ڕاوێژکاری سەربازی خامنەیی؛ هەر گۆڕانکارییەک لە تەنگەی هۆرمز دەبێتە شەڕ

یەکێک لە ڕاوێژکارانی سەربازی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری داوە کە هەر چەشنە گۆڕانێک لە دۆخی تەنگەی هۆرمز دەبێتە بەریەک کەوتنی مەترسیدار.

کاناڵی تەلەفزیۆنی ئەلجەزیرە کە لەگەڵ حسێنی دێهقان ڕاوێژکاری ئایەتوڵڵا خامنەیی لە کاروباری پیشەسازی سەربازی و پشتیوانی هێزە چەکدارەکان وت و وێژی کردووە ڕۆژی چوارشەممە ٢ی خەرمانان هەڵبژاردەیەکی لە وتەکانی ناوبراوی بڵاو کردەوە

دێهقان لە بەشێک لە وت و وێژەکەی دا وێڕای دووپات کردنەوەی هەڵوێستی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کە ئێران لە هیچ هەل و مەرجێکدا لەگەڵ ئەمریکا وت و وێژ ناکات

ناوبراو باس لەوە دەکات کە ئەگەر واشینتۆن بڕیاڕی شەڕ بدات، هەموو سەربازگەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبنە ئامانجی هێرشی هێزەکانی ئێران

هاوکێشەکان لە ناوچەکە بە هەوڵی هێزەکانی سپای پاسداران تۆ دەست بە سەردا گرتنی نەوتهەڵگرێکی بریتانیای لە ٢٨ی پووشپەڕدا ئاڵۆزتر بوویەوە.

هەر لە پێوەند لەگەڵ کێشەکانی کەنداو و پرسی ئازادی هات و چۆی کەشتییەکان، بریتانیا خوازیاری پێکهاتنی هاوپەیمانییەک لەگەڵ وڵاتانی ئۆرووپایی بووە بۆ گەرەنتی کردنی ئەمنییەتی کەشتیوانی لە کەنداو. لە لایەکی دیکەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆمەڵێک گەمارۆی قورسی بۆ بە سفر گەیاندنی ڕێژەی هەناردە کردنی نەوتی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامی خستۆتە گەڕ و بۆ ئەو مەبەستەش خوازیاری کۆدەنگییەکی جیهانییە.

حسێنی دێهقان وتوویەتی کە یان هەموو وڵاتان دەبێ بتوانن نەوتی خۆیان لە ڕێگەی تەنگەی هۆرمزەوە هەناردە بکەن یان ئەوەی هیچ کەس بۆی نییە.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە پاش هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی بەرجام و بە تایبەتی پاش خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانێکی ئەمریکا لە تەنگەی هۆرمز، گەیشتە ئەوپەڕی خۆی.


PM:09:49:24/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 177 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌