ڕێوڕەسمی دوایین هەینیی ساڵ، بۆ پێشوازی کردنی نەورۆز لە تەرەغەی بۆکان بەڕێوەچوو

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ئاسۆی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، ٢٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٧ی هەتاویی، خەڵکی شاری بۆکان و دەورووبەر، بە نەریتی هەموو ساڵێک، بۆ پێشوازی لە هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیی، لە کێوی تەرەغەی سەر بە شاری بۆکان کۆبوونەوە و بە هەڵپەڕکێ و دەربڕینی شادی و خۆشی بەرەو پێشوازی نەورۆزەوە چوون.

ژمارەیەکی زۆر لە شاخەوانان و چالاکانی ژینگەپارێزی و مەدەنی لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش، لەم ڕێوڕەسمەدا بەشداریان کردبوو.

لە سەر بانگەوازی ناوەندیی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵی تەرەغەی بۆکان بە گوڵی سوور و جامانە، وەک دوو هێمای نەورۆزی ئەمساڵ (سەمای ئازادیی) ڕازابۆوە.

لە لایەکی دیکەوە، چالاکان و هەڵسووڕاوانی کۆمەڵە بە نەریتیی هەموو ساڵێک، سەرەڕای زاڵ بوونی کەشێکی ئەمنیەتیی توند بەسەر ناوچەکە و کۆنتڕۆڵ کردنی لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەکانەوە، چالاکی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوەبرد و بە بڵاوکردنەوەی پەیامی پیرۆزبایی کۆمەڵە و ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ڕوو بە جەماوەری خەڵکی کوردستان، پێشوازییان لە هاتنی نەورۆز کرد.

پێویستە ئاماژە بکرێت، دوایین هەینیی هەموو ساڵێک خەڵکی شاری بۆکان و شارەکانی دەورووبەر بۆ پێشوازی لە هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێ لە کێوی تەرەغەی بۆکان کۆدەبنەوە و بە خوێندنەوەی سروودی نەورۆزیی، هەڵپەڕکێ و بەرزکردنەوەی هێماکانی نەورۆز، پێشوازی لە ساڵێ نوێ دەکەن.

PM:09:08:15/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 347 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌