ڕاگەیاندنی کۆتایی ١٤یەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران


رۆژی پێنج شەممە ٩ی خەزەڵەوەری ١٣٩٨ی هەتاویی (٣١ی ئوکتوبری ٢٠١٩ی زاینیی) ١٤هەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران  لەبارەگای ناوەندیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.
لەم كۆبوونەوەیەدا ناوەند چاوخشاندنێکی بەسەر دوایین ڕووداوەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و دەرس و ئەزموونەکان و کاردانەوەی لەخەباتی گەلی کورد بە گشتیی و بەتایبەتی لەسەر کوردستانی ئێران كرد و لەسەر ئەم بابەتە ناوەندی هاوکاریی هێرشی داگیراکارانەی تورکیە بۆ سەر خاک و خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا بە ناڕەوا و  دوور لەپرەنسیپ و یاسا نێونەتەوەییەکان ئەزانێت و جەخت لەسەر پشتیوانی لەبزووتنەوەی ڕزگاریخۆازانەی گەلی کورد لە  کوردستانی ڕۆژئاوا دەکاتەوە وداوا لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی رۆژاوای کوردستان ، هەوڵ بۆ پێکهێنانی ناوچەی ئەمن لەژێر چاودێری ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بدەن , هاوكات ناوەندی هاوکاری لەسەر یەکڕیزی ویەکیەتی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا جەخت دەکاتەوە و  لەو باوەرەدەایە کە پاراستنی خەڵک و خاکی رۆژاوای کوردستان لەیەکڕیزی و یەکیەتی حیزب و لایەنە سیاسیەکانی ئەو بەشەی کوردستان دایە.ناوەندی هاوکاری لەگەڵ ئەوەی پشتیوانی لەخەباتی گەلی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان دەکات ڕێز لەئیرادەی گەلی کورد و سەرکردایەتی سیاسی کورد لەهەر کام لەبەشەکانی کوردستان دەگرێت . ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بە پشتیوانی خەڵکی کوردستانی ئێران لە رۆژاوای کوردستان ڕادەگەیەنێت و ڕێز لەهەستی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانی ئێران دەگرێت.
 
له تەوەریكی تردا پێشنیاری گرتنی کۆبوونەوەی ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ ئاشنا کردنی کۆڕ و کٶمەڵە سیاسییەکانی کورد و نوێنەرانی ئۆپوزیسیۆنی ئێرانی لە سیاسەتەکانی ناوەندی هاوکاری و بزووتنەوەی ماف خوازی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران  و روانگەی ناوەند لە سەر سیستمی داهاتووی ئێران بە گۆتارێکی یەکگرتووانە و ئامانج دارو ستراتیژییەکی هاوبەش ئەم کۆبوونەوانە بەڕێوە ببات.ناوەند بڕیاری دا لەسەر ئەم بابەتە کاری زۆرتر و چڕوپڕتر بکرێت.
تەوەری سێهەم ئه م دانیشتنه سەردانی هەیئەتێکی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات  بەمەبەستی وەگەرخستنی دیپلۆماسی هاوبەش بوو و بڕیاری دا بۆ پێک هێنانی هەیئەتەکە و  چۆنیەتی کاری دیپلۆماسی  ئامادەکاریی زۆرتر و شیاوتر بکات.
 
له تەوەریكی تردا چاوخشاندنێک کرا بەسەر کۆبوونەوە و کۆنفرانسەکانی دەرەوەی وڵات کەلەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بەڕێوە چوون بڕیار درا لە هەر کۆبوونەوە و کۆنفرانسێک کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانی ئێران و لە ئاراستەی سیاسەت و ستراتیژی ناوەند دا بێت،پشتیوانی بکات.
 
 
ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویی (٣١ ی ئوکتوبری ٢٠١٩ زاینیی)

PM:04:29:02/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 229 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌