ئادرەسەکە هەڵەیە!


ئاسۆی ڕۆژهەڵات/ سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ لە ڕاپۆرتی نوێی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ دا نۆ و نیو لەسەت (٩.٥) بچووک تر دەبێتەوە. بە پێی ئەم ئامارە ئابووری ئێران ڕێکۆردی پێوانەی نوشستی ئابووری خۆی لە ساڵی ١٩٨٤ی شکاندووە کە ئەو کات ئێران لە شەڕدا بوو لەگەڵ عێراق.
ڕێکخراوی سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ هەر شەش مانگ جارێک ڕاپۆرتێک دەربارەی دۆخی ئابووری ناوچە جیاجیاکانی جیهان دەخاتە ڕوو. لە ڕاپۆرتی پێشووی ئەم ناوەندە باس لەوە کرابوو کە ئێران لە ساڵی داهاتوودا ئابوورییەکەی ٦٪ لە دۆخی ئێستای بچووکتر دەبێتەوە. بەڵام لە ڕاپۆرتە نوێکەی دا ئەم ڕێژەیەی گۆڕێوە و باس لەوە دەکات کە ئابووری ئێران ٩.٥٪ بچووکتر دەبێتەوە.
ئەم ڕێکخراوە جیهانییە کە بڕیارەکەی کاریگەری گەورەی لە سەر ئابووری وڵاتانی جیهان هەیە بۆ بڕیار و ڕاپۆرتەکان سێ خاڵ لەبەرچاو دەگرێت کە بریتین لە؛
١. بەدواداچوون بۆ گۆڕانکارییە ئابووری و داراییەکان. ئەم ڕێکخراوەیە کارنامەی ئابووری وڵاتان و ڕیسک و ئەگەری مەترسییەکانی وەک شەڕی ئابوورییەکان تاوتوێ دەکات.
٢. ڕاوێژ دەدات بە ئەندامانی ئەم ڕێکخراوەیە بۆ باشتر کردنی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان
٣. دانی قەرزی کورت ماوە بۆ یارمەتی دان بە هەستانەوە و زاڵ بوون بە سەر کێشە ئابوورییەکانیان.
ئەو خاڵان بۆیە ئاماژەیان پێدرا کە دەربکەوێت کاتێک ناوەندێکی گرنگی وەک سندووقی نێونەتەوەی دراو بە ڕاپۆرتەکەی دا دەچێتەوە بۆ ئەوەی کە پێشووتر بە پێی هەڵسەنگاندنەکانی ئێران ٦٪  ئابوورییەکەی بچووکتر دەبێتەوە و دواتر ڕایدەگەیەنێت کە نا، ئابووری ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٩.٥٪ بچووکتر دەبێتەوە، واتە کاریگەری گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ڕژیمی تاران کاریگەرتر لەوەیە کە تەنانەت ناوەندی لەو شێوەیەش بە لاڕێ دا دەبات.
لە پاساوی ئەم دۆخە نالەبارەی ئابووری ئێران، بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی باس لە کاریگەری گەمارۆکان دەکەن و ئەوباڵی دۆخی ئێستای ئێران دەخەنە ئەستۆی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی. تەنانەت حەسەن ڕووحانی بە بەڵێنە هاتە سەرکار کە گۆیا ئەو دەتوانێت بە شکاندی گەمارۆکان شکۆفانەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری دێنێت و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە ئەو بڕی ١٥٠ میلیارد دۆلارەی کە لە بری «بەرجام» چنگی کەوت، نەک بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی خەڵک تەرخانی نەکرد، بەڵکوو ڕێک چووە خزمەت سیاسەتە شەڕەنگێزییەکانی کۆماری ئیسلامی کە دیارییەکی جگە نەدار و هەژاری و نەهامەتی بۆ خەڵکی ئێرانی پێ نەبوو.
خاڵی جێی سرنج لەم بابەتە ئەوەیە کە ئەوە هەڵە و ناڕاستییەکی گەورەیە کە ئەوباڵی دۆخی خراپی ئێستای ئێران لە ئەستۆی گەمارۆکانی ئەمریکایە، بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەم گەمارۆیانە بڕبڕی پشتی ئابووری ئێرانی شکاندووە، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخەی ئێستای ئێران سیاسەتە هەڵە و چەوت و شەڕخوازانەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە بە تەرخان کردنی سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بۆ دەستێوەردانە خوێناویی و تێکدەرانەکانی لە ناوچەکە و لە جیهاندا بووە. بە سەدان میلیارد دۆلار سامانی خەڵکی ئێرانی خەرجی پرۆژەی ناپێویست و گوماناوی ئەتۆمی کردووە، سیستمی ڕانتی و گەندەڵ پەروەری ئابووری کۆماری ئیسلامی کە هەر ڕۆژە و بەرپرسێکی ئەو ڕژیمە بە سەدان میلیارد دۆلارەوە لە ئێران ڕا دەکەن و بێ بەرنامەیی لە گەشە پێدان بە ئابووری ئێران کە سەرچاوە لە فرمانەی خومەینییەوە دەگرێت کە وتی؛ ئابووری هی کەرە!، داریان داوە بە ڕۆحی ئابووری ئێرانەوە.
ئادرەسەکە هەڵە نەچین، دۆخی ئابووری خراپی ئێستای ئێران تەنیا یەک بەرپرسی هەیە و ئەویش ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە. ئێران وڵاتێکی دەوڵەمەندە و هەموو جیهانیش ئەوە دەزانێت و هەمووان و تەنانەت بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیش دەزانن بە بێ گۆڕان لە سیاسەت دا، هیوایەک بۆ باشتر بوونی دۆخی ئابووری ئێران نییە. کۆماری ئیسلامی یان دەبێ سیاسەتەکانی بگۆڕێت، یان دەبێ خۆی بگۆڕدرێت.


AM:11:31:02/11/2019




ئه‌م بابه‌ته 77 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌