یادکردنەوە لە شیمیایی باران کردنی سەردەشت

ڕاپۆرتی بەڕێوەچوونی چالاکیی یادی سی و دووهەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی کیمیابارانی 7ـی پووشپەڕی سەردەشت لە لایەن "ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار" و "بنکەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە(پیرانشار)" لە ناوچەی خەرپاپ!

دوێنێ هەینی بە بۆنەی 7ـی پووشپەڕی 2719 بەبۆنەی ساڵوەگەڕی کارەساتی کیمیابارانی شاری سەردەشت، چالاکییەکی بەشکۆ بۆ ڕێزگرتن لە قوربانییانی ئەو کارەساتە پڕ لە ئازارە بە بەشداریی چەندین ڕێکخراوەی مەدەنی و گرووپی شاخەوانی لە شارەکانی پیرانشار، شنۆ، سەردەشت، میراوێ، بانە و بۆکان لە ناوچەی خەرپاپ بەڕێوە چوو.
دوای گردبوونەوەی بەشداربووان لە گوندی گەزگەسکی مەنگوڕان، کاتژمێر 7:30 خولەک بەڕێکەوتین بەرەو ناوچەی خەرپاپ و دوای وچانێک کۆڕی یادکردنەوە کرایەوە.
دوای بەخێرهێنانی میوانان لەلایەن ڕێکخەرانی کۆڕیادەکە و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی 7ـی پووشپەڕ و هەموو شەهیدانی کوردستان بە هەڵکردنی 32 مۆم کە هێمای سی و دووهەمین ساڵوەگەڕی ئەو کارەساتە مێژووییە بوو ڕێوڕەسمەکە دەستی پێ کرد.

دواتر پەیامی هاوبەشی "ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار" و "بنکەی مەدەنیی کافەکتێبی ئەندێشە(پیرانشار) لە لایەن بەڕێز "هەیدەر ئەحمەدی" خوێندرایەوە.
بەڕێز "ئەمیر سەباغی" یەکێک لە بەرکەوتووانی کیمیابارانی سەردەشت بە نوێنەرایەتی لە شاخەوانان و ژینگەپارێزانی سەردەشت و میراوێ بیرەوەری خۆی لەو ڕۆژە تاڵەدا کە بە شێوەی پەخشان ئامادە کردبوو خوێندەوە و دڵی ئامادەبووانی هەژاند.
دواتر پەیامی هاوبەشی "ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی شنۆ(ژینکۆ)" و گرووپی شاخەوانانی "پێشڕەو" ی شنۆ لە لایەن کاک "فەتاح سولەیمانی" پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
"ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی بانە (پاژین)" بە پێشکەشکردنی وتارێکی بەپێز لە لایەن بەڕێز " فوئاد ساوان" سەبارەت بەو کارەساتە و پێویستی پاراستنی ژینگەی نیشتمان و خوێندنەوەی کۆپلە شیعرێک بۆ "دار"، ڕێوڕەسمەکەی دەوڵەمەندتر کرد.

پاشان کاک "محەممەد داوەری" بە خوێندنەوەی شێعرێکی نیشتمانی سەبارەت بە زامەکانی سەردەشت دڵی ئامادەبووانی خستە جۆش.
لەدرێژەدا پەیامی "ئەنجومەنی شاخەوانانی چیای شنۆ" لە لایەن کاک "ڕەحیم سەلامەت" خوێندرایەوە.
هەروەها پەیامی "گرووپی شاخەوانانی سیاکێو"ـی شنۆ لە لایەن بەڕێز "حەسەن عەبدوڵاپوور" خوێندرایەوە.
دواتر بەڕێز "هێرش قادری" بە خوێندنەوەی شێعرێک لە ژێر ناوی " من سەردەشتم" و بە دەنگێکی بەگوڕ حەماسەتی بە ئامادەبووان بەخشی.
هەروەها بەڕێز "ئاوارە فەڕڕوخی" پەخشانێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
کۆتا پەیام، پەیامی "ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار" بوو کە بەبۆنەی چوارەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی ئەو ڕێکخراوەیە، وێڕای وەبیر هێنانەوەی ئەو کارەساتە دژەمرۆییە تیشکی خستەسەر چەندین خاڵی گرینگ و لەلایەن بەڕێز "موحسین محەممەدنەژاد" پێشکەش کرا.
لەپەیامەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەو خاڵانەی خوارەوە:
ــ کیمیاباران و کارەساتی هاوشێوە ناتوانن بوونی گەلێک بسڕنەوە و سەرهەڵدانی ڕێکخراوەیەکی چالاک و زیندوو لەو ڕۆژەدا، هێمای ئەو ڕاستییەن.
ــ پرسی مکوڕبوونی بەڕێوەبەرانی ئاو لە ئێران، پێوەندی بە کوردستان و بە تایبەت ڕاگواستنی ئاوی خەرپاپ و لێدانی بەنداوی باوەلە، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسان لە مەترسییە ژینگەیی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئەو هەوڵە سەروو یاساییە!
ــ هاوکات خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ زیانەکانی تێکدانی ژینگەی پیرانشار بە بیانووی قەیرانی ئاو لە ئێران و زیندوو کردنەوەی گۆلی ورمێ، کە ئەو هەوڵانە وەکوو "ژینۆسایدکردنی ژینگە" پێناسە کران.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، هونەرمەندی دەنگخۆشی شارەکەمان کاک "تەها ڕەسووڵیان پوور" بە چڕینی گۆرانی و مەقامی "وەسیەت" و سروودی " خوایە وەتەن ئاوا کەی" وزەیەکی زیاتری بە کۆڕەکە بەخشی.

جێگەی خۆیەتی لێرەوە دەستخۆشی لە هەموو ئامادەبووانی بەڕێز، بە تایبەت هەموو ئەو خۆشەویستانەی کە لە شارەکانی: بۆکان، بانە، شنۆ، مهاباد، سەردەشت و میراوێ بە دەنگ بانگەوازی ئێمەوە هاتبوون و بە بڕینی ئەو ڕێگا دوورە، ڕێوڕەسمەکەیان ڕازاندەوە.

بێ گومان ئەو بە دەنگەوەهاتنە و لە یەک کۆبوونەوانە نیشاندەری ئەو ڕاستییەن کە پێکەوە و بە یەکدەنگی، وێڕای کەم کردنەوەی کارەساتەکان، دەتوانین هەنگاو بە هەنگاو لە بەها پیرۆزەکانمان نزیکتر ببینەوە.

بنکەی مەدەنیی کافە کتێبی ئەندێشە(پیرانشار)
ڕێکخراوەی ژینگەپارێزانی پیرانشار
۸ـی پووشپەڕی 2719ـی کوردی

PM:09:49:06/07/2019




ئه‌م بابه‌ته 65 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌