فیفا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک جارێکی دیکە خوازیاری ئامادەیی ژنان بوو لە یاریگاکانی ئێران

ئاسۆی ڕۆژ/ لە کاتێکدا کە بەرپرسانی وەرزشی کۆماری ئیسلامی دەڵێن؛ ژنان تەنیا دەتوانن بۆ یاریی هەڵبژاردەی ئێران مافی چوونە ژوورەوەیان بۆ یاریگا هەیە، جارێکی دیکە سەرۆکی فێدراسیۆنی جیهانی فوتباڵ پێی لە سەر ئەوە داگرت کە ژنان مافی ئەوەیان هەبێت بچنە یاریگاکان.

ئەم بەیانییە ڕۆژی پێنج شەممە ٢٨ی خەرمانان لە ماڵپەڕی ڕەسمی فیفا بڵاو کراوەتەوە، جیانی ئینفانتینیۆ وتوویەتی کە من هیوادارم فێدراسیۆنی ئێران و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێوەندییە یەک لە دوای یەکەکانی ئێمە بۆ پێڕاگەیشتن بە دۆخی قبووڵ نەکراوی ژنان لەمبارەیەوە، قبووڵ بکەن. 

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە لیژنەیە بە نوێنەرایەتی فێدراسیۆنی جیهانی فوتباڵ لە ئێرانن و چاوەڕێی بەشداری ژانان لە یاریگاکانی ئێران. 

پێشووتر فێدراسیۆنی جیهانی تۆپی پێ تا ٩ی خەرمانان مۆڵەتی دابوو بە ئێران کە پرسی بەشداری کردنی ژنان لە یاریگاکان یەکلایی بکاتەوە. 

مەرجەع و مەلا شیعەکانی بازنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، بەشداری ژنان لە یاریگاکان بە حەرام دەزانن و لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو کۆماری ئیسلامی تەنیا وڵاتێک بووە لە جیهاندا کە مافی ئەوەی نەداوە ژنان بۆ سەیری یاری تۆپی پێ، لە یاریگاکان ئامادە بن. 

پرسی چوونە ژووەرەوەی ژنان بۆ یاریگا و ستادیۆمەکان پاش خۆسوتاندنی سەحەر خودایاری ناسراو بە کچە شینەکە، جارێکی دیکە لە کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان هاتەوە ئارا، بەڵام بەرپرسانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرەڕای گوشارەکانی فیفا، ڕایانگەیاندووە کە ژنان دەتوانن تەنیا بۆ سەیری یارییەکانی هەڵبژاردەی ئێران، مافی چوونە ژوورەوەیان بۆ یاریگا و ستادیۆم هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٣١ی خەرمانان یاری دوو تیمی ئیستقلال و پێرسپۆلیس لە تاران کە بە دێربی دەناسرێت کاتژمێر ٤ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئێران بەڕێوە دەچێت، فیفا چاوی لەوەیە کە ئایا ژنان مافی ئەوەیان پێ دەدرێت بچنە ناو یاریگای ئازادییەوە و لە نزیکەوە یارییەکە ببین یان نا؟

فیفا دەڵێت؛ کۆسپێکی ئەوتۆ لە سەر ڕێی چوونە ژوورەوەی ژنان بۆ یاریگاکان نییە. ئەمە لە کاتێک دایە کە مەراجعی تەقلیدی شیعە و بەرپرسانی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئەوە بە پێچەوانەی شەریعەتی ئیسلامی دەزانن. 


AM:10:00:22/09/2019




ئه‌م بابه‌ته 645 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌