ئێران/ نرخی هەڵاوسان (گرانی) گەیشتە ٤٢.٢٪

ئاسۆی ڕۆژ/ نرخی هەڵاوسان یان بە واتایەکی دیکە گرانی لە گەلاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی بۆ خەڵکی ئێران گەیشتە ٤٢.٢٪ و هەر بە پێی ئەم زانیارییە بە بەراود لەگەڵ مانگی ڕابردوو ١.٨٪ بەرز بۆتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، نرخی هەڵاوسانی خاڵی لە گەلاوێژی ئەمساڵ گەیشتۆتە ٤١.٦٪ واتە هەر خیزانێکی ئێران بە شێوەی مامناوەندی ٤١.٦٪ زیاتر لە مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ بۆ کڕینی کۆی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، پارەیان داوە.

سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی دەربارەی گەشەی ئابووری و نرخی هەڵاوسان، ڕاپۆرتی دابوو کە نرخی گەشەی ئابووری ئێران ٦٪ ژێر سفرەوەیە و هەڵاوسانیش لە ساڵی ٢٠١٩ی زایینی دا بۆ سەرو ٥٠٪ بەرز دەبێتەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی سندووقی نێونەتەوەی دراو چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ٦ زلهێزی جیهان و سەپاندنی گەمارۆی جەرگ بڕ لە دوو کەرتی نەوت و سیستمی بانکی ئێران، هۆکاری سەرەکی دابەزینی گەشەی ئابووری ئێران بۆ ژێر -٦٪ و هەڵاوسانی ٥٠٪ ـییە.

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەهۆی سیاسەتە شەڕەنگێز و ئاژاوەگێڕییە ناوچەی و جیهانییەکان و پشتیوانی لە تیرۆریزمی نێو دەوڵەت و هاوکات چالاکییە گوماناوییە ئەتۆمییەکان لە لایەن ڕۆژئاوا و بە تایبەتی ئەمریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ڕۆیتێرز و وتەی مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا فرۆشی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە ڕۆژانە ٢.٨ میلیۆن بۆشکە بۆ ڕۆژانە ١٠٠ هەزار بۆشکە لە ڕۆژدا دابەزیوە و ئەمە بۆ ئابووری وابەستەی ئێران بە نەوت، زەربێکی جەرگبڕە.


AM:11:20:24/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 131 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌