چوونە ژیانی هاوسەرییەوە لە تەمەنی منداڵیدا و کاریگەرییە خراپەکانی


ئا: لاوێن خەیری

بە شوودانی کچانی مناڵ لە ئێران لە چەند ساڵی رابردوودا پەرەی سەندوە، پەرەسەندنی ئەم دیاردە نیگەرانی گەرانی لایەنگران و چالاکوانانی مافەکانی ژنان و منداڵان بووە.

لە وەرزەکانی بەهار، هاوین و پاییزی رابردوودا لە پارێزگای لوڕستان بەپێی ئامارەکان لانیکەم سێ کچی کەمتر لە 10 ساڵ ئەویش بەپێی مۆڵەتی دادگا بە شوو دراون.بەپێی ئەو ئامارە هەر لەو 9 مانگەدا 670 کچی تەمەن 10 تاوەکو 14 ساڵان و سێ هەزار و 173 کچی 15 تاوەکو 19 ساڵان بە شوو دراون.

لە پارێزگای لوڕستان ئەوە بینراوە کە لە تەمەنی مناڵیشدا کوڕان ژنیان بۆ هێنراوە، لەو 9 مانگەدا لانیکەم هەشت کوڕی تەمەن 10 تاوەکو 14 ساڵان و 445 کوڕی 15 تاوەکو 19 ساڵ، ژنیان بۆ هێنراوە.

عەلی کازمی، راوێژکاری دەزگای دادی ئێران دەڵێت ''ساڵانە 500 تاوەکو 600 هەزار منداڵ لە ئێراندا ژیانی هاوبەش پێکدەهێنن. هەڵبەت هەموو ئەمانە ئەو منداڵانە لە خۆ دەگرێت کە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیان تۆمارکراوە. ئاماری ژیانی هاوبەشی نافەرمی روون نییە".

یاسای مەدەنی ئێران پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی بۆ کچان لانیکەم 13 ساڵ و بۆ کوڕانیش لانیکەم 15 ساڵ دەستنیشان کردووە. بەڵام بەپێی رەزامەندیی سەرپەرشت و دادگاش، لە تەمەنی کەمتر لەوەش دەتوانن ژیانی هاوبەش پێکبهێنن.

کۆنڤانسیۆنە جیهانییەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی منداڵان 18 ساڵ بۆ سەری وەک تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش دەستنیشان کردووە.

سەرەتای پاییزی ئەمساڵ پەڕلەمانی ئێران پڕۆژە یاسایەکی بۆ گۆڕانکاری لە لانیکەمی تەمەنی چوونە ژیانی هاوسەرییەوە پەسەند کرد، بەڵام دواتر کۆمیسیۆنی حقوقی و دادوەری پڕۆژە یاساکەی راگرت.

بە شوودانی کچان لە تەمەنی منداڵیدا، دەرەنجامی نێگەتیڤی تەندروستی زۆر خراپی بۆ ژنان هەیە و لەکاتی منداڵبووندا ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

رەخنەگرانی دەڵێن، پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لە منداڵیدا دەبێتە هۆی دابڕان لە خوێندن، منداڵێکیش کە ناخوێنێت لە داهاتوودا لە بواری داراییەوە سەربەخۆ نابێت و بەمجۆرە ئەم دیاردەیە لە نەوەکانی داهاتووشدا درێژە ژیانی خۆی دەدات.


PM:02:23:05/03/2019




ئه‌م بابه‌ته 89 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌