دروستکردنی هاوپەیمانی گەورەی حیزبە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی


دە ڕێکخراو و حیزبی سیاسیی ئێران هاوپەیمانییەکیان لە نێوان خۆیان بۆ چڕکردنەوەی خەبات بە دژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و ڕووخانی ئەم ڕژیمە ڕاگەیاندووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا کە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئەم هاوپەیمانیە لە ژێر ناوی (بانگەواز بۆ هاوکاری هاوبەش) بڵاویان کردۆتەوە، هاتووە:

ئێمە حیزب و ڕێکخراوەکانی واژۆکەری ئەم ڕێکەوتننامەیە، بە بەرنامە، پێگەی کۆمەڵایەتی و پێشینەی سیاسی جیاواز کە زەرورەتی یەکگرتوویی کۆماریخوازانی دێمۆکرات بۆ بونیادنانی دێمۆکراسی لە ئێران، لە سەر بنەمای کۆنڤاسیۆنی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ پێکدێنن، بە بەهاکانی: فرەچەشنی، جیایی دین لە دەوڵەت و پێکەوەژیانێکی ئاشتیخوازانەی هەموو توێژ و لایەنە سیاسییە دێمۆکراتیکەکان پابەندین.

ئێمە ئەو هێزانەی کە لە ڕێگای درێژە، پەرەپێدان و قوڵبوونەوەی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ئێران کە پەلکە زێڕینەیەکە لە چین، گروپە کۆمەڵایەتی و هێزە سیاسییە ئازادیخوازەکانی کۆمەڵگا، خەبات دەکەین، لەسەر خەباتی مەدەنی، دێمۆکراتیک و ئاشتیخوازانە، کە تایبەتمەندی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانە، پێداگری دەکەین، ڕێکەوتن لە سەر ئەم پڕۆژە سەرەتایەش، بە هەنگاوێک لە ڕاستای یەکگرتوویی گەورە و بەرینی کۆماریخوازانی ئێران دەزانین.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئێمە بە پێداگری کردنی جەسوورانە لە سەر درێژە و پەرەپێدانی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی، مەدەنی و دێمۆکراتیکەکان لە ئێران و پشتیوانی لە خەباتی خەڵک، لە حیزب و ڕێکخراوەکان، ناوەند و جەریانە کۆماریخوازە دێمۆکراتیکەکان کە خۆیان لەگەڵ ئەم ڕێکەوتنامەیە هاوتەریب دەزانن، بانگهیشت بە هاوکاری و هاوهەنگاوی لە خەبات بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەین.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکێک لەو حیزبە سیاسییانەیە کە لەم هاوپەیمانیەدا بەشداری کردووە و هاوڕێیان محەمەد میسری و ئەحمەد مورتەزایی، نوێنەرانی کۆمەڵەن لەم هاوپەیمانیەدا.

ئەو دە حیزب و رێکخراوەیە کە ئەو هاوپەیمانیەیان واژۆ کردوە بریتین لە:

١: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٢: کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣: حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران

٤: حیزبی دیمۆکراتی کوردستان

٥: بەرەی دیمۆکراتیکی ئازەربایجان- بیرلیک

٦: حیزبی پاراستنی دیمۆکراسی ئەهواز

٧: حیزبی خەڵکی بەلووچستان

٨: رێکخراوی فیدائیانی خەڵکی ئێران

٩: بزووتنەوەی کۆماریخوازەکانی دیمۆکراتیک و لائیکی ئێران

١٠: شۆرای کاتی سۆسیالیستەکانی چەپی ئێران


AM:08:24:18/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 178 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌