لافاو کاریگەری لە سەر ژیانی ١٢ میلیۆن کەس داناوە

ئا؛ ئاسۆی رۆژ

 

لافاو لە دوو مانگی رابردوودا کێشەی زۆری بۆ خەڵک دروستکردوەو دۆخێکی ناسەقامگیر و مەترسیداری دروست کردوە. بە پێی زانیارییەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە ، ئەم لافاوە خراپترین رووداوی سروشتییە بووە لە ١٥ ساڵی رابردوودا لە ئێران و زۆرترین کاریگەری نێگەتیڤی بووە.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی " ری لێف وێب" ئەم لافاوە و بەرزبوونەوەی ئاوی رووبارەکان، کاریگەری لە سەر ژیانی ١٢ میلیۆن کەس داناوە. کۆمیسیۆنی ئەوروپا دەڵێت ئەو لافاو مەترسیدار ترین دیاردەی ١٥ ساڵی ڕابردووی ئێرانە، ئەو لافاو گەیشتۆتە ٢ هەزار شار و شارۆچکە و ٣١ پارێزگا گەیشتووە.

وێبساتی بەشی راگەیاندنی " نووسینگەی هاوئاهەنگی کاروباری مرۆڤدۆستانەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان" رایگەیاندووە کە دوو میلیۆن کەس لە ئێران پێویستیان بە یارمەتی مرۆڤدۆستانە هەیو و زیاتر لە نیو میلیۆن کەس ئاوارە بوون و ناچاربوون شوێنی ژیانی خۆیان بەجێ بهێڵن.

هەروەها بە پێی ئەو زانیاریانەی راگەیاندنەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی بڵاویان کردۆتەوە لە چەند هەفتەی رابردوودا لافاو زیاتر لە ١ میلیارد دۆلار زیانی ماددی بە زەوییە کشت و کاڵییەکان، بیناکان و بینا مێژووییەکان گەیاندووە.

هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا ئامادەیی خۆی دەربڕێوە بۆ گەیاندنی یارمەتی مرۆڤدۆستانە زیانبەرکەوتوانی لافاوەکەی ئەم دواییانە. وەزارەتی دەرەوەی ئیتالیا رایگەیاندوە کە وڵاتەکەی زیاتر لە ٤٠ تەن کەل و پەل و پێداویستی گرینگ و سەرەکی هەناردە کردوە.

ماڵپەڕی (ری لایف وێب) رایگەیاندووە کە کۆمیسیۆنی ئەورووپا ١ میلیۆن و دووسەد هەزار یۆرۆی تەرخان کردوە بۆ یارمەتی مرۆڤدۆستانە بۆ زیانبەرکەوتووانی لافاوەکەی ئێران.

بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا ٧٦ کەس بە هۆی لافاوەوە گیانیان لە دەست داوە. بەشێکی زۆر لە گوند و شارەکان زیانی ماددی زۆریان بەرکەوتووە. خەڵکانێکی زۆر وەک راگەیاندووە نزیک بە ٥٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوون. ئەمە جگە لەوەیە کە تا ئێستا مەترسی لافاو لە ئێران و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ئێران نەڕواوەتەوەو مەترسی ئەوە هەیە کە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی ئێران، لەوانە سیستان و بەلووچستان و هورموزگان لافاو لێیان بدات.

یەکێک لەو بابەتانەی کە لە ئێستادا زۆر باسی لێوە دەکرێت قەرەبوو کردنەوەی زیانبەرکەوتوانی لافاوەکەیە. بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە خامنەیی رایگەیاندوە کە نابێت دەست ببرێت بۆ سەندووقی گەشەی نەتەوەیی ببرێت. رایگەیاندووە کە لە داهاتوودا دەکرێت دەست بۆ ئەم سندووقە ببرێت و لەم پاشکەوتە هەڵبگیردرێت. ئەمە لەحاڵێکدایە ١ ساڵ لەوە پێش و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٩٦ دا، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئیزنیدا بەوەی کە دوو نیم میلیارد دۆلار لەم سندووقە بە مەبەستی بەهێزکردنی توانای سەربازی و بەرگری رژیم هەڵبگیردرێت.

هەر لەم پەیوەندەدا مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەروەی ئەمریکا رایگەیاندووە کە رێبەری کۆماری ئیسلامی و رژیمی تاران لە بری گەیاندنی خزمەتگوزاری و یارمەتی بە زیانبەرکەوتوانی لافاوەکە، یارمەتی "مادۆرۆ" سەرۆک کۆماری دیکتاتۆری ڤێنزۆئێلا دەدەن. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە لە راستییدا رێبەرانی کۆماری ئیسلامی دۆلارەکانی خۆیان بۆ "نیکۆلاس مادۆرۆ" خەرج دەکەن، لە حاڵێکدا خەڵکی خۆیان پێویستیان بە یارمەتییە.

لە لایەکتروە چالاکانی مەدەنی نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن بەوەی کە رژیم بەر بەوە دەگرێت ئەو یارمەتییانەی لە لایەن چالاکان و کەمپەینەکانەوە کۆ دەکرێنەوە بگاتە دەست خەڵک.

یەکێک لە ئەندامانی کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ناوچە لافاو لێدراوەکان لەم پەیوەندەدا بە ئاسۆی رۆژی رایگەیاند :" رژیم و ئۆرگانەکانی رژیم لەگەڵ ئەوەی خۆیان ئامادە نین یارمەتی بگەیەننە دەست خەڵکی زیانبەرکەوتووی ئەم لافاوە، بەر بە یارمەتییە جەماوەرییەکانیش دەگرن."

ئەم چالاکە هەروەها دەربارەی پرۆسەی نۆژەن کردنەوەو بونیادنانەوەی شارەکان وتی :" بۆ ئەم مەبەستە پێویستە کارنامەی رژیم لەم پەیوەندەدا لەبەرچاو بگرین. بوومەلەرزەکەی کرماشان نموونەی بەرچاوی ئەم کارەیە. تا ئێستاش زۆربەی زۆری خەڵکی سەرپێڵ و دەورووبەری لە ناو خێمە و کانێکس دا دەژین. دوای ٢ ساڵ لەو کارەساتە پرۆسەی دروستکردنەوەو بونیادنانەوەی شار و گوندەکان زۆر بە خاوی دەچێتە پێش. هەر ئەتوانین بڵێین ناچێتە پێش. لە حاڵێکدا رژیم بە پێی وتەکانی خۆیان لە دیمەشق و سوورییە ٢٠٠٠ خانوویان دروستکردووە. لە حاڵێکدا خەڵکی سەرپێڵ و دێهاتەکان لە خراپترین دۆخدا دەژین رژیم لە سوودان و وڵاتانیتری ئەفریقایی نەخۆشخانەی گەورە دروست دەکات. ئەمە تەنها سەرپێڵ نییە. هێشتا بەشێکی زۆر لە خەڵکی بەم، دوای بوومەلەرزەکەی بەم ، دوای ١٥ ساڵ لە ناو کانێكسدا دەژین. لە حاڵێکدا ئەو یارمەتییانەی کۆ کرابوونەوە دەکرا ٢ شاری وەک بەمی پێ بونیاد بنرێت. بەڵام رژیم پارەکانی خۆی، بۆ یارمەتی بە دەست و تاقمەکەی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و تەنانەت ئەمریکا لاتین سەرف دەکات. "


AM:11:43:17/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 339 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌