مەرگی گوماناوی سەرۆکی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی ئێران

ئا: عەلی کەریمی

ڕۆژی پێنجشەممە، 24ی خەزەڵوەری 1397ی هەتاویی، سەرۆکی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئێران و جێگرەکەی لە ڕووداێکی هاتووچۆدا لە پاریزگای گوڵستان گیانیان لەدەستدا. 
سەرەتا وێ دەچێت کە ئەم ڕووداوە وەکوو زۆربەی ڕووداوەکانی هاتووچۆ ڕووداوێکی ئاسایی بێت و شتێکی ئەوتۆی لەپشتەوە نەبێت، بەڵام بە وردبوونەوە لە چۆنیەتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی و پێشینەی کاری دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوشتنی نەیاران، مۆرە سووتاو و غەیرە خۆییەکانی بازنەی دەسەڵات، گۆمانی ئەوە هەیە کە ئەم ڕووداوە ئاسایی نییە و دەستی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی سپای پاسدارانی لە پشتە.
سەرەتا لە یەکەم ساتەکانی دوای ڕووداوەکە لە ڕاگەیاندنەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاوکرایەوە کە "محەممەد شەریعەتمەداری" وەزیری کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی و پارێزگاری گوڵستان لەم ڕووداوە بریندار بوون و لە نەخۆشخانەی شاری گورگان لەژێر چاودێری پزشکی دان، دوای تێپەڕبوونی نزیک بە کاتژمێرێک، هەواڵی برینداربوون و باروودۆخی نالەباری تەندرووستی "تەقی نووربەخش"، سەرۆکی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئێران و جێگرەکەی لە میدیاکانی کۆماری ئیسلامی بڵاوکرایەوە و دوای نیو کاتژمێر ڕایانگەیاند کە "تەقی نووربەخش" و جێگرەکەی بە هۆی کاریگەری برینەکەیانەوە گیانیان لە دەست داوە. هاوکات لە دوایین ڕاپۆرتێک کە میدیاکانی حکوومەت لە سەر ئەم ڕووداوانە بڵاویان کردەوە دەرکەوت کە وەزیری کار و خۆشبژێوی و پاریزگاری گوڵستان نە خۆیان بریندار بوون و نە ئۆتۆمبێلەکەیان تۆشی ڕووداو بووە!

"سەید تەقی نووربەخش" کێیە و بۆچی دەبێ لەناو بچێت؟
سەیدتەقی نووربەخش سەرۆکی ڕێکخراوی دابینکردنی کۆمەڵایەتیەکانی ئێران لە چەند مانگی پێشوو بەهۆی بوونی گەندەڵی لە وەزارەتی تەندرووستی ئێران لەگەڵ قازی زادەی هاشمی وەزیری تەندروستی تووشی کێشە دەبێت تا ئەو ڕادەی کە دەفتەری خامنەیی هۆشدار دەداتە نووربەخش و داوای کۆتایی هێنان بەو کێشەیە دەکات.
لە دووای ئستیزاح و لابردنی "عەلی ڕەبیعی"، وەزیری پێشووی کار و خۆشبژێوی دەوڵەتی ڕوحانی لە لایەن مەجلیسی ئێران، "تەقی نووربەخش" ڕاسپێردرابوو بۆ بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە بەڕێوبەرایەتییەکانی ڕێکخراوەکانی پێوەندیدار لەگەڵ وەزارەتی کار و خۆشبژێوی و هەروەها بۆ پێوەندییەکانی گەندەڵی سندووقی خانەنشینکراوەکانی ڕێکخراوی دابین کردنی کۆمەڵایەتی.
ئەمانە لە کاتێک دایە کە چەند ڕۆژ پێش "محەمەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئیران لە وتووێژێکی تەلەفزیۆنی‌دا سەبارەت بە گەندەڵی و پوڵشویی لە ئێراندا وتی؛ هەندێک ڕێکخراوە و ئۆرگان لە نێو حکوومەت دا هەن کە بە هەزاران میلیاڕد تمەن پارەی ڕەش جێبەجی دەکەن و هیچ کەس ناتوانێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.
ڕابردووی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و بەتایبەت مافیای سپای پاسداران لە گەندەڵکاری و لەناوبردنی مۆرە سووتاوەکان و ئەو کەسانەی لە بازنەی دەسەڵات بە هەر هۆکارێک دوورکەوتوونەوە، نیشانی داوە کە هەر کات ویستبێتیان بە داڕشتنی پیلانی جۆراوجۆر وەک: کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە و ڕوودانی ڕووداوی هاتووچۆ بە ئاسانی ئەو کەسانە لەناو دەبەن.

PM:09:45:16/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌