راگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە بە بۆنەی ٢٥ نۆڤامبرەوە


ڕێکخراو و کەسایەتی و چالاکانی مافی ژنان

ژنانی پێشەنگ، پێشەنگەکانی ژنان

ژن سەرچاوەی ژیان، دوورگەی لەخۆبردوویی و خۆشەویستی، و هێمایەک لە ژیانەوەیە. جوانترین شێعرەکان، بە هەستترین نامیلکەکان، بەرزترین وشەکان و بەڕێزترین سیفەتەکانی مرۆڤایەتی، بۆ ژنان گوتراوە، بە دەمیانەوە پێدەکەنێ و لەبەر سینگیان دراوە. ژنان، جگە لە بەڕێوەبردنی کاروباری تایبەت بە خۆیان، زۆرجاران وەکوو کۆڵەکەیکی دەروونی و دەرەکی، پاڵپشت و پشتیوانی پیاوەکان بوون.

ژنان لە هەموو قۆناغەکانی ژیاندا، لەخۆبردووانە و سەرکەوتووانە ڕۆڵیان گێڕاوە و قایمتر و بەرپرسانەتر لە پیاوان ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان ڕاپەڕاندووە. ژنان نەک تەنیا نیوەی کۆمەڵگا، بەڵکوو پارێزەری هاوسەنگی، ڕەمزی پێکەوەبوون و پێکەوەژیان، و ڕاهێنەری جیلی نوێن وەکوو سەرچاوگەی سەرمایەی مرۆیی لە داهاتوودا. ئەوان ڕوویەکی دیکەن لە کۆمەڵگا کە بە خۆشەویستی و ڕۆحی نەرمی ژنانەیان، زبرایەتی شەڕ، دەسەڵات، پاوان و تاوان و توندوتیژیان وەلاناوە.

بەڵام مەخابن، ئێستایشی لەگەڵ بێت، لە سەدەی ٢١دا، لە هەندێک کۆمەڵگائ دواکەوتوو، کولتووری چەقبەستوو یاکوو دەسەڵات و سیستەم و یاسای کۆنەپەرەست و پیاوسالارانە، هێشتاکە ژنان دەچەوسێنەوە، گیرۆدەی هەڵاواردنی ڕەگەزین یاکوو بەرەوڕووی ئازار و ئەشکەنجە و توندوتیژی دەبنەوە.

هەر بەم بۆنە و لەم پەیوەندییەدا، بە مەبەستی وەبیرهێنانەوە و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم دیاردە بێ مانا و نا مرۆڤانەیەدا، ڕۆژی ٢٥ی نوامبری هەموو ساڵێک وەکوو ڕۆژی جیهانیی خەبات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ناونراوە و لە یادی خووشکانی "میراباڵ"دا ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی ئەم جۆرە کردەوانە و خەسارەکانی دوای ئەوە زەق دەبێتەوە.

ئەگەرچی توندوتیژی لە دژی ژنان، دیاردەیەکی نوێ و بەرتەسک نییە و لە زۆریەک لە کۆمەڵگاکاندا لە ڕەواڵەت و شیوازی جۆراوجۆر ڕوو ئەدات بەڵام بە گشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی لە ئێران و کوردستان _کە شوێنی ژیان و حەوانەوە و مەبەستی ئێمەیە_ بەهۆی کولتووری زاڵی گۆڕدراو، ڕوانینی دوگم و ترادیسیوناڵ، کاریگەری و کارتێکەری نەرێنی شەرێعەت و ئائین و هەروەها دەسەڵاتی کۆنەپەرەستان و یاساگەلی دژە مرۆڤانەی وڵاتانی سەردەست، ئەم دیاردەیە زیاتر و زەقتر خۆدەنوێنێت.

ژنانی پێشڕەو و خەباتکار

ئێوە ڕێگایەکی دژوارتان لە بەرە و ئەرکێکی قورستان لەسەر شان، ئەگەرچی ئێوەی خۆڕاگر کۆڵتان نەداوە بەڵام جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئێمەش وەکوو کۆمەڵە، یەکەم حیزب و ڕەوتی سیاسی-کۆمەڵایەتی بووین کە ئاڵای بەرابەری ژن و پیاومان هەڵگرت و ڕێگای بەرەنگاری لە مافە ڕەواکانتان و بەگژداچوونەوەی کولتوور و ڕێوڕەسمە دواکەوتووەکانمان گرتە بەر و هەتا ئەمڕۆش شێلگیرانە و سوورتر لەو مەیدانەدا خەباتمان کردووە.

ڕوانگەی ئێمە لە ئەساسدا بۆ پرسەکانی سەبارەت بە ژن و ئەو بەشە لە کۆمەڵگا، تێڕوانینێکی ئازاد، بێسنوور، بەرابەر و دادخوازانەیە و لەم بوارەشدا خۆمان بە هاوسەنگەری ڕاستەقینەی ئێوە دەزانین. ئەمە لە پێشوودا و ئێستاکەش نە وەک دروشم بەڵکوو بە کردەوە سەلمێندراوە. ژنانی نێو ڕیزەکانی کۆمەڵە وەکوو تاکێکی ئازاد هەڵسووڕانیان بووە، بەرپرسایەتی و فەرماندەییان لە ئەستۆ گرتووە و بۆ پارێزگاری لە خۆیان و مافەکانیان، هەروەها پاراستنی ئاو و خاک و بەها ئینسانییەکان، شانبەشانی پیاوان هەستاون و تەنانەت چەکیان لە شان کردووە.

ئازیزان و هاوسەنگەران

توندوتیژی لە دژی ژنان، ڕەهەندگەلی جۆراوجۆر و جیاواز لە خۆ دەگرێت کە هەرکامەیان کاردانەوە و خەساری تایبەتی جەستەیی، جینسی، دەروونی و کەسایەتی لێدەکەوێتەوە. هەموو ئەم قەیرانانە پێویستیان بە ڕیشە یابی، خەسارناسی، لێکۆڵینەوە و بنبڕکردنی هۆکارەکانی سەرهەڵدانیەتی. ئاگادارکردنەوەی گشتیی، چاکسازی کولتووری، پەروەردەی درووست و ڕێگری یاسایی دەتوانێ پێش بەم دیاردە و خەسارەکانی دوای ئەوە بگرێت. لەم پێناوەشدا کۆمەڵە ئامادەیە تاکوو لە هەر چەشنە یارمەتی و پشتگیرییەک کۆتایی نەکات.

هاوڕێیانی بەڕێز

لەم سەردەمە نوێیەدا وەکوو قۆناغی تێپەڕبوون، هەروەها لە ئاسۆی گەیشتن بە ئارامی و سەقامگیری و دوای ئەوەش، لەپێناو گەشەسەندن و پێشکەوتن، حزوور و هەڵسووڕان و دەور و نەقشی ژنانی چالاک و پێشەنگ پێویستیێکی حاشاهەڵنەگرە. ژنان لە ئێرانی ئێستادا گەرم و گوڕتر لە جاران، لە هەموو ڕەهەند و بوارەکانی ژیان و خەباتدا چالاکی دەکەن و زۆرجار وەکوو ڕێنوێن و ڕێکخەر و بەڕێخەری خەڵک، لە بەرامبەر ڕژیمی تۆتالیتێر و کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەوەستن. لە پاڵ داواکاری بۆ مافە تایبەتەکانیان، ناڕەزایەتییە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان سازمان ئەدەن. میحوەری زۆربەی ناڕەزایەتیەکان و لە ڕێزی پێشەوەی خۆپیشاندانەکانن، لە دەنگی هەموو چین و توێژەکان پاڵپشتی دەکەن، لە پشت بوڵێندگۆکانەوە نەترسانە وتار ئەدەن، بە دیوارەکاندا درووشم دەنووسن، لەچک و ڕووسەرییەکان دەکەنە هێمای دەنگهەڵبڕین و دەیان ڕێگای داهێنەرانەی دیکەیان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین هێناوەتە مەیدان.کۆی ئەمانە دەرخەر و نیشانەی زیندوویەتی و بووژانەوەی بزووتنەوەی ژنانە کە جیا لە پێداگری لەسەر خواستەکانی، بەرامبەر بە گۆڕانکاری و کێشە و پرسەکانی کۆمەڵگاش بێ دەنگ نییە و بێ هەڵوێست نابێت.

ژنانی چالاک و خۆڕاگر

جارێکی دیکە پەیامی ڕوون و ئاشکرامان دووپات دەکەینەوە، ئێمە وەکوو کۆمەڵە، پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز، ئازادیخواز، عەداڵەتخواز و ڕچەشکێن، لەسەر ئەرکی مرۆڤانە، بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانەمان هەروەها بەپێی فەرهەنگ و باوڕ و ئامانجەکانمان، هەموو هێز و وزەمان دەخەینە گەڕ لە پێناو پاڵپشتی و پشتگیری لە خەباتی ئێوە بۆ یەکسانی و گەیشتن بە مافەکانتان و بە هەموو توانا و ئیمکاناتەوە پاڵنەر و پشتیوانی ئێوەیەن. هەر وەکوو مێژوو، لە ئێستا و لە داهاتووشدا بەرامبەر بە توندوتیژی لە دژی ژنان، کولتووری دژەژن و ڕوانگەی دواکەوتووانە دەوەستینەوە. ماف و خواستی ژنان لە لووتکەی ئاڵای ئێمەدایە و بە گوڕی لە دەمارەکانی ڕێبازەکەماندا دەگەڕێت.

کۆمەڵە لە هەموو ژنانی چالاکی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و عەداڵەتخواز داوا ئەکا، نەک هەر بە تەنیا بەبۆنەی گەیشتن بە مافەکانی خۆیان بەڵکوو شانبەشانی پیاوان بێنە مەیدانی خەبات و پانتایی ئەرکەکانیان بەرینتر و ئاستەکەی بەرز کەنەوە بۆ گەیشتن بە ئازادی و بەرەوپێشچوون و پێشکەوتنی کۆمەڵگا.

کۆمەڵگای ئێمە بەرەو گۆڕانێکی قووڵ دەروات، چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە بەرزترین و کاریگەرترین دەنگ و ڕەنگتان هەبێت و بەپێی سوننەتی کوردەواری گرینگترین ڕۆڵ بگێڕن لەم گۆڕانکاریانەدا.

ڕزگاربوونی هەر نەتەوە و کۆمەڵگایەک پێوسیتی بە ئازادبوونی ژنانە بۆ پەروەردەکردنی کچان و کوڕانی ئازادیخواز و سەربەست.


 

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

25 نۆڤامبری 2018



PM:12:44:25/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 470 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌