خوشکی یەکەم پێشمەرگەی گیانبەختکردووی کۆمەڵە ماڵئاوایی لە ژیان کرد



بە پێی هەواڵێک کە بەناوەندی هەواڵی رۆژهەڵات گەیشتووە، دادە فاتمە موعینی کچی گەورەی میرزا محەمەد ئەمین موعینی، خوشکی چکۆلەی شەهید سولەیمانی موعینی و خوشکی گەورەی گیانبەختکردوان عەبدوڵڵا و خانە موعینی، رۆژی یەکشەممە ٧ی رێبەندان بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
دادە فاتمە موعینی رۆژی ٢٥ی رەشەمەی ١٣١٦ هەتاوی لە مەهاباد لە دایکبوو. ساڵی ١٣٣٥ لەگەڵ کاک لەتیف کەریمی ژیانی هاوسەری پێک هێنا و دایکی ٣ کچ و دوو کوڕە.
شەهید بوونی براکانی، بە تایبەت گیانبەختکردنی برای بچووکتری (کاک خانە) کاریگەری زۆری لەسەر دانا و بوو بە هۆی ئەوەی جەستەی تێک بشکێت و ژان و ئازار جەستەی دابگرێت.
ساڵی ١٣٨٣ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوو و دوای چەندین جار نەشتەرگەری بە داخەوە رۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ لە تەمەنی ٨١ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.
هاوڕێ سەعید موعینی (خانە) یەکەم پیشمەرگە کۆمەڵە ٣١ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٥٧ لە ئاوایی دڕەی ناوچەی ماوتی کوردستانی باشوور لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گیانی ئازیزی بەخت کرد. سەرکردایەتی کۆمەڵە بەو بۆنەیەوە و بۆ ڕێز لێنان لە کاک خانەی موعینی ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ناوزەد کرد.
لە لایەن کۆمیسیۆنی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە و سەرجەم ڕیزەکانی پێشمەرگەی کۆمەلەوە، هاوسۆزی و هاوخەمی خۆمان لەگەڵ بنەماڵەی سەربەرز و شۆڕشگیڕ موعینی دەردەبڕین و هاوخەم و هاوسۆزیانین.

کۆمەڵەی شۆڕشگیڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمسیۆنی ناوەندی ڕاگەیاندن
٢٨/١/٢٠١٩

 


PM:05:04:28/01/2019




ئه‌م بابه‌ته 459 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌