مەریوان/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕێز لێنان لە ساڵیادی شەهیدانی ٣ی خەرمانان + وێنه‌

بە پێی هەواڵ و زانیاری و وێنە و ڤیدیۆکان لە مەریوانەوە ڕێ و ڕەسمی ڕێزلێنان لە شەهیدانی سەوزی ٣ی خەرمانانی ساڵی ڕابردوو لە گۆڕستانی دارسێرانی مەریوان بە بەشداری ئاپۆرەی جەماوەری چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکی شاری مەریوان و دەورووبەری بەڕێوە چوو.

ئەم ڕێ و ڕەسمە لە لایەن کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی شاری مەریوان و ژینگەپارێزانی مەریوانەوە ڕێکخرابوو. 

ئەم ڕێ و ڕەسمە کاتژمێر ٥ پاشنیوەڕۆ بە سروودی "پەلکی داری شادین ئێوە هەرگیز نامرن، نامرن ئاگر هەڤاڵان، ئێوە کڵپەی ئاگرن” وێڕای وتنەوەی بەشداربووان دەستی پێکرد.

لەو ڕێ و ڕەسمەدا لە توێی چەند بڕگه‌ و بابه‌ت و وتار و دانانی تاجه‌گوڵینه‌ی وه‌فا له‌ سه‌ر گۆڕی وه‌و شه‌هیدانه‌ ڕیز گیرا لە شەهید بوونی دوو کەس لە ژینگەپارێزانی مەریوانی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری "ئەنجوومەنی چیای سەوز”ی مەریوان كاك شه‌ریف باجوه‌ر و كاك ئومید كۆنه‌پۆشی و كاك ناسر بانووچ کۆڵبەرێکی کوردی مەریوانی کە لە هەمان ڕۆژ کەوتە سەر مین و بەداخەوە گیانی لە دەست دا. جێی ئاماژەیە کە ناسر بانووچ ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ و لە ڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵە بوو.
كاك شه‌ریف باجوه‌ر ژینگه‌پارێزی ناسراوی كوردستان و كاك ئۆمید کۆنەپۆشی ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی چیای سەوزی مەریوان ساڵی ڕابردوو بە مەرگێکی گوماناویی لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرێک کە لە دارستانەکانی نێوان مەریوان و سەقز کەوتبوویەوە، گیانیان لە دەست دا و دواتر تەرمەکانیان لە گۆڕستانی دارسێرانی مەریوان بە خاک ئەسپەردە کرا.
 

ئەم ڕێ و ڕەسمە لە کاتێکدا بە بەشداری بەرینی خەڵکی مەریوان بەڕێوە چوو کە پێشووتر ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هاوکات لەگەڵ گیان بەخت کردنی ئەو شەهیدان ریکلامی بۆ بەڕێوەبردنی ڕێ و ڕەسمی شایی و هەڵپەڕکێ دەکرد لە زەریاچەی مەریوان، بەڵام خەڵکی مەریوان وەک وەفایەک بۆ ڕۆڵەکانی خۆیان ئەو ڕێ و ڕەسمە دەوڵەتییەیان بایکۆت کرد.

جێی ئاماژەیە کە هاوکات لەگەڵ گیان لە دەست دانی کاک شەریف باجوەر، ئۆمێد کۆنەپۆشی و ناسر بانووچ دوو پێشمەرگەی فیداکاری کۆمەڵە بە ناوەکانی ئەرسەلان جەوزاک و پەروێز عەبدی لە ناوچەی وەلەژیری مەریوان کەوتنە بۆسەی بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و گیانی ئازیزیان لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵە بەخت کرد. 



PM:08:49:25/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 271 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌