێت و گەر لە ڕیشەی خەتەنە کردنی کچان و ژنان بکۆڵینەوە، ڕیشەکەی دەگەرێتەوە بۆ کلتوور و ئایین کە پێشینەکەی بۆ میسری کۆن و ئێستاش  دوای ئەوەی لە ساڵی ۱۹۹۷ زایینی، نایاسایی کراوە و لە ساڵی ۲۰۰٨ی زایینیەوە کراوە بە تاوان، ئێشتاش میسریەکان و ئەفریقیەکان  بەگشتی خەتەنە کردن وەک نەریتێکی کۆن باوە بۆیان و لەم باوەرەدان کە مرۆڤەکان دوو ڕەگەزین و بۆ ئەوەی ڕەگەزێكی یەکدەستیان بێت دەبێ ڕەگەزی مێینە، خەتەنە بکرێن. بۆ ئەوەی پیاوێک تەواو پیاو بێت یان ژنێک تەواو ژن بێت خەتەنەیان کردوون و ئێستاش لە وڵاتی میسردا، ژنان بە چاویی سووک سەیری ژنێک دەکەن کە خەتەنە نەکرابێت و پێی دەڵێن:" وەک پیاو وایت."
لە ساڵیانی کۆندا لە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم کردەوەیە باو بووە. ویڵ دیورانت” لە نووسینە بەناوبانگەکەیدا "چیرۆکی شارستانی" ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، خەتەنەکردن نەریتێکی کۆمەڵایەتیی باو بووە و لە سەردەمی میسرییە کۆنەکاندا ئەمکردەوەیە باو بووە. لە درێژەدا دەنووسێت لە کاتی دەسەڵاتی عیبرانییەکان و سەرهەڵدانی ئایین بۆ عیبرانییەکان گوێزرایەوە و لە رێگەی ئەوانیشەوە ئەم دابە بۆ نیمچە دوورگەی عەرەبیی گۆزراوەتەوە. هەروەها مانتێگازا، مرۆڤناسی ئیتالی ساڵی 1885 نووسیوویەتی "خەتەنەی ژنان لە میسردا داکەوتووە، چونکە پیاوانی میسریی پێیان خۆش نەبوو لە کاتی جووتبووندا ژنان بەشی هەوەس و ئیشتایان بەدەستەوەبێت."
بەڵام کۆنترین کتێب کە تێیدا باس لە خەتەنەی مێینە کراوە دەگەرێتەوە بۆ پێنج سەدە پێش لە دایک بوونی مەسیح و لە کتێبی مێژووەکان لە نووسینی مێژوو نووسی بە ناوبانگی یۆنانی هێرۆدۆتدا بەم جۆرە باس کراوە:" خەتەنە کردنی ژنان جگە لەناو میسریەکاندا لە نێو ڕۆمیەکان، ئێتیۆپییەکان و عەرەبەکانیشدا  پێش ئایینی ئیسلامدا باو بووە."
خەتەنە لە ناو ئاییندا
لە ناو دینی یەهوود و مەسیحیەتدا هیچ ئاماژەیەک و هیچ نیشانەیەک لە خەتەنەی ژنانی باوەرمەند بەو ئایینانەدا نییە مەگەر وڵاتانێک کە کلتوور زیاتر باو بێت بەسەریاندا وەک مەسیحیە ئەفریقیەکان کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەم کردەوەیە دەکرێت.
لە ناو سەرچاوە دینی موسوڵماناندا یانی قووڕئان، هیچ ئاماژەیەک بە خەتەنەکردنی کچان و ژنان نەکراوە. مامۆستا ئایینیەکان تەنیا بە گێڕانەوەی وتەیەکی پێغەمبەری ئیسلام، هەوڵ بە بەڵگەدار بوونی ئەو کارە دژە ژنە دەکەن کە بیسەلمێنن ئەم کردەوەیە یاسایەکی دینیە و تەنیا بە پێیی گێڕانەوەیەک، خەتەنە کردنی ژنان و کچانی پێ بەڵگەمەند دەکەن. ئەم گێرانەوەیەش لە ناو کتێبی مێژووی تەبەریدا کەنووسینی محەممەد جەبەر تەبەریە، هاتووە :" پێغەمبەری ئیسلام بە ژنێک کە ناسراو بە دایکە عەتییە بووە گوتوویەتی: "دایکە عەتییە کاتێک ژنێک خەتەنە دەکەی لە ئەندامی زۆر مەبڕە بۆ ئەوەی لە لای مێردەکەی ڕوخساری گەشاوە و جوان بێتە بەر چاو."
لە نێوان چوار دەستەی ئەهلی سوننەتدا تەنیا لایەنگرانی شافعین کە خەتەنە کردنی ژنان بە پێویست دەزانن، و دەڵێن پێویستە کچەکانتان خەتەنە بکرێن. بەڵام ئەحمەدی حەنبەلی، خەتەنە نەکردنی ژنان و کچان بە مەکرووە ناودەبات و تەنیا پەسەندی کردووە. یانی کەسەکان دەتوانن کچانیان خەتەنە بکەن یان نەیکەن بەڵام گەر خەتەنەی کەن باشتر دەبێت. لە نێوان شیعەکاندا جگە لە دەستەیەک بە نێوی موستەعلەوی کە لە میسر دەژین و زۆر بەربڵاو نین خەتنە کردنی کچان بوونی نییە چون عەلی ئیمامی یەکەمی شێعەکان وتوویەتی تەنیا خەتەنە کردنی پیاوان پیویستە و دەبێ بکرێت.
خەتەنە کردنی ژنان تەنیا بە گووتەیەک کە هیچ ڕوون نییە لە بنەڕەتدا ڕاستە یان نا تێکەڵی داب و نەریتی بەشێک لە کوردەکان بووە.
دەبینین لە کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور لە هێندێک لە ناوچەکانیان ئەم کردەوەیە دەکرێت. گەر بەڕاستی بۆنەیەکی دینیە بۆچی جگە لە یەک گووتە کە ناتوانین بڵێین گووتراوە یان نا هیچ بەڵگەیەکیتر بۆی نییە؟
 نەوال سەعداویی نووسەری مسری و چالاکی بە ناوبانگی بواری ژنان لەبارەی خەتەنەکردنیەوە لە کتیبی ( قضایا مرآە المصریە) دەڵێت " باوکم پێی دەوتم خودا دروستکارێکی کامڵ و تەواوە سەرجەم کارەکانی تەواو و بێ هەڵەیە بۆیە لەش و لاری ئێمەی بە جوانترین شێوە دروست کردووە بەڵام، لە شەوێکی تاریکدا ژنێك بە تیغێکەوە هات بۆ خەتەنە کردنم. ئەوکاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو پارچەیەکەی لە ئەندامی لەشم بڕی و وتی ئەوە فەرمانی خودایە، نەم دەتوانی بپرسم چۆن خودا فەرمان بە بڕینی پارچەیەکی جەستە دەکات کەخۆی دروستی کردووە."
 سەعداویی هەروەها لە کتێبی ( المرآە و الجنس) بە تەواوی دژی خەتەنەکردنی کچان دەوەستێتەوەو باس لە کاریگەریەکانی ئەو کارە نامرۆڤانەیە دەکات کە بەرامبەر کچان ئەنجام دەدرێت.
دام و دەزگا نێونەتەوەییەکان خەتەنەی ژنان لە ژێر چاودێری دین و ئایین و کلتوور بە گشتی رەدکردۆتەوە و ئەوە بە ئەشکەنجەی ئاشکرا دژی ژنان نێو دەبات.

جۆرەکانی خەتەنە:
بێگومان خەتەنەکردن وەک نەریتێک کە مێژوویەکی زۆری بڕیوە و لەچەندان کۆمەڵگادا لە ئارادا بووە و هەیە، تەنیا بە شێوازێک ئەنجام نادرێت، بەڵکوو لە شێوازی و چۆنێتیی لێکردنەوە لە ئەندامی زاوزێی مێینە جیاوازیی زۆر لە نێوان هەریەک لە جۆرەکاندا هەیە. کە 


رێکخراوی تەندروستیی  "WHO” لە لێکۆڵینەوەی ورد چوار جۆری بۆ ئەو دیاردەیە دیاری کردووە:
1- لابردنی بەشێک یان هەموو میتکە (clitoris) کەپێی دەوترێت "CLITORIDECTORY”.
2- لابردنی میتکە لەگەڵ لابردنی بەشێک یان هەموو لچی گەورە و بچووک کەپێی دەوترێ "EXCISION”.
3- لابردنی هەموو ئەندامی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێ، لەگەڵ دوورینەوە بەتەواوەتی، جگە لەهێشتنەوەی کونی میز و خوێنی سووڕی مانگانە.( پێی دەوترێت فیرعۆنی وەک خەساندنی پیاو وایە ئەمشێوەیە)"
4- ئەمجۆرە سووکترین جۆریانە کە خۆی تەنیا لە کونکردن و سمینی ئەندامەکانی زاوزێدا دەبینێتەوە ( پێی دەوترێت دوورگەی عەرەبی وەک خەتەنە کردنی پیاو وایە ئەمشێوەیە)."
بەشێوەیەکی گشتی هەر یەک لە فۆرمەکانی خەتەنەکردن لە ئاسانترینیانەوە تا دەگاتە ناڕەحەت و دژوارترینیان جگە لە دیوێکی تری مامەڵە لە دژی مێینە هیچی دیکە نییە.

کاریگەرە خەتەنە:
بەپێی بۆچوونی پزیشکەکان وپسپۆرانی دەروونی، خەتەنەکردنی مێینە چەندین دەرئەنجامی نێگەتیڤی هەیە، هەم بۆ سەر باری تەندروستی و هەم بۆ سەر باری دەروونی تاکی مێ. تا ئەو ئەندازەیەی بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سوێدییەکان خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆی ناپیتی. لەم رووەوە لێکۆڵینەوەیەکی سوێدی روونی کردووەتەوە خەتەنەکردنی مێینە دەبێتە هۆکارێکی سەرەکی بۆ ناپیتی کچان. لەوەش ترسناک و مەترسیدارتر ئەوەیە هەندێک توێژینەوەی زانستی دەریانخستووە، خەتەنەکردن دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی نەخۆشیی ئایدز کە هەندێک لە پسپۆران، خەتەنە بەیەکێک لە هۆکارەکانی گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز بۆ ژنان دەزانن.
مەترسیەکانی خەتەنە:
کاتێک ژنێک خەتەنە دەکرێت چیتر ئەو ناتوانێت تا کۆتایی ژیانی چێژێکی تەواو لە سێکس وەر بگرێت. بەپێی تۆژینەوەکانی ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی بیانوو بۆ خەتەنە کردنی ژنان بریتین لە:" یارمەتی دەری سڵامەتی هەم لە ڕوانگەی ڕۆح و ڕەوان هەم لە ڕوانگەی تەندروستی،هەروەها جوان کردنی کچان و گرینگترین بیانووشیان بۆ خەتەنە کۆنترۆڵ کردنی کچان لە بەرانبەر بە هەستی سێکسی و ڕاگرتنی کچێنی تا کاتی شووکردن و چێژی زیاتروە رگرتنی پیاوانە." بەم بیانوانە خەڵکی ناوشیار و نا ئاگا دەس دەدەنە خەتەنەی کچان، بەڵام با بزانین خەتەنە بەڕاستی چ خەتەراتێک و مەترسیەک تووشی کچان و ژنان دەکات؟
ڕێکخراوەی تەندروستی جیهانی لە لێکۆڵینەوەیەکدا باس لەو مەترسییانە دەکات وا لە ئاکامی خەتەنەی ژنان و کچاندا، کە ئەم ڕەگەزە بۆی هەیە تووشیان بێت و بەم چەشنە ناویان دەبات:" خەسار گەیاندن بە شا ڕەهەنی میز، ئیلتهابی خوێن، ئایدز، زەردوویی، سەرهەڵدانی کیست و کوان لە شاڕەهەنی میز یان زارکی ئەندامی زاوزێ، خوێن بەربوون، هێدمە(شۆک و ترس) و گیان لەدەستدان بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە کەلوپەلگەلێک کە پاک و خاوێن نین و کەڵک وەرنەگرتن لە مەڵهەم و ڕۆن بە مەبەستی چەورکردنی لەش، چڵکی بەردەوام و دریژخایەن یان تاوتاوی شاڕەهەنی میز و کاسیلکە، مەترسیی نەزۆک بوونی ژنان، خەمۆکی، سارد بوونەوە و دابەزینی حەزی جووت بوون، ڕەحەت نەبوون لە کاتی جووت بووندا(کاتی سێکس) وەستانی عادەتی مانگانە، کۆبوونەوەی خوێنی عادەتی مانگانە لە ناو سکدا و هەروەها دواکەوتن و دژوار بوونی عادەتی مانگانە و تەنانەت مردنیش."
لە رووی دەروونییشەوە خەتەنەکردن دەبێتە هۆی پەشێویی دەروونی ورۆحی، هەروەها دەبێتە هۆی خەمۆکی و نائارامی و دڵەڕاوکێ و رەشبینی و زوو هەڵچوون و تووڕەبوونی بەردەوام و بێ هۆکار و بێزاریی بەردەوام هەر لەم بوارەدا هەندێک تاقیکردنەوەی زانستیی دەیسەلمێنن: "ئەو ژنانەی لە کاتی خەتەنەکردنیاندا بێهۆش نەکراون، تووشی دۆخێکی ناجێگر دەبن و ناتوانن لە ئەندامی زاوزێی خۆیان نێزیک ببنەوە و لە کاتی جووتبووندا تووشی هیستریا دەبن و لێرەوەش ئەو ئافرەتانە ناتوانن ئارەزوو و حەزی سێکسیی خۆیان و پیاوانی خۆیان تێر بکەن.

پاڵپشتیە جیهانیەکان بۆ نەهێشتنی خەتەنە:
ڕێکخراوەی یۆنیسێڤ لە ساڵی 1990خەتەنەی کچانی پێشێل کردنی مافی کچان نێو دەبات. لە ساڵی 2008 دا، ڕێکخراوەی بهداشتی جیهانی بە هاوکاری دامودەزگا و کۆنوانسیۆنەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەتەنەی ژنان بە یەکێک لە مافە پێشێلکراوەکانی مرۆڤ نێو دەبات. لە ساڵی 2003 بەم لاوە هەموو ساڵێک 6ی فێبریواری بە ڕۆژی دژایەتی لەگەڵ خەتەنەی ژنان ناونراوە.

کۆتایی:
لەهەر ڕوانگەیەکەوە چاو لە خەتەنە بکەین کارێکە بە تەواوەتی دژی ژن و مافەکانی ژنان کە بەداخەوە ئێستاش بینەر و بیسەری ئەو کارەین و هەڵسووکەوتێکی دڵخۆشکەر بۆ لە ناو بردنی ئەو کردەوەیە چ لە لایەن چالاکانی مافی مرۆڤ و چ لە لایەن حکومەتەوە نابینین. کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ هەنگاو و هیچ یاسایەکی بە دژی خەتەنە کردنی کچان و ژنان دانەڕشتووەو هەڵنەهێناوە و بەتەماش نییە بیکات و هەروەها میدایاکانیش ئەو جۆرەی کە دەبێ گرینگی پێبدەن، نایدەن و دەبینین زۆرینەی میدایاکان سەبارەت بە خەتەنە کردنی ژنان و کچان بەرنامە و پرۆگرامێکیان نەبووە و بۆ بە ئاگاهێنانی کۆمەڵانی خەڵک تا بتوانن ڕێژەی ئەم کردەوە قیزەونەکەم بکەن و تا بگات بە سیفر و لە بێین بچێت.
بەڵام با سەرنجێکیش سەبارەت بە ژنان لەم یاداشتەدا بنووسم:
 لە خەتەنەدا یەک شت جێگای سەرنجە کە خەتەنەی ژنان بەدەستی ژنان دەکرێت و دایکانن کە مەڕاسمی خەتەنە کردن بەڕێوەدەبەن. ژنانێک کە خۆیان قوربانی ئەم دیاردەیە بوون کچانی خۆیان قوربانی دەکەن لە راستیدا میکانیزمێکی کولتوری پیاوسالارانە بۆ زیندانی کردنی ژن بۆ بەدیل گرتنی زیاتری ژن و کۆنترۆڵ کردنی هەستی ژن و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگادا. ئایا ژنان بە ئاگان لەم کردەوەیەی خۆیان و قوربانی کردنی کچانی خۆیان؟
ئەی چالاکانی بواری ژنان لە کوێن؟
کوان بەرنامە و پرۆگرامیان بۆ بە ئاگاهێنانی کۆمەڵگا سەبارەت بە خەتەنە؟
زۆر پرسیار تر هەیە سەبارەت بە ئەو کەسانەی خۆیان پێ چالاکی ژنانە بەڵام با بۆ ئەم یاداشتە بەس بێت.


AM:11:08:08/02/2020




ئه‌م بابه‌ته 222 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌