بۆکان/ دۆستێکی باوەفای کۆمەڵە ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بە پێی هەواڵێک کە بە ناوەندی هەواڵی ڕۆژهەڵات گەیشتووە، دوێنێ شەممە ٢١ی ڕێبەندان کاک حسێن مەلەکی ناسراو بە "حسێن گەورکی" دۆستی دێرین و باوەفای کۆمەڵە لە شاری بۆکان ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

کاک حسێن ساڵی ١٣١٩ لە ئاوایی شەڕەفکەندی سەر بە شاری بۆکان لە دایک بوو. لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێران لەگەڵ کۆمەڵە و سیاسەتەکانی کۆمەڵە ئاشنا بوو. کاک حسێن لە شەڕی گرتنەوەی پایەگای شەڕەفکەند و هەروەها شەڕەکانی سەدراباد و ئاشی گوڵان چالاکانە یارمەتی دەری هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بوو و ڕۆڵی بەرچاوی گێڕا.

ناوبراو یەکێک لە هاوڕێیانی نزیکی هاوڕێی گیانبەختکردوو کاک سەعیدی ئاجیکەند بوو.

کاک حسێن کەیخودایەکی لێهاتوو و کەسایەتییەکی جێگەی بڕوا و متمانەی خەڵکی ناوچەکە بوو کە دوا هەناسە خۆی بە کۆمەڵە و لایەنگری ڕێبازی کۆمەڵە دەزانی.

لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتەوە سەرەخۆشی لە کەس و کاری کاک حسێن دەکەین و یادی هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.


PM:10:30:11/02/2019




ئه‌م بابه‌ته 405 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌