کرێکارانی هەفت تەپە ، مێژوویەک لە هەوڵدان و خەبات

ئا: ئاسۆی رۆژ

کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، لە مێژساڵە وەک بەشێکی چالاک لە بزووتنەوەی کرێکاری ئێران کار دەکەن و بەردەوام لە چالاکیدان. لەم ساڵانەی دواییدا دەتوانین بڵێین کرێکارانی هەفت تەپە یەکێک بوون لە رێکخراوترین ئۆرگانی کرێکاری ئێران کە بەردەوام وەک رەوتێکی زیندوو لە بزووتنەوەی کرێکاری ئێران بوونیان بووەو هەیە. کرێکارانی ئەم ناوەندە پیشەسازییە بەردەوام ئامادەییان بووە بۆ ئەوەی هەوڵ بدەن بۆ بەدەست هێنانی مافە پیشەییەکانی خۆیان و لە هەمانکاتدا دەتوانین وەک پشتیوان و هاندەری ناوەند و ئۆرگانە کرێکارییەکانیتریش ناویان لێ ببەین. لە پاییزی رابردوودا کرێکارانی هەفت تەپە، وێڕای فوولادی ئەهواز وەک دوو ناوەندی پیشەسازی لە باشووری ئێران، نزیک بە ٢ مانگ لە مانگرتن و خۆپیشاندانی بەردەوامدا بوون و سەرەڕای دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکانی ئەم ناوەندە وەک (ئیسماعیل بەخشی) ، (عەلی نەجاتی) و هەروەها (سپیدە قلیان) وەک رۆژنامەنووسێک کە داکۆکی لە کرێکارانی هەفت تەپە دەکرد، بەڵام کرێکاران سوور بوون لە سەر ئەوەی بە خواستە پێشەییەکانی خۆیان بگەن. بەڵام سەرئەنجام دوای وەعد و بەڵێنێکی زۆری خاوەنکارەکان و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارەکان، کرێکارانی هەفت تەپە و فوولاد چوونەوە سەر کارەکانیان، بەڵام بێگومان مانگرتنی کرێکارانی هەفت تەپە و فوولاد و خۆپیشاندانی ٢ مانگەی ئەوان بەرگێكی زێڕینە لە سەر بزووتنەوەی کرێکاری و مەدەنی لە ئێران.

ئەوەی جێگای سەرنجە دۆخی کرێکارانی هەفت تەپە سەرەڕای وەعد و بەڵێنی بەرپرسان ڕوو لە باشبوون نەبووە. بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو کراونەتەوە کرێکارانی نەیشەکەری هەفت تەپە، حەقدەستی مانگی ڕەشەممەیان وەرنەگرتووە. هەروەها نەورۆزانەی ٢ هەزار و ٥٠٠ کرێکاری ئەم ناوەندە نەدراوەو پشتگوێ خراوە. هەروەها لە بەفرانباری ساڵی ١٣٩٧ ەوە، واتە بۆ ٤ مانگ دەچێت کە حەقی بیمەیان بۆ نەدراوە. هەروەها بە هۆی تازە نەکردنەوەی بیمەی دەرمانییەوە، تێچوویەکی زۆر کەوتۆتە سەر ئەم کرێکارانە و ئەمەش ناڕەزایەتی کرێکارەکانی لێکەوتۆتەوە.

هەروەها بڕیاربوو لە گەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی ١٣٩٧ سەرجەم حەقدەست و مافەکانیتریان و نەورۆزانە و جەژنانە دواخراوەکانیان پێ بدرێت. بەڵام بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بڵاو کراونەتەوە هەر کرێکارێک دەبوایە ٢ میلیۆن و ٣٢٠ هەزار تمەنی وەرگرتبا، بەڵام هەر کرێکارێکی هەمیشەیی تەنها ٣٢٠ هەزار تمەنیان پێداون و بەم شێوەیە هەر کرێکارێک ٢ میلیۆن تمەنی لای کۆمپانیا و خاوەنکارەکان ماوەتەوە.

هەروەها کرێکارانی هەفت تەپە باس لەوە دەکەن کۆمەڵێک ماف و حەقدەستی تریان لای کۆمپانیا و خاوەنکارەکان ماوەتەوەو پێویستە خاوەنکارەکان دان بە سەرجەم مافەکان و حەقدەستەکانی ئەواندا بنێین و مافەکانیان پێ بدەن.

کرێکارانی هەفت تەپە، لە چەند ساڵی رابردوودا نیشانیانداوە کە ئاگاداری سەرجەم مافە پیشەیی و مەدەنییەکانی خۆیانن و زۆر بە وشیارییەوە هەوڵ دەدەن بۆ ئەوەی بە مافەکانی خۆیان بگەن. بێگومان درۆ و دەلەسە و وەعدی بێ بەڵێنی خاوەنکارەکان تا سەر بۆیان ناچێتەسەر و کرێکارەکان هەر کات کە خۆیان بە باشی بزانن، دێنە مەیدان بۆ گەیشتن مافە پێشەییەکانی خۆیان.

لە چەند ساڵی رابردوودا کرێکارانی هەفت تەپە، بۆ گەیشتن بە خواستە پیشەییەکانی خۆیان بەردەوام لە خەباتدابوون و ئەم بەردەوامبوونەیان وای کردووە قورساییەکی تایبەتیان هەبێت لە بزووتنەوەی مەدەنی و کرێکاری ئێراندا. پشتیوانی کردن لە خواست و مافەکانی کرێکارانی هەفت تەپە و سەرجەم بزووتنەوەی مەدەنی و کرێکاری ئێران، هاوپشتی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و مەدەنی و کرێکارییەکانی ئێران دەتوانێت ببێت بە دینامۆی گۆڕان لە ئێران بەرەو ئێرانێکی دیمۆکراتیک کە تێیدا مافی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا پارێزراو بێت و بەر بەوە بگیردرێت خاوەنکارەکان و خاوەن سەرمایەکان بە حەزی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن لەگەڵ کرێکارەکان.

یاسای کاری ئێران ، یاسایەکە لە بەرژەوەندی خاوەنکار و خاوەن سەرمایەکاندا و دەستی ئەوانی ئاوەڵا هێشتۆتەوە بەرامبەر بە کرێکارەکان بەوەی کە چۆن گرێبەست لەگەڵ کرێکارەکان دەبەستن یان ئەوەی چۆن ئەرکەکانیان وەک خاوەنکار و خاوەن سەرمایە جێبەجێ دەکەن. کرێکارانی هەفت تەپە زۆرجار دژ بەم سەرەڕۆییانەی خاوەن سەرمایەکان وەستاونەتەوەو هەڵوێستیان بووەو خوازیاری گەیشتن بە مافەکانیان بوون و هەن.


AM:10:11:04/04/2019




ئه‌م بابه‌ته 141 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌