لە ماوەی یەک هەفتەدا ١٢ کۆڵبەری کورد بوون بە قوربانی


ئا: ئاسۆی رۆژ

لە حەوتووی رابردوودا و لە ماوەی کەمتر لە ماوەی ١٠ رۆژدا ١٢ کۆڵبەری کورد بوون بە قوربانی، بە تەقەی هێزەکانی رژیم گیانیان لە دەستداوە یان بریندار بوون. لەم راپۆرتەدا ئاوڕێکی کورت بە ناو و ژمارەوە دەدەینەوە لە سەر قوربانی بوونی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوور و کوژران و برینداربوونیان بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی رژیم.

رۆژی چوارشەممە ١٠ی سەماوەز بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەچەکدارەکانی رژیم لە کۆڵبەر و کاسبکارانی سەر سنوور، کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ بە ناوی "عەبدولقادر ساڵەحیان" کوڕی جەمیل کە خاوەنی ژن و مناڵە گیانی لە دەستداوەو تەرمەکەی گەیەنراوەتە نەخۆشخانەی "نەبی ئەکرەم"ی شنۆ.

ئەم کاسبکارە کوردە چەند رۆژ پێشتر واتە ١٠ی سەرماوەز بە تەقەی هێزەکانی رژیم گیانی لە دەستداوە، بەڵام پاش ٤ رۆژ واتە رۆژی ١٤ی سەرماوەز تەرمەکەی دۆزراوتەوە.

هەر لەم پەیوەندەدا رۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی "جەعفەر مونیر"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی سەردەشت، هاوکات لە گەڵ گرووپێک لە کۆڵبەرانی دیکه، لە سەر خاڵی سیفری سنووری ئەم شارە لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و لە ئاکامدا لاقی بریندار بووە.

هەروەها لە هەمان رۆژ، واتە لە رۆژی سێ شەممە ١٣ی سەرماوەزا لە سنوورەکانی سەردەشت کۆڵبەرێکیتر بە ناوی "خالید سەلیمی" تەمەن ٢٣ ساڵ بریندار بووەو دوای برینداربوون گەیەندراوتە نەخۆشخانە.

هەر لەم رۆژەدا و لە سنووری سەردەشت کۆڵبەرێک بە ناوی "عادل شافعی" بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیم لە سنووری سەردەشت بریندار بووە.

هەر لە هەمان رۆژ، واتە لە ١٣ی سەرماوەزدا لە سنووری کانی خوا، لە پیرانشار کۆڵبەرێک بە ناوی "شاهین محەممەدی" بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکانی رژیم برینداربووەو بە برینداری گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

رۆژی هەینی ٩ی سەرماوەز چەکدارەکانی رژیم لە سنووری دڵاوانی سەر بە شاری پیرانشار تەقەیان لە ژمارەیەک لە کۆڵبەرەکان کردووە بە داخەوە بە هۆی تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیمەوە لەو سنوورە، کۆڵبەرێک خەڵکی گوندی دایماوە، سەر بە نەغەدە بە ناوی محەممەد عەباسی کوڕی عەبدوڵڵا گیانی لە دەستداوە.

لە پەیوەند لەگەڵ تەقەی هێزەکانی رژیم لە سنوورەکانی کوردستان ، رۆژی هەینی، ٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی "جبرەئیل ئەحمەدی" خەڵکی ناوچەی سۆمای ورمێ لە ئاکامی تەقەی هێزە ئینتیزامییەکاندا له ڕێگای گەیشتن به هەشتیان ، شانی بریندار بووە.

هەر لەم پەیوەندەدا رۆژی پێنج شەممە ٨ی سەرماوەز لە سنووری بانە کۆڵبەرێک بە ناوی "هادی سەلیمی" تەمەن ٣٠ ساڵ بە تەقەی هێزەکانی رژیم گیانی لە دەستدا و ٢ کۆڵبەریتر کە ناسنامەی یەکیان بە "یادگار سەلیمی" کوڕەمامی هادی سەلیمی ئاشکرا کراوە، بریندار بووە.

هەروەها بە پێی ئەو هەواڵەی کە بە ئاسۆی رۆژ گەیشتووە، هەر لەم رۆژەدا لە سنووری بانە کۆڵبەرێکیتر بە ناوی"سەعدوڵڵا شەریف زادە" ٢١ ساڵ تەمەن بە هۆی بەربوونەوە لە شاخ بە سەختی بریندار بوو بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانەی بانە بە مەبەستی چاودێری پزیشکی.


هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی سەرماوەز، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان لە سنووری پیرانشار کەوتوونەتە کەمینی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران و بە هۆی تەقەی ئەو هێزانەوە، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی "شەریف مەحبووب"، تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی قادر، نێوقەدی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار.

لە پەیوەند لەگەڵ کوشتن و بریندار کردنی کۆڵبەرەکان لە سەر سنوورەکانی کوردستان، بە پێی راپۆرتەکان و ئەو هەواڵانەی بە ناوەندە هەواڵنێرییە کوردییەکان گەیشتوون، لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠١٨ دا ٢٧ کۆڵبەر لە سەر سنوورەکان گیانیان لە دەستداوە یان بریندار بوون. لە کۆی ئەو ٢٧ کەسە ٨ کەسیان بە تەقەی هێزەچەکدارەکانی رژیم گیانیان لە دەستداوەو ١٧ کەس بریندار بوون. ١٦ کەسیان بە تەقەی راستەخۆی هێزە چەکدارەکانی رژیم بریندار بوون و ١ کەسیان لە بەرزاییەوەو لە سنوورەکانی بانە کەوتۆتە خوارەوە بریندار بووە.

بە پێی ئامارەکان و ئەو هەواڵانەی بڵاو بوونەتەوە لە چاو ساڵانی پێشتر رێژەی ئەو کۆڵبەرانەی کە دەبن بە قوربانی زۆر زیاتر بۆتەوە. لە لایەن ناوەندەکانی دەسەڵات و بەرپرسانی دەسەڵاتەوە هێزەچەکدارەکانی رژیم راستەوخۆ ئەرکدار کراون کە دەست لە کۆڵبەر و کاسبکارەکانی سەر سنوور نەپارێزن. لە لایەکتریشەوە خەڵکی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی داهات، بە هۆی نەبوونی دەرفەتی کار بە ناچار روو دەکەنە کاری مەترسیداری کۆڵبەری. کۆڵبەری کار نییە، بەڵکوو تەنها مەترسی کردن و گرتنە بەری رێگایەکی مەترسیدارە بۆ دابینکردنی بژیوی ژیان. خەلکی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان ئەگەر ئەم ڕێگا پڕمەترسییە هەڵدەبژێرن بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان بە هۆی نابەرپرس بوونی بەرپرسانی حکوومەتیەوەیە کە هیچ گرینگییەک بە بونیادنانی ژێرخانی ئابووری کوردستان و ئێران نادەن. بەرپرسانی حکوومەتی هەرکات ڕووبەڕووی پرسی کۆڵبەرەکان و گیان لەدەستدان و قوربانی بوونیان دەبنەوە، هیچ وەڵامێکی دروست و گونجاویان نییە و تەنانەت وشەی کۆڵبەر بە "وشەیەکی داتاشرا" و دروستکراو ناودەنێن.

کۆلبەرەکانی سەر سنوور، سەر بە یەک چینی دیاریکراون، واتە چینی هەژار و کەم داهاتی کۆمەڵگا. بەڵام سەر بە توێژی جیاوازی کۆمەلگان. هەر لە لاو و پیرەوە بگرە تا ژن و پیاو. خوێندەوار و کەم خوێندەوار. بە شێوەیەک کە تەنانەت چەندین کەس کە لە سەر سنوورەکان خەریکی کاری مەترسیداری کۆڵبەرین، خوێندنی زانکۆیان تەواو کردوەو ژمارەیەکیان "ماستەر" واتە "کارناسی باڵا"یان هەیە. تەنانەت ماوەیەک لەوە پێش کۆمەڵێک رەسم و ڤیدیۆ بڵاوکرایەوە لە کۆڵبەرێکی مەریوانی بە ناوی "تەها غەفاری" بڵاو کرایەوە کە وەرزشکارەو خاوەنی چەندین مەدالیای نێونەتەوەییە، بەڵام بە هۆی نەبوونییەوە بەناچار خەونی بەشداری لە "ئۆلمپێک" لەبیر کردوە یان بەس بووە بە خەونێک و رۆژانە لە سەر سنوورەکان خەرێکی کاری سەختی کۆڵبەرییە.

یان ئەوەی دەبینین لاوێکی کوردی خەڵکی پاوە بە ناوی "کەیوان کەیوانفەڕ" خەڵکی گوندی "دڵمەرز" هەڵگری بڕوانامەی ماستەر لە پلان دانای شاری، کە ساڵی ١٣٩٠ زانکۆی تەواو کردوە، بە هۆی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کارەوە بە ناچار رووی کردۆتە کاری سەخت و مەترسیداری کۆڵبەری و ئەوە ٧ ساڵە بۆ بژیوی ژیانی خۆی و بنەماڵەی خەریکی ئەم کارە دژوار و مەترسیدارەیە.

پرسی کۆڵبەرەکان بووە بە پرسێکی گرینگ و رۆژ و تەنانەت بەوەش دەچێت ببێت بە پرسێکی نێونەتەوەیی، تا ئێستە چەندین فیلمی دیکۆمێنتاری لە سەر ژیانی کۆڵبەرەکان بەرهەم هاتووەو چەندین وتاری جیاواز لە سەریان نووسراوە. ئەرکی چالاکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناوخۆی و دەرەوەی وڵاتە زیاتر کار لە سەر ئەم پرسە بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بە دونیا بناسرێت و گوشار بۆ دەسەڵات دروست بکرێت بەوەی وەها بێ شەرمانە تەقە لە کۆڵبەرەکان نەکرێت.

سەرچاوەکان:
١- ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژ، بەشی کوردی و فارسی
٢- ماڵپەڕی کوردپا
٣- ماڵپەڕی هەنگاو
٤- ماڵپەڕی هرانا


PM:10:28:05/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 88 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌