بەڕێوەچوونی ریوڕەسمی رۆژی کۆمەڵە لە وڵاتی ئاڵمان

رۆژی شەممە رێکەوتی ١٦ی فوریەی ٢٠١٩ی زایینی و لە شاری کوڵنی وڵاتی ئاڵمان بە ئامادەبوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان، کادرەکان، سەرکردایەتی کۆمەڵە و بەشێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی کوردی دانیشتووی ئاڵمان و نوێنەری ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکان رێوڕەسمێک بۆ رێز گرتن لە بیست و شەشی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە بەڕێوەچوو.

رێوڕەسمەکە سەرەتا بە سروودی بانگەواز سروودی رەسمی نێو ریزەکانی کۆمەڵە و خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانبازی ھاوڕێیانی گیانبەختکردوو دەستی پێکرد.

لە درێژەدا ھاوڕێ سوھەیلا بابەک وێڕای موزیک ژەن و ھونەرمەندی نێو ریزەکانی کۆمەڵە ھاوڕێ جەمشید ئاریانا چەند پەخشان و کۆپلە شیعریان پێشکەش کرد.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا ھاوڕێ فەرزاد شەریفی بە نوێنەرایەتی لە کومیتەی ئاڵمانی کۆمەڵە وێڕای بەخێرھاتنی میوانان کورتە باسێکی پێشکەش کرد.

پاشان داوا لە ھاوڕێ عەبدوڵڵا موھتەدی سکرتێری گشتی کۆمەڵە کرا بەم بۆنەوە قسە و باسێک پێشکەش بکات.

سکرتێری کۆمەڵە وێڕای پیرۆزبایی رۆژی بیست و شەشی رێبەندان و بەخێرھاتنی میوانان ئاماژەی بە دوایین گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و بە تایبەتی ئێران دا و شۆڕشی دەی مانگی گەلانی ئێرانی وەکوو خاڵی وەرچەرخان لە بزاوتی ئازادیخوازی لە ئێران پێناسە کرد.

ھاوڕێ عەبدوڵڵا موھتەدی بە ئاماژەکردن بە ئەگەرەکانی روودانی گۆڕانکاری لە داھاتووی وڵاتی ئێراندا ئاماژەی بەوە دا کە کۆمەڵە و ماباقی لایەنە سیاسیە کوردیەکان دەبێت بە داڕشتنی ستراتژی نوێ خۆیان ئامادەی ھەر گۆڕانێک لە داھاتووی ئێراندا بکەن.

بەڕێزیان لەم پێناوەدا چەند خاڵی وەکوو پێشنیاری کۆمەڵە روو لە ئەحزاب و لایەنە سیاسیەکانی دیکە پێشکەش کرد کە ناوەڕۆکی بەم شێوەیە دەبێت:

-گەڕانەوەی سەرلەنوێ بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەتی گوێ گرتن لە نەسڵی نوێی خەباتکاری کوردستان و ھەوڵ بۆ ھاودەنگ کردنی خواستە بنچینەییەکانی گەلی کورد.

-ھەوڵ بۆ دامەزراندن و کاراکردنی کۆنگرەیەک پێکھاتوو لە سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی رۆژھەڵات، چالاکانی سیاسی سەربەخۆ، رۆژنامەوانان و کەسانی ئاکادمیک لە دەرەوەی وڵات بە مەبەستی پێکھێنانی چوارچێوەیەکی بەڕێوەبەری تا تێپەڕکردنی دەورانی گوزار لە کۆماری ئیسلامی و بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنی ئازاد لە کوردستان.

-وەگەڕخستنی میدیایەکی پڕۆفیشناڵ و ناحیزبی و یەکگرتوو بۆ کوردستانی رۆژھەڵات.

-پێکھێنانی وەڤدی ھاوبەشی نەتەوەیی بۆ تەعامول لەگەڵ ئوپوزیسیونی ئێرانی.

- پێکھێنانی وەڤدی دیپلۆماسی ھاوبەش بۆ پەیداکردنی لۆبی بۆ دۆزی کورد لە دەرەوەی وڵات.

- پێکھێنانی لێژنەی ھاوئاھەنگی ھێزی پێشمەرگە و ھەوڵدان بۆ پێکھێنانی ئەرتەشێکی یەکگرتووی نەتەوەیی.

کاک عەبدوڵڵای موھتەدی وێڕای ئاماژە بەم خاڵانە وەکوو پێشنیاری کۆمەڵە رووی لە ھەموو لایەنە سیاسییەکان کرد و ئاماژەیان بەوەدا بۆ تاوتوێ کردنی ھەر پێشنیارێکی لایەنەکانی دیکەش لە چوارچێوەی وەگەڕخستنی گوتارێکی نەتەوەیی ھاوبەش ئامادەی وتووێژ و دانیشتنن.

لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا بەڕێزان جەمشید بەھرامی و دیمەن سوھرابی بە خوێندنەوەی چەند پەخشان بەشداری رێوڕەسمەکە بوون، ھەروەھا ھونەرمەندی لاو سولین مورتەزایی بە ژەنینی ئامێری ساکسوفون بەشداری رۆژی کۆمەڵەی کرد.

بەشی دووەمی رێوڕەسمەکەش بە ئامادەبوونی ھونەرمەندان میکاییل و شێرکۆ مەریوانی بۆ خۆشی و شایی بەشدار بووان تەرخان کرا.


AM:11:30:19/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 354 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌