ترامپ؛ سەرانی کۆماری ئیسلامی خەڵکەکەیان بەلاوە گرنگ نییە!

ئاسۆی ڕۆژهەڵات

دۆناڵد ترامپ سەرۆ کۆماری ئەمریکا دەربارەی گرژییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئێران وتی کە "لەوە دڵنیا نیم کە خەڵکی وڵاتی ئێران بۆ سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، گرنگییان ببێت و بەرپرسانی ئەو وڵاتە بیر لە چارەنووسی خەڵکەکەیان ناکەنەوە".

دۆناڵد ترامپ؛ ڕۆژی چوارشەممە ٥ی پووشپەڕ بەر لە جێ هێشتنی کۆشکی سپی بەرەو ئۆزاکای ژاپۆن بە مەبەستی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی سەرانی گرووپی ٢٠ ناسراو بە جی ٣٠ بە هەواڵنێرانی وت؛ "ئێران هەرچییەکی پێ خۆش بێ دەیکات. گرنگ نییە. من کاتم زۆرە. بەڵام وڵاتەکەیان لە ژێر گوشارێکی قورسی ئابووری دایە و دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان کارەساتبارە."

ترامپ هەروەها وتی کە؛ "ئەوان (بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی) دەتوانن ئەو کێشەیە بە خێراترین کات چارەسەر بکەن، یان ئەوەی کە لێی گەڕێن و چارەسەری ئەم دە ساڵ بخایەنێت. ئەوان هەر چۆن دەخوازن، با وا بکەن، من ئامادەم و بە پێی پێویست کاتم هەیە. بەڵام ئەوان دەبێت لە ژێر گوشاریکی قورس دا بن. بەڵام ئەوان (سەرانی ڕژیمی تاران) دەبێت ئەو کارەی کە بۆ خەڵکی وڵاتەکەیان دروست و گونجاوە ئەنجام بدەن، کێشە لێرەدایە کە من دڵنیام کە ڕێبەرانی ئێران گرنگی بە خەڵکی وڵاتەکەیان نادەن. ئەوان ئەگەر خەڵکی وڵاتەکەیان بۆ گرنگ بێت دێن و ڕێدەکەون. بەڵام ئەگەر وا نەبن و تەنیا بیر لە خۆیان بکەنەوە، ئەوا ئەوان خۆپەرست و گەمژەن."

دۆناڵد ترامپ ڕۆژی دوو شەممە ٣ی پووشپەڕ بە فرمانێکی ئیجرایی خامنەیی و دارودەستەکەی خستە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە و بە نیازیشە تا کۆتایی ئەم هەفتەیە جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بخاتە ئەو لیستەوە.

ئەو فرمانە ئیجاییەی ترامپ بۆ ئەوەی کە خامنەیی و دارودەستەکەی بخرێتە خستنە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، زیاتر لە ٣٠٠ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامی هەر لە بەرپرسانی بەیتەکەی خۆی و بەرپرسانی باڵای ئەرتەش و سپا و جێگرەکانی، سەرۆکی دەزگای دادوەری و شوورای نیگابان و سەرۆکی دەنگ و ڕەنگ و نوێنەری خامنەیی لە ئۆستانەکان و ئیمام جومعەی ئۆستان و شارەکانی ئێران و... دەگرێتەوە.

ڕۆژی چوار شەممە خامنەیی لە دانیشتنێکی دا ڵەگەڵ بەرپرسانی باڵای ڕژیم بە بێ ئاماژە کردن بە چوونە ناوی لە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکادا، وتی کە ئەمریکا بێ هێز و ترساوە بۆیە داوای دان و ستان و وتو وێژ دەکات.

داراییەکانی خامنەیی بە بەراوردی وەزارەتی خەزێنەداری ئەمریکا زیاتر لە ٢٠٠ میلیارد دۆلار خەمڵێنراوە، ئەوە لە کاتێک دایە کە "ڕووحانی" سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی هەیئەتی دەوڵەتەکەی دا وتی؛ داراییەکانی ئایەتوڵڵا خامنەیی حوسێنییەکەک و خانووێکی سادە و ساکارە.

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و بەتایبەتی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو گەیشتۆتە لوتکە و سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی پێنج شەممە هەفتەی ڕابردوو بەردانەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکای لە تەنگەی هۆرمزی پشت ڕاست کردەوە. دۆناڵد ترامپ بە وتەی خۆی بەنیاز بووە هێرش بکاتە سەر ئێران بەڵام بە هۆی ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا لەو هێرشەدا ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس لە ئێرانییەکان بکوژرێت، لە بڕیارەکەی پاشگەز بۆتەوە، بەڵام هەڵی نەوەشاندۆتەوە.

 


AM:11:35:27/06/2019




ئه‌م بابه‌ته 56 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌