کۆماری ئیسلامی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی گەیاندە لەسەدا 4.5

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، وتەبێژی ڕێکخراوی ئەتۆمی ئێران بڵاویکردەوە: ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی ئێران گەیشتە، لەسەدا 4.5؛ بە وتەی بێهرووز کەماڵوەندی، پیتاندنی لە سەدا ٢٠ و زیاتریش لە بەرنامەی (خولی سێهەمی)ی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی ئێران بە ڕێکەوتننامەی ئەتۆمی (بەرجام) دایە.

 وتەبێژی ڕێکخراوەی ئێنێرژی ئەتۆمی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد کە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بەرجام لە دەورەیەکی دوو مانگەدا پێناسە کراوە، ناوبراو وتی: تا کاتێک کە بە ئەنجامێک نەگەیشتووین بەردەوام دەبین بەو مانایەی کە کۆماری ئیسلامی چیتر ڕاناوەستێت.

 قسەکانی کەماڵوەندی دوای ئەوە هات، دووشەممەی ڕابردوو، ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاویان کردەوە کە پیتاندنی ئۆرانیۆم گەیشتووەتە ٣.٦٧ لەسەد، هاوکات چەند بەرپرسێکی باڵای کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند: ئەگەر ئەم وڵاتانەی لە ڕێکەوتنی بەرجام دان تا ڕێکەوتی ١٦ی پووشپەڕ پابەندییەکانی خۆیان لەبەرچاو نەگرن، کۆماری ئیسلامی قۆناغی دووهەم لە کەمکردنەوەی پابەندییەکانی بەرجام دەست پێ دەکاتەوە.

 بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژ و هەفتەکانی ڕابردوودا بۆ چەندمین جار ڕایانگەیاندبوو کە بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا (بە تایبەت دوای هاتنەدەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتننامەی بەرجام)، هیچ هۆکارێک بۆ درێژەدان بە پابەندییەکانی خۆیان بە بەرجام نابینن و لەوە زیاتر چاوەڕێی ئورووپا نامێننەوە کە ئەم قسەیەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەی بەرپرسانی ئورووپایی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.

PM:07:46:08/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 67 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌