ئێران/ لە هەر ٣ بێکار، ١ یان خاوەن بڕوانامی زانستگاییە!

چاودێری کۆمەڵەی باڵای نوێنەرانی کریکاری ئێران دەڵێت؛ ڕێژەیەکی زۆری بێکارانی ئێستای ئێران خاوەنی بڕوانامەی زانستگایین.

حەمید ڕەزا ئیمام قولی تەبار لە لێدوانێکی دا بۆ ڕۆژنامەی تەسنیمی سەر بە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بە خستنەڕووی ئامارەکان دەڵێت؛ ئامارەکانی ناوەندی و بەرپرسانی پێوەندی دار دەریدەخات کە زیاتر لە ٤٠ لە سەتی خاوەن بڕوانامەکان لە زانستگاکانی ئێران پیشە و کارییان نییە و بە دڵنیاییەوە ئامارە ڕاستەقینەکان زیاتر لەو ڕێژەیەن کە ڕاگەیەنراون. ئەم ئامارە دەڵێت کە ڕێژەی بێکاری خوێندەواران و نەخوێندەوارانی بێکار لە ئێران ١ بە ٣ کەسە کە ئامارێکی سەرسووڕهێنەرە.

تاوتوێ کردن و لێکۆڵینەوە مەیدانییەکان جیا لەو ئامارە ڕەسمییانە دەریدەخەن کە ڕێژەیەکی زۆر لە خاوەن بڕوانامە زانستگاییەکان ئەگەر کار دەکەن، پیشەکەیان جیا لەو زانستەیە کە لە زانستگا دەرسیان بۆ خوێندووە. ئەمەش ڕاستییەکی تاڵی دیکە دەخاتە ڕوو کە شێوەی فێرکاری و پەروەردە بووە و هاوسەنگییەک لە نێوان سیستمی ئامووزش و پەروەردە و بازاڕی کار بوونی نییە.

لە کوردستان بەشێکی بەرچاوی ئەو خوێندەوارە کوردانەی کە خاوەن بڕوانامەی زانستگایین لە ئێران، ئەمڕۆکە بۆ بژیوی ژیانی خۆیان سەرقاڵی کرێکاری، دەست فرۆشی و کۆڵبەرین لە سەر سنوورەکان.

گەندەڵی لەبڕان نەهاتووی دام و دەزگا دەوڵەتی و حکومەتییەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، هەڵاواردن و ئاپارتایدی نەتەوەیی دژ بە خەڵکی کوردستان و کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە لایەن ڕژیمی ناوەند لە تاران، فێرکاری و پەروەردە و بێ بەرنامەیی وەزارەتی ئامووزش و پەروەرش و خوێندنی باڵا و ناهاوسەنگی داواکاری و خستنەڕووی هێزی کاری خوێندەوار لەگەڵ بازاڕی  کار، سیاسەتی چەوت و هەڵەی ئابووری و تەرخانکردنی سامان و سەروەتی خەڵک بۆ شەڕەنگێزی و ئاژاوەگێڕییە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕژیمی کۆماری ئسیلامی لە ناوچەکە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە قووڵەی بێکاری و دۆخی ئابووری ئێرانن.

 


AM:10:33:10/08/2019




ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌