"ژنەپێشمەرگە، ئەی پێشمەرگەی ژن" پەخشانە شیعری کاک سەلاحودینی موهتەدی بۆ داد مەلەکە مستەفاسوڵتان لە یادی گیانبەخت کردنی دوکتور جەعفەر شەفیعی

 "ژنە پێشمەرگە، ئەی پێشمەرگەی ژن" ناونیشانی ئەو پەخشانەیە کە پاش گیان بەخت کردنی "دکتور جەعفەری شەفیعی"، ئەدیب، کەسایەتی ناسراو و سیاسەتمەداری گەورەی کورد کاک "سەلاحودین موهتەدی" لە توێی نامەیەک دا بۆ هاوخەمی و هاوسۆزی لەگەڵ داد "مەلەکە مستەفا سوڵتان" هاوسەری دکتور جەعفەر و خوشکی ٥ شەهیدی کۆمەڵە دەربڕیوە، نووسراوە. شێوە نووسینەکەی کاک سەلاحودین "پەخشانە" و یەکێک لە دەقە بەهێزەکانی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردە.

جێی ئاماژەیە کە ئەم "پەخشانە" لە لایەن هونەرمەندی ناسراوی کورد "مامۆستا ناسری ڕەزازی" بە مەقام وێژراوە و خۆی ئەو بەرهەمەش لە زومرەی ناوازەترین بەرهەمە هونەرییەکانی کاک ناسری ڕەزازییە.

 

"ژنە پێشمەرگە، ئەی پێشمەرگەی ژن"

 

دەمەوێ لەگەڵت بدوێم و دڵم نایە

نازانم بەم نامەیە دەت لاوێنمەوە یا دەتکولێنمەوە

دەمەوێ لەگەڵت بدوێم ئەی ژیلەمۆی دامرکاوی شەش سکڵی سوور

دەمەوێ لەگەڵت بدوێم ئەی پەیکەری پەژارە و ڕەنج

پڕ ژان ترین زامی کوردستان

خۆشکی کاک فۆئاد، خێزانی دکتور جەعفەر

ئەی کۆترە باریکەکەی سەرشین و باڵ خوێناوی

حەوت ساڵان بە خۆت و خەمە مەزنەکەتەوە

ببووی بە نێچیرێکی دەستەمۆ و خزا بوویە سای شاباڵی بازێکی بەرزە فڕ

کە سەبووری و دڵنیایی دەبەخشی بە تۆ و

دەوڵەت و دەسەڵاتی بە دیاری دێنا بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کوردستان

ئەو دەستەی هەتووانی خۆشەویستی دەنایە سەر برینی دڵی تۆ

دەیەویست دەردی گەل دەرمان بکا

ودمی هەناسەی مەسیحای سەردەمی وشیار بوونەوە و ڕاپەڕینی ئینسان

نەک بەرخی بازرەی مێرگە درۆیینەی ئاسمان

بەڵکوو ڕەنجبەرانی سەر ئەم سەرزەمینە خاکییەی دەبووژاندەوە

بەڵام ئێستا

نە سایەی شاباڵێکی بەرزەفڕ، نە هەتووانی دەستی یارێکی خۆشەویست

نە ودمی هەناسەی مەسیحای سەردەم

ئێستا تۆ تەیرێکی باڵ شکاوی

کەوتە و ڕەوتە، شڵ و شەکەت لە لووتکەی تاڵەسوار هەڵدەفڕی و لە داوێنی ئاسنگەران دەنیشێیەوە

دەسا کۆترە باریکەکە باڵ بوەشێنە سنوور بپەڕێنە و چاوی فرمێسکاوی هەڵێنە

لەم پەڕ تا ئەوپەڕی کوردستان گۆمی خوێنە

ئەی کیژی پێنج برا کوژراو

ئێستا خەمی نوێی جێی بە خەمی کۆن لێژ کردووە و لە ناو دەریایەک دێ و دوژمن دا

چاوت بڕیوەتە ترووسکەی نیگایەک، دڕی دەدا بە شەوەزەنگ

بڵێسەی زمانێک گڕی هاواری بەر دەدایە جەستەی جیهانی بێ دەنگ

نەشتەری قەڵەمێک کوانی کۆنی کۆمەڵی دەدرکاند

داگیرکەر و چەوسێنەری یەکسان دەترساند

ڕچەی بۆ مێژووی نوێ دەشکاند

بەڵام ئێستا، نە ترووسکەی نیگا و نە بڵێسەی زمان و نە نەشتەری قەڵەم

ئێستا تۆ توولە نەمامێکی، توولە نەمامێکی باریکی کەناری ڕووباری شین بووی لە کوردەواری

بەدەم کزەی زریانی پاییزەوە

بەژنی بریندار و بیمارت ڕادەژێنی و خەونی سەوزی شنەی شەماڵی بەهار دەبینی

دەسا نەرمە لەوێنەکە

گەردنی شووشت شۆڕکەوە و بڕوانە ئاوێنەی چەم

وێنەی چوار کەلەپچەت دەخاتە بەر دەم

ئەی یادگاری خۆشەویستی، خۆشەویست ترین خۆشەویستەکانی کوردستان

ئەگەر تاڵە سوار و ئاسنگەران ڕاگوێزران

ئەگەر ڕووبار کەلەپچە بکرێت، ئەوا کاک فوئاد و دکتور جەعفەریش دەمرن

ئەگەر مێژوو بوەستێ، کورد ڕزگاری نەوێ و کرێکار سۆسیالیزمی نەوێ، خەبات بخەوێ

ئەوا کاک فوئاد و دکتور جەعفەریش دەمرن

بەڵام ئەی ژنە پێشمەرگە، ئەی پێشمەرگەی ژن

هاوسەر و هاوسەنگەری تۆ، هاوسەر و هاوسەنگەری تۆ ڕۆڵەی مێژوو

ڕێبەری گەل، تۆو چێنی وشە و دەنگ لە سەر کێڵگەی بیر و کار

لە تاریکستانی مەرگا دەمی گەیشتە ئاوی ژیان و بوو بە خێدری زیندەی هەژاران

ئێستا تۆ ڕێبوارێکی ڕبەنی، پڕ لە پرس و ترس و تاسە

 هەڵوەدا و تەنیا باڵ سەری خۆت هەڵگرتووە

سەری خۆت هەڵگرتووە و کۆڵان بە کۆڵان، جادە بە جادە

 کەوتوویتە شوێن یادی پڕسۆز و پیرۆزی یارێک

کە لە چیرۆکی منداڵان دا، لە سروودی لاوان دا

لە تابلۆی هونەرمەندان دا، لە گوللەی پێشمەرگان دا

لە خشتی کوورەخانان دا، لە ماشێنی کارخانان دا

دەی دۆزییەوەو و دەی ناسییەوە

ئەی پەپوولە زێڕینەکە

داگیرکەران لە سەر نەقشەی جۆغرافیا چوار مێخەیان کێشاوی

دەسا هەوڵێ، هیمەتێ، خۆت ڕاچڵەکێنە داوی دیلی ببسێنە

خوار و ژوور، گەرمێن و کوێستان، لەم گوڵ بۆ ئەو گوڵ

لەم چڵ بۆ ئەو چڵ، بفڕە و بنیشەوە

بۆنیان پێوەکە و بینیان پێوە نێ

هیچ یان مەبوێرە و هیچ یان هەڵ ماوێرە

سەرتاپای ئەم کوردستانە ڕەنگینە یادگاری عەشقی شیرینە

بست بە بستی ئەم خاکە خەم بارە گڵکۆی تازەی یارە

 


PM:03:04:30/10/2019




ئه‌م بابه‌ته 79 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌