ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران چەند داواکاریی ئاراستەی ڕێکخراوی یوونسکۆ کرد

بە بۆنەی رۆژی زمانی دایکییەوە، ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، نامەیەکیان ئاراستەی یونسکۆ کردوە. لەو نامەیەدا وێڕای ئاماژە بە گرینگی خوێندن بە زمانی دایکی، باس لە دۆخی زمانی نەتەوەکان دەکەن لە ئێران و پێشێل کردنی مافی خوێندن بە زمانی زکماگ لە ئێران دەدەنە بەر باس. هەروەها جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە خوێندن بە زمانی نەتەوەیی واتە زمانی کوردی مافێکی سەرەتاییە و یوونسکۆ وەک رێکخراوێکی نێونەتەوەیی خۆی زۆر جار جەخت لە سەر ئەم باباتە دەکاتەوە.

ئەمەش دەقی نامەکەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێرانە بۆ یوونسکۆ:

بەڕێز ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوونسکۆ)

سڵاو و ڕێز

ئێمە وەکوو حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەندامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە بەرەبەری ٢١ی فیورییە (ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی)دا بە پێویستمان زانی لە دووتوێی ئەم نامەیەدا بەڕێزتان لە بارودۆخی نالەباری زمانی دایکیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێران ئاگادار بکەینەوە و داواتان لێ بکەین وەکوو ئۆرگانێکی بەرپرسیار لەو پێوەندییەدا گوشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ئەوەی کە کۆتایی بەو ستەم و هەڵاواردنە بێنێ کە بە هۆی سیاسەتەکانی ئەو ڕێژیمە بە سەر کولتوور و شوناس و زمانی دایکیی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ئێراندا هاتووە.

ئێران وڵاتێکی فرەکولتوور و فرەنەتەوەیە کە هەرکام لە نەتەوەکانی پێکهێنەری ئەم وڵاتە خاوەنی زمان و شوناسی جیاوازی خۆیانن. بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ، ئاخێوەرانی هەر زمانێک مافی خۆیانە کە بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن و کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن و پەرەی پێ بدەن. هەر وەک دەزانن، ئەو مافە لە ڕاگەیەندراوی جیهانیی مافە زمانییەکان، جاڕنامەی زمانی دایکیی ڕێکخراوی یوونسکۆ، پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵانێشدا هاتووە. کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش هەموو ئەو پەیماننامە نێونەتەوەییانەی واژۆ کردووە و لە ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار بەو بەڵگەنامانە و یەک لەوانەش یوونسکۆدا ئەندامە. بە پێی مادەی ٩ی یاسای مەدەنیی ئێران، ئەو بەڵگەنامانە دەبێ وەکوو یاسا پەسەندکراوەکانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامیی ئێران کاریان پێ بکرێت. بەڵام کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پێچەوانەی بەرپرسیارێتییەک کە واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامانە دەیخاتە ئەستۆی، نەک هەر هێچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنیان هەڵنەگرتووە، بەڵکوو بەپێی ئەسڵی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، زمانی فارسی وەکوو تاقە زمانی فەرمیی وڵات دەناسێت و بە کردەوەش پرسی خوێندن بە زمانی دایکیی نەتەوە نافارسەکانی ئێران (کە زیاتر لە نێوەی حەشیمەتی ئێران پێک دەهێنن) وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر تەناهیی نیشتمانی و یەکپارچەیی وڵات پێناسە دەکات و ئامادە نییە دان بە مافە زمانییەکانی ئەو نەتەوانە و یەک لەوانە نەتەوەی کورد لە ئێران و ناوچەکانی کوردستانی ئێراندا بنێت. لەو پێوەندییەدا ڕێژیمی ئێستای ئێران بە درێژەدانی سیاسەتەکانی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوی، ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و سڕینەوە و سووکایەتی بە کولتوور و شوناسی بەشێکی زۆر لە نەتەوەکانی ئێران، گۆڕینی دێمۆگرافی و تواندنەوەی زمانی کوردی و زمانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی دیکەی لە نێو زمانی نەتەوەی باڵادەستدا گرتوتە پێش و سەرمایەکانی وڵاتی خستۆتە خزمەت سیاسەتی تواندنەوەی کولتوور و شوناسی ئەو نەتەوانە. چالاکانی کولتووری و زمانیی کورد، کە بە شێوەی خۆبەخشانە هەوڵ دەدەن خولی فێرکردنی زمانی دایکی بۆ ڕۆڵەکانی ئەم نەتەوە ستەملێکراوە بەڕێوە ببەن، لەگەڵ بەربەستی جۆراوجۆر لە لایەن دام و دەزگا حکوومەتییەکانەوە بەرەوڕوو دەبن و حکوومەت مۆرکی تاوانی ئەمنیەتی لە چالاکییە مافخوازانەکانیان دەدات.

ئێمە وەکوو حیزب و ڕێکخراوەکانی ئەندام لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا کە بۆ وەدیهێنانی مافە سیاسی و مرۆییەکانی نەتەوەی ستەملێکراوی کورد لە کوردستانی ئێراندا خەبات دەکەین، داواتان لێ دەکەین چاوەدێرییەکی چالاکانە بە سەر هەڵسوکەوت و سیاسەتی کاولکارانەی ڕێژیمی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکەن و هەوڵ بدەن گوشار بخەنە سەر ڕێژیم بۆ ئەوەی کە پابەندیی خۆی بە یاسا و پرەنسیپەکانی ڕێکخراوی ئێوە و ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە زمانی دایکی، کە بۆ خۆی واژۆی کردوون، بە کردەوە بسەلمێنێت و کۆتایی بە ستەم و سەرکوت و هەڵاواردن لە دژی کولتوور و زمانی دایکیی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد بهێنێت.



لەگەڵ ڕێزماندا

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی



AM:09:31:19/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 113 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌