دوایین زانیارییەکان لە سەر بوومەلەرزەکەی کرماشان+ وێنە


ئا: ئاسۆی رۆژ

ئێوارەی یەکشەممە٤ی سەرماوەز، کاتژمێر ٧:٣٨ خولەک بە کاتی هەولێر، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.٣ ریشتەر (ریختەر) کوردستانی باشوور و رۆژهەڵاتی هەژاند. بوومەلەرزەکە بەشێکی زۆر لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و باشووری لەراندەوە.

ناوەندی بوومەلەرزەکە، کرماشان و ٢٠ کیلۆمەتری سەرپێل زەهاو دیاری کراوە. بە پێی ئامارە حکوومەتییەکان ٧٤٠ کەس بریندار بوون و ژمارەیەک لە بریندارەکان بە هۆی قووڵی برینەکانیانەوە گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی کرماشان و سەرپێڵ و رەوانەی شارەکانیتری ئێران کراون.

هەروەها بە پێی زانیارییەکان بە داخەوە ئەم بوومەلەرزەیە زیانی ماددی زۆری لێکەوتۆتەوە. هەرچەند سەرەتا زانیاییەکان لە کەسانی نزیک بە ڕووداوەکەوە باسیان لەوە کرد کە ٧ کەس گیانیان لە دەستداوە ، بەڵام ناوەندە فەرمییەکان هیچ زانیارییەکیان لەو بارەوە بڵاو نەکردۆتەوە. هەروەها لە ئێستادا بەختەوەرانە باس لەوە دەکرێت کەس لەو بوومەلەرزەیەدا گیانی لە دەست نەداوە.

هەروەها دەوترێت بوومەلەرزەکە بووە بە هۆی ترساندن و تۆقاندنی خەڵک و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکانی کوردستان شەوی یەکشەممە لە سەر دوو شەمەم سەرەڕای هەوای سارد و بارینی باران لە دەرەوەی خانووەکانی خۆیان و لە سەر شەقامەکان رۆژیان کردۆتەوە.

بە پێێ ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە بوومەلەرزەکە لە کرماشان و دەورووبەری خەساری ماددی لێکەوتۆتەوەو بووە بە هۆی رووخانی ژمارەیەکی زۆر لە خانووەکان.

کەسێکی دانیشتووی ناوچەکە کە ناوی لای ئاسۆی رۆژ پارێزراوە، لە وتووێژێکی کورت لەگەڵ ئاسۆی رۆژ باسی لە نیگەرانییەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە کرد. ئەم شارۆمەندە کوردە لە قسەکانیدا بۆ ئاسۆی رۆژ وتی :" خەڵکی ناوچەکە تووشی ترس و دڵەراوکە هاتوون. هێشتا کاریگەرییە ماددی و رۆحییەکانی بوومەلەرزەکەی پار لە سەر خەڵک با ئاشکرا دیارە. ئەو خەڵکانەی کە لە بوومەلەرزەکەی ٢١ی خەزەڵوەری ساڵی پاردا خانووەکانیان رووخا و زیانیان بەر کەوت، هێشتا ناو کانێکس و خێمەدا دەژین. خانوویەکیان نییە بە سەریاندا بڕووخێت."

ئەم کەسە لە قسەکانیدا بۆ ئاسۆی رۆژ هەروەها وتی :" خەڵک بە تەواوەتی گومانی هەیە لەوەی کە ئەم بوومەلەرزانە سروشتی بن. راستە دەزانین ئەم ناوچەیە لە سەر هێڵی بوومەلەرزەیە ، بەڵام لەم ناوچەیە لە هیچ کوێ وەها نەبووە لە ساڵێکدا پتر لە ١٥٠٠ بوومەلەرزە بێت. خەڵکی ئەم ناوچەیە وای پێ هاتووە هاتنی بوومەلەرزە بە ریشتەری کەم بۆی ئاسایی بۆتەوە. "

ئەم شارۆمەندە کوردە کە مامۆستای یەکێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای کرماشانە باسی لەوە کرد:"خەڵک لە ترسا خەریکن ئەم ناوچەیە چۆڵ دەکەن. کۆچکردن لەم ناوچەیە زۆر زیاتری کردوە. هەست دەکەیت دەستێک دەیهەوێت خەڵکی کورد نیشینی ئەم ناوچەیە ئێرە چۆڵ بکەن و خەڵکانیتر جێگایان بگرنەوە. ئەمە جێی مەترسییە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە. داوا لە خەڵک دەکەم مڵک و زەوی و زاری خۆیان مەفرۆشن و روو نەکەنە شوێنیتر."

هەروەها لە بارەی خزمەتگوزاری بۆ بوومەلەرزە لێدراوەکانی ساڵی پار ئەم کەسە وتی :" وا بزانم هەموومان، ئەوەی ئاگاداری رووداوی بوومەلەرزەکەی کرماشان و سەرپێڵ بێت دەزانێت خەڵک لە چ دۆخێکدا دەژین. خەڵک ئێستەش ناو خێمە دەژین، ژیانیان لە ناو خێمەدا بەڕێ دەکەن. لە گەرمای هاوین، گەرمای سەرو ٥٠ پلە لە سەرپێڵ کە گەرمێنە خەڵک لە خراپترین دۆخدا دەژیان. ئەوە دووهەم زستانە خەڵکی ئەم ناوچەیە لە ژێر باران و بەفردا لە خێمە و کانێکس دا دەژین. دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەکان ئامادە نین خزمەتگوزاری بگەیەننە خەڵک. ئاخر لوبنان و یەمەن و سووریە بۆ ئەوان گرینگترە، ئێمەی کورد کەی بۆ ئەوە دەبین گرینگیمان پێ بدەن. حکوومەت تەنانەت نایهەوێت و ناهێڵێت ئەو یارمەتییە خەڵکیانەش بە دەستمان بگات. "

ئەم چالاکە لە حاڵێکدا وێنەی ژیانی ناو خەڵکەکەی نیشانی ئامادەکاری راپۆرتەکەی ئاسۆی رۆژ دەدا وتی :" لە بیرتانە کە ئەو کاتە سادق زیباکەلام هاواری کرد کە ٣ میلیارد تمەن یارمەتی گەیشتۆتە سەر ئەژماری بانکیەکەی. ئەی کوا ٣ میلیارد تمەنەکەی. لە کوێیە کە خەڵک لەم دۆخەدا نەژین. ئەڵێین وتوویەتی پرۆژەی کەلتووری- رۆشنبیری پێ دروست دەکەم. ئەو خەڵکە کە متمانەیان بەو کردوە پارەیان بەو سپاردوە بۆ ئەوەیان پێ سپاردووە کە بە هانای خەڵکەوە بچێت نەک پارەکە لە ئەژماری بانکییەکەی خۆی دانێت. من شوێنم نییە تێیدا بژیم. مناڵانمان قوتابخانە و خوێندنگەیان نییە تێیدا بخوێنن، پرۆژی کەلتووری پێویستە بەڵام لە پرۆژەی کەلتووری پێویستتر شوێنێکە خەڵک، خۆی و ژن و مناڵی تێیدا بحەوێنەوە. مناڵان تێیدا بخوێنن. بە ٣ میلیارد تمەن زۆر کار دەکرێت کە ئێستە لە ئەژماری بانکی ئەو بەڕێزەدا خەوتووەو هیچی پێ ناکرێت، بە پێچەوانەوە هەموو مانگێک دەیان میلیۆن تمەن سوودی و خێری ئەو پارەیە دەچێتە سەر ئەژمارەکەی.

یان دەبینن کەسێکی وەک عەلی دایی، هاواری لێ بەرز بۆتەوە کە ناهێڵن یارمەتییەکان بگەیەنمە دەستی خەڵک. ئەو بە تایبەت باس لە دوو ناوەند ئەکات، هیلالی ئەحمەر و سپا. مانگی سوور (هیلالی ئەحمەر) دەیهەوێت بە قەولی خۆیان پارەکە لە لایەن ئەوانەوە دابەش بکرێت، بەڵام رەنگە رێژەیەکی کەمی بگاتە خەڵک. بەڵام بەشی زۆری لە سووریە و یەمەن و لوبنان و عێراقەوە سەر دەردێنیت.

لە بەشێکیتری قسەکانیدا ئەم چالاکە مەدەنییەی ناوچەی کرماشان بە نیگەرانییەوە باسی لە زیان بەرکەوتووانی بوومەلەرزەکە کرد و وتی :" زستانی پار بەشی زۆری خەڵکی بوومەلەرزە لێدراو لە ناو خێمەکاندا بوون، بە هۆی سەرماوە چەند کەس گیانیان لە دەستدا. حکوومەت بەڵێنی دا تا کۆتایی هاوینی ئەمساڵ، یانی ٣ مانگ لەوە پێش هەموو بینا رووخاوەکان چاک بکاتەوەو خەڵک بڕۆنەوە ناو ماڵ و ژیانی خۆیان. رووحانی لە سەفەرەکەیدا بۆ سەرپێڵ وەها بەڵێنێکی بەخەڵک دا. بەڵام ئەوە هاوین دەبێت بە زستان. پرسیار ئەوەیە چەند لە سەدی خانووە رووخاوەکان و گوندە وێران بووەکان چاک کراونەتەوە؟ بڕۆن بە چاوی خۆیان بیبینن. هێشتا ئەڵێی رۆژی یەکەمی بوومەلەرزەکەیە. بوومەلەرزە دای لە وڵاتێکی وەک ژاپۆن، ٨٠ لە سەدی شارێکی رووخاند، چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی تێدابوو، خەڵکی ئەو شارە ئاوارە بوون، بەڵام دوای ٢٤ کاتژمێر قوتابخانە بە باشترین شێوە بۆ مناڵەکان لە ناو کەمپەکان رێکخرا و کەمتر لە ٣ مانگی خایاند شارەکەیان بونیاد نرایەوە. بەڵام ئێمە چی؟ ئەزانی چەند مناڵ ئەمساڵ نەیانتوانیوە بچنە بەر خویندن لە سەرپێڵ و دەورووبەری؟ ئەزانی چەند کەس لەم ماوەیەدا خۆی کوشتووە؟ ئەمانە هەمووی کارەساتە، بەداخەوە ئەم بوومەلەرزەیەی دوێنێ شەویش کە هات ( شەوی یەکشەممە) برینەکەی قووڵتر کردینەوە. ژمارەی بێ خان و لانەکان و خێمە نشین و کانێكس نشینەکان زیاتری کرد. زستانێکی قورس، چەتوون چاوەڕێمانە. هەموو کات ئێمە خۆزگەمان دەخواست ببارێت، بەڵام ٢ ساڵە خۆزگە دەخوازین نم ئاسمانەوە نەیەتە خوار. ئاخر نازانیت ژیان لە نێو خێمەکان چۆنە و چۆن دەگوزەرێت.

لە کۆتایی قسەکانیدا و کاتێک لێمان پرسی وەک خەڵکی سەرپێڵ و کرماشان چ چاوەڕوانییەکتان هەیە لە دانیشتوانی شارەکانیتری کوردستانی رۆژهەڵات، لە وەڵامدا وتی :" ساڵی پار هاوکاری بێ وێنەی خەڵکی شار و گوندەکانی کوردستانی رۆژهەڵات بێ وێنە بوو. خەڵک لە دەمی خۆی و ماڵ و مناڵی خۆی ئەگرتەوەو دەینارد بۆمان. لە بیرمانە و قەت لە بیر ناچێت. ئێمە خەڵکی شارەکانی کوردستان بە گەورەترین پشتیوانی خۆمان ئەزانین. بەڵام لە بیرت نەچێت دۆخی ئابووری خەڵک لە چاو ساڵی پار زۆر خراپتر بووە. ئەو خەڵکەی ساڵی پار دەیتوانی بە ٢٠ هەزار تمەن ١٠ کیلۆ رۆن بکرێت ، ئێستە ئەبێ ٧٠-٨٠ هەزار تمەن بدات بە هەمان ١٠ کیلۆییە رۆن. سەرچاوەی داهات کەمی کردوە زیادی نەکردووە، بێکاری زیاتر بووە. ئەرزش و بەهای پارەی ئێران ٤ قات کەمی کردووە، بۆیە لێرەشدا گوشارەکان وا دەکەن نەتوانیت چاوەڕوانی زۆرت هەبێت لە خەڵکی گوند و شارەکانیتری کوردستان. لە بیرمانە لە شنۆ، بۆکان، سەقز، مەریوان، مەهاباد و سنە و .. ەوە خەڵک چیان کرد. خەڵک جلی بەر خۆی دەنارد. قاپ و قاچاخی سەر سفرەی خۆی دەنارد. نەوتێک کە بۆ سووتەمەنی خۆی کریبووی دەینارد. لە بیرمانە بە کاروان شت دەهات. دەوڵەت دەستی بە سەر زۆریدا گرت. نەگەیشتە دەستمان. ئەوەشی گەیشت بە داخەوە هەندێ جار نەتوانرا بە دروستی دابەش بکرێت. بەڵام لە ئێستادا ناتوانم وەها چاوەڕوانییەکم هەبێت.



PM:03:33:26/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 423 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌