ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ لە یەکساڵی ڕابردوودا ٢٥٣ کەس لە سێدارە دراون

ئاسۆی ڕۆژ

جاوید
ڕەحمان، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێران، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا دەڵێت کە لە یەک ساڵی ڕابردوو ئازادی ڕادەربڕین لە کۆماری ئیسلامی بەرتەسکتر بۆتەوە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و لەوانە مافی ژیان، ئازادی و مافی دادگایی دادپەروەرانە، بەردەوام بووە و ڕێژەی ئیعدام کردنەکان گەیشتۆتە ٢٥٣ کەس

دۆخی مافی مرۆڤ لە دووەمین ڕاپۆرتی دەورەیی جاوید ڕەحمان بە ناونێشانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی هەینی ٢٥ی گەلاوێژ لە شوێنی کۆبوونەوە گشتییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان خرایە ڕوو

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەگەرچی ساڵی ڕابردوو ڕێژەی ئیعدامەکان لە ئێران لەچاو ساڵی ٢٠٠٧ گەیشتووە، بەڵام "ئێعدام لە ئێران یەکێک لە بەرزترین ئامارەکانی ئیعدام لە جیهان دایە. "

لەم ڕاپۆرتەدا نووسراوە کە لە یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامی ٨٠ تۆمەت و لەوانە "شەڕکەر لەگەڵ خودا (موحارەبە)، "گەندەڵی سەر زەوی (افساد فی الارض)، "کفر کردن، "سووکایەتی بە پێغەمبەرسزاکەیان لە سێدارە دانە کە ئەمە بە پێچەوانە ڕێکەوتنە نێونەتەوەییەکانی مافە سیاسی و مەدەنییەکان جیهانە و تاوانی دەوڵەتی ئەژمار دەکرێت.

جاوید ڕەحمان لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی باس لە ئێعدام و لە سێدارەدانی ٧ منداڵ دەکات لە یەکساڵی ڕابردوودا. ناوبراو باس لەوە دەکات کە یەکێک لەو ٧ منداڵە تەمەنی ١٧ ساڵ بووە کە لە ژێر ئەشکەنجەدا دانی بە تاوانەکەی کە دەستدرێژی و دزی بووە ناوە و لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە ئیعدام کراوە

ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها بە ئاماژە بە وتەکانی میشێل باشلە، کۆمیسێری باڵای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە ئیعدام و لە سێدارە دانی منداڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەکراوە و دەبێ بە زووترین کات کۆتایی پێ بێت

جاوید ڕەحمان هەروەها لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە دەستگیری و زیندانی کردنە بە لێشاوەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە. لە لایەکی دیکەوە باسی لە دەستگیری ئەو شارۆمەندانەی کردووە کە دوو نەتەوەیین و پێش بە دەستپێڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە پزشکییەکان گیراوە و بە پێی ڕاپۆرتی ناو براو ٣٠ دۆسییە لەوبارەیەوە لە ئارادان و هیچ پێشکەوتنێکیش لەو بارەیەوە نابینرێت.

ڕەحمان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بە داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ، کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان، پارێزەران، ڕۆژنامەنووسان و بنەماڵەی ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی کرێکاری و ژنانی ناڕازی بە حیجاب و پۆششی زۆرەملی بە هەڕەشە، ئەزییەت و ئازار و مەترسی دەستگیرییان دەکات.

یەکێکی دیکە لە تەوەرەی ڕاپۆرتەکەی جاوید ڕەحمان گوشار هێنان بۆ سەر کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکانە و دەڵێت کە ٣٥٠ بەهایی لە ئێران دەستگیر و زیندانی و ئەشکەنجە و ئازار دراون.

لەو ڕاپۆرتەی ڕێپۆرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لە بەرامبەر کەمایەتییە نەتەوەییەکان عەرەبی ئەهواز، تورک، بەلووچ و کوردەکان گیراوە.

جاوید ڕەحمان هاوینی ساڵی ڕابردوو وەک نوێنەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری مافەکانی مرۆڤ دەستنیشانکرا. ئەو بوو بە جێگرەوەی عاسمە جەهانگیر کە لە فێڤرییەی ٢٠١٨ گیانی لە دەست دا


PM:03:04:19/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 105 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌