سێنای ئەمریکا؛ ترامپ بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئێران، پێویستی بە ئیزنی کۆنگرە نییە!

زیاتر لە ٤٠ نوێنەری سێنای ئەمریکا ڕۆژی هەینی ٧ی پووشپەڕ، دەنگی "نا"ـیان دا بە گەڵایەک دا کە هێرش بۆ سەر ئێران بێ ئیزنی کۆنگرەی قەدەغە بکرێت و لە ئەنجامدا ئەو گەڵاڵەیە دەنگی پێویستی بۆ بە یاسا بوونی بەدەست نەهێنا.
ئەو گەڵاڵەیە لە چوارچێوەی چاکسازییەک لە بوودجەی وەزارەتی بەرگری، لە لایەن سێناتۆر "تیم کین" و "تام ئۆداڵ" هاتە ئاراوە؛ کە پێویستی بە ٦٠ دەنگ لە ١٠٠ دەنگی نوێنەرانی سێنا بوو.
نوێنەرانی حیزبی دێمۆکراتی ئەمریکا وتوویانە کە لە ڕێگای ئەو گەڵاڵەیەوە دەیانویست پێشگیری لە شەڕی ناپێویست لەگەڵ ئێران بگرن.
زۆرینە سێنای ئەمریکا کۆماریخوازن و گەڵاڵەی دێمۆکراتەکان پشتیوانی کۆماریخوازانی لە پشت نەبوو.
بابەتی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا پێویستە بۆ هێرشی سەربازی کردن بۆ سەر ئێران ئیزن لە کۆنگرەی وەربگرێت؟! بۆتە بابەتێک کە میدیا جیهانییەکانی پێوەی سەرقاڵن.
 ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ئەمساڵ، نانسی پلۆسی، سەرۆکی حیزبی دێمۆکراتی ئەمریکا وتبووی کە "دۆناڵد ترامپ" دەبێت بزانێت کە بۆ هێرش کردنە سەر ئێران، ئیزنی کۆنگرەی نییە.
دۆناڵد ترامپ لە وەڵامی ئەو لێدوانەی نانسی پلۆسی بە ماڵپەری "هیڵ تیوی" وتووە؛ بۆ هێرشکردنە سەر ئیران لەباری سەربازییەوە پێویستی بە ئیزنی کۆنگرە نییە!"
دۆناڵد ترامپ وتوویەتی کە ئەو کارانەی ئێمە، هاوتەریبە لەگەڵ کۆنگرە، من دەمەوێت کە لەگەڵ کۆنگرە بم، بەڵام لە بواری یاساییەوە ئەو ئەرکەم نییە.
پێشتریش حیزبی دێمۆکراتی ئەمریکا کارێکی وای کردبوو بە دانی گەڵاڵەیەک بە کومیتەی پەیوەندییەکانی دەروەی سێنا، کە ئەمریکا ناتوانێت بێ ئیزنی کۆنگرە سەرچاوە ماڵییەکانی دەوڵەت بۆ هێرش کردن بۆ سەر ئیران بە کار بێنێت، بەڵام ئەو گەڵاڵەیەش سەر نەکەوت و کۆماریخوازانی ئەمریکا جارێکی دیکە لەو بابەتەدا ناسەرکەوتوو بوون.
بەرپرسانی باڵا و بە تایبەت سەرۆک کۆماری ئەمریکا، زۆر جار جەختیان لەوە کردۆتەوە کە نایانهەوێت هێرش سەربازی بکەنە سەر ئێران، بەڵام لە ئەگەری هێرشی ئێران و هێزەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر هێزەکان ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەمریکا وەڵامی سەخت و قورسیان دەداتەوە.
لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا گرژییەکانی ئێران و ئەمریکا قوڵتر بۆتەوە. ئەمریکا نزیکەی ١٤ مانگ لەمەوبەر بە پێی بڕیارێکی دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکەی ئێران و شەش زلهێزی جیهانی هاتە دەرێ و وێڕای بووژاندنەوەی گەمارۆ پێشووەکانی ئەمریکا دژ بە کۆماری ئیسلامی، کۆمەڵێک گەمارۆی نوێی دیکەی دژی ئێران خستۆتە بواری جێ بەجێ کردنەوە و لەوانە سپای پاسدارانی خستنە ناولیستی تیرۆریستی هێزە بیانییەکانی ئەمریکا و گەمارۆ خستە سەر خامنەیی و دارو دەستەکەی کە زیاتر لە ٣٠٠ دامەزراوەی ناوخۆیی و دەرەوە لە خۆ دەگرێت. 

PM:10:51:28/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌