ئامریکا، سپای پاسداران دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

ئا: ئاسۆی رۆژ

رۆژنامەی وال ستریت جۆڕناڵ لە راپۆرتێکدا رۆژی شەممە ٥ی ئاپریل باسی لەوە کردووە کە دۆناڵدترامپت دەیهەوێت سپای پاسدران بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە. ئەمەش یەکەمجارە ئەمرێکا یەکەی سەربازی وڵاتێک وەک گرووپی تیرۆریستی ناوزەد بکات و بیخاتە ئەم لیستەوە.

سێ سەرچاوەی ئاگادار شەوی هەینی بە کاتی واشنگتۆن بە هەواڵنێری روەیتێرز و واڵ ستریت جۆڕناڵیان راگەیاندوە ئەمە بڕیارێکی کۆتاییە و دووشەممە رادەگەیەنرێت. هاوکات هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاش ئاگادار کراونەتەوەو خراونەتە ئامادەباشەوە کە ئاگاداری ئەوە بن کە ئێران لە تۆڵەدا کارێک نەکات.

ئەمرێکا پێشتر سپای قودس کە لقی دەرەوەی سپای پاسدارانە خستبووە ناو لیستی گرووپ و دەستە تیرۆریستییەکانەوە، بەڵام سەرجەم سپای پاسداران نەخرابوونە لیستی گەمارۆکانەوەو گەمارۆیان نەخرابووە سەر.

واڵ ستریت جۆڕناڵ لە راپۆرتەکەی خۆیدا باسی لەوە کردووە کە "جان بۆڵتۆن" راوێژکاری ئەمنییەتی کۆشکی سپی و "مایک پۆمپێئۆ" وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پشتیوانەکانی ئەم گەڵاڵەیەن. هەر بە پێی ئەم راپۆرتەی واڵ ستریت جۆڕناڵ،CIAو ژێنراڵ "جۆزێف دانفۆرد"بەرپرسی ناوەندی هاوبەشی هێزەسەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئەم گەڵاڵەیەن.

"جیسۆن بلازاکیس" کە تا ماوەیەک لەوە پێش بەرپرسی نووسینگەی وەستانەوە دژی تیرۆریسمی ئابووری و کاروباری گەمارۆکان بوو، بە واڵ ستریت جۆڕناڵی راگەیاندووە کە ئەمە یەکەمجارە سپای پاسداران وەک رێکخراوێکی دەرەکی تیرۆریستی ، بناسرێت و بخرێتە ئەم لیستەوە.

ئەو هەروەها وتوویەتی :" تا ئێستە نەبووە بەشێک لە دەوڵەتێک بخرێتە ئەم لیستەوە. ئەم کارە ئەنجامی قووڵی لێ دەکەوێتەوە لە داهاتوودا."

سپای پاسداران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران خەریکی دەستێوەردانە و بەردەوام دەست لە کاروباری وڵاتان وەردەدات و بەشێک لە سپای پاسدران لە سووریە، لوبنان و عێراق و یەمەن چالاکی هەیەو لە ژێر ناوی جیاوازدا خەریکی دەستێوەردانن لە کار و باری ئەم وڵاتانە. هەروەها لە ناوخۆی وڵاتیش، نیوەی ئابووری و هێزە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی وڵات بەدەستی سپای پاسدارانە. بەشێکی زۆر لە بازرگانی ئێران قۆرخی ئەم ناوەندە سەربازییەیە. بەشێکی زۆر لە پرۆژەکانی وەک بەنداو دروستکردن، رێگاوبان، پرۆژەی دروستکردنی شارۆچکەکانی خانووبەرە، هەموان قۆرخی ئەم ناوەندە سەربازییەن کە وەک ئۆختاپووسێک دەستی بەسەر ئابووری ئێراندا گرتووە.

عەرەبستانی سعوودی و بەحرین مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٨ سپای پاسداران و بەرپرسانی سەربازی سپای قودسی خستە لیستی گەمارۆکان و هەروەها لیستی ئەو کەسانەوە کە دەستیان هەیە لە تیرۆردا.

ناوەندی هەواڵنێری روەیتەرز لەم بارەوە راپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوەو نووسیویەتی :" ترامپ دەیهەوێت لە ساڵڕۆژی چوونەدەرەوە لە بەرجام ئەم بڕیارە راگەیەنێت."

ئەوەی کە سپای پاسدران وەک بەشێک لە دەوڵەت بخرێتە لیستی گەمارۆکان و لیستی تیرۆرەوە، کاریگەری زۆری دەبێت لە سەر کۆنتڕۆڵ کردنی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەکە. لە هەمانکاتدا گوشاری ئابووری دەخاتە سەر ئێران و رژیمی کۆماری ئیسلامی ناچار دەکات پشتیوانیەکانی لە هێزە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە کەم بکاتەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا، رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز رۆژی ٢٨ی مارچی ٢٠١٩ رایگەیاند کە دوابەدوای گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران پشتیوانی ماددی ئەم رژیمە لە گرووپە ئیسلامییەکانی ناوچەکە کەمتر بۆتەوە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتەی نیۆیۆرک تایمز، حەسەن نەسروڵڵا دانی بەوەدا ناوە کە پشتیوانییە مادییەکانی ئێران کەم بۆتەوەو ئەمەش کاریگەری بووە لەسەر ئەوان. بە پێی زانیارییەکانی نیۆیۆرک تایمز، حیزب اللە ی لوبنان لە مانگی جێنیڤەری ٢٠١٩ەوە نەیتوانی مووچەی هێزەکانی بدات. هێزەکانی حیزب اللەی لوبنان و ئەو هێزەسەربازییانەی فەلەستین کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن ، گۆشت نییە بیخۆن و تەنها ڕوویان کردۆتە خواردنی پەتاتە. لە سووریەش هێزە میلیشیاکان و هێزە سەربازییەکانی سەر بە ئێران ٣ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە.

بەتیرۆریست ناوزەدکردنی سپای پاسداران و ئەوەی کە ئەم ناوەندە سەرکەوتگەرە سەربازییە دەستی لە سەرچاوە مادییەکانی کورت بێتەوە یان لانیکەم بەشێکی لە داهاتەکانی ببڕدرێت جگە لەوەی دەستێوەردانی رژیم و سپا لە ناوچەکە کورتتر دەکاتەوە لە هەمانکاتدا لە لایەکەوە دڵگەرمی و پشتیوانییە بۆ بزووتنەوەی جەماوەری و سیاسی لە ئێران و کوردستان و لە لایەکیترەوە سپا و رژیم ئیتر ئەو توانا ماددی و ئابوورییەیان نابێت کە بتوانن بە زۆری پارە خەڵک بۆلای خۆیان رابکێشن و لە هەژاری خەڵک کەڵک وەربگرن لە بەرژەوەندی خۆیاندا بۆ زیاتر کردنی هێزی چەکدار و ناچەکداری سەر بە سپا و بەسیج.

لەم چەند ساڵەی دواییدا بە هۆی کێشەی ئابوورییەوە سپا هەوڵیداوە لە کوردستان خەڵک بۆلای خۆی راکێشێت و لەو باروودۆخە لە بەرژەوەندی خۆی کەڵک وەربگرێت. بەڵام ئەم بڕیارە لە سەر سپا بەشێکی زۆر لە سەرچاوە داراییەکانی رژیم کەم دەکاتەوەو ئیتر ناتوانێت بەو شێوەیە خەڵک بۆ لای خۆی رابکێشێت. نەک تەنها خەڵکی کوردستان و ناوچەکانیتری ئێران، سپا لە رێی ئەو سەرمایەوە کە دەستی دەکەوت هێزی وەک "لەشکری فاطمیون"ی دروست کردبوو لە سوورییە و لە دۆخی خراپی ئابووری خەڵکی ئەفغانستان کەڵکی وەردەگرت بۆ ئەوەی بیان نێرێتە بەرەی شەڕ لە سوورییە. ئەم بڕیارە دەستی سپا لە ناوخۆی ئێران و دەرەوەی ئێران کورتتر دەکاتەوەو سەرەنجام دەتوانێت لە خزمەت بزووتنەوەی جەماوەری خەڵکدا بێت لە ئێران و ناوچەکەش.



AM:08:48:06/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌