مارک میلی: هیوادارین هەوڵە دیپلۆماتیکەکان پرسی ناوکی لەگەڵ ئێران چارەسەر بکات

ژێنێرال مارک میلی، بەرپرسی ستادی هاوبەشی هێزەچەکدارەکانی ئەمریکا، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی خەزەڵوەر لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵنێری ئەی بی سی، لە وڵامی دەرەنجامی هەنگاوە ناسەقامگیرە ناوکەییەکەی ئێران و چالاکییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی لە فۆردۆ وتی: "کۆماری ئیسلامی لە کاتی شۆڕشی ساڵی ٥٧وە چالشێک بووە بۆ ئێمە. هیوادارین کە هەوڵە دیپلۆماتیکەکان، پرسی ناوکی و بابەتی بەرهەم هێنانی چەکی ناوکی لە لایەن ئیرانەوە چارە سەر بکات."
هەروەها لە بەشێکی دیکەدا وتەکانی دا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێمە باوەڕمان بە هەنگاوە دیپلۆماتیکەکان هەیە و لەهەمان کاتیشدا هەوڵ دەدەین لە ئاستێکی شیاو لە توانایی نیزامی خۆمان لە ناوچەکە بۆ پارێزگاری لە بەرژەوەندی ئەمریکا لە کاتی پێویست کەڵک وەربگرین."
گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پاش بەردانەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکا لە ڕۆژی ٣٠ جۆزەردانی ئەمساڵ لە لایەن سپای پاسدارانەوە چووە قۆناغێکی دیکەوە.
سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەموو کات باسی لە بژاردەی سەربازی دژی ئێران بۆ وەستاندنی هەوڵە شەڕەنگێزییەکانی ئێران لە ناوچە و چالاکییە گوماناوییەکانی لە بواری ئەتۆم دا ڕەت نەکردووەتەوە.

PM:02:44:11/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 127 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌