گوناهی مێژوو نووسی هەڵخەڵەتاو


پاوائۆ پائولیسیج
و: مستەفا زاهیدی

سەردەمانێك كە تۆقاندن زاڵ بوو، دەستگیرییە بە كۆمەڵەكان ببوو بە كارێكی هەمیشەیی. بە شەو ئەم كارەیان دەكرد. دەستەیەك بە دەم و چاوی داپۆشراوەوە دەیاندا لە درگا و فەرمانیان بە خاون ماڵی خەواڵوو دەدا خۆی پۆشتە كاتەوە. دواتر دەیانبرد بۆ یەكێك لە زیندانە بچووكەكان شار كە وەك كارگ لە هەموو شوێنێكی شار دەڕوا. هەندێ جار مەئموورەكان هەموو ئەندامانی بنەماڵەی پێكەوە دەبرد و دایە گەورەو مناڵەكانیشان هەڵدەستاند و لە گەڵ خۆیان دەیانبردن.
حەشیمەتی شار رۆژ لە گەڵ رۆژ كەم دەبۆوەو پاسەوانەكان بە هات و هاوارەوە هەموو شار دەگەڕان و خەڵكیان لە ماڵەكانی خۆیان دەهێنایە دەرو لە شەقامەكاندا رایاندەكێشان. زۆربەی خەڵك شەو بە پۆشتەی دەخەوتن و بوخچەكانیان لە ژوور سەریان دادەناو وەنەوزیان دەدا، چونكە هەر كات چاوەڕوانی ئەوە دەكرا مەئموورەكان بڕژێن بە سەریاندا. باوەڕیان نەدەكرد زیندانەكانی شار جێگای هەموو ئەو خەڵكە بێتەوە، بەڵام ماوەیەكی دواتر هەموو خانوەكان بوو بە زیندان، یەك لە دوای یەك. دواتر هەر كەسیان لە ماڵی ئەویتردا زیندانی كرد. دەوڵەمەندەكانیان لە ماڵی هەژارەكاندا و بە پێچەوانەوە، سەربازەكان لە مەدەرەسەكان، قەشەكان لە بنكە نیزامییەكان، دوكتۆر و نەخۆشەكانیان لە نەجیب خانەكاندا زیندانی كرد و لات و خوێڕییەكانیان ناردە پەرەستگەكان.

هێزی كار بە خێرایی كەم بۆوە و زۆربەی كارەكان كەوتە ئەستۆی زیندانییەكان. لەو روەوە كە جل كردنە بەریان وەك خەڵك بوو و ژمارەكەیان نهێنی بوو، جیاكردنەوەی ئەوەی كێ زیندانییەو كێ هێزی كار دژوار بوو. تەنانەت زیندانییەكانیان دامەزراند بۆ دەستگیر كردنی خەڵك. هەرچەن خۆیان زیندانی بوو، چەك و چۆڵیشان پێ بوو. تا دەهات ژمارەی دەستگیر كراوەكان زیادی دەكرد. لە ناو ئەو زیندانیانەدا كە دواتر دەهاتن بەرپرسانی باڵای شاریش دەبیندرا. قەشەكان، بازرگانەكان، بەرپرسانی ئەرتەش، پاسەوانەكان و كارمەندەكانیش زیندانی دەكران. سەرەنجام هەمووانیان زیندانی كرد و تەنانەت بەڕێوە بەرانی حكووومەتیش كەوتنە زیندانەوە. هەر كەس چاودێری ئەویتری دەكرد. هەمووان زیندانی بوون و كەس نەیدەزانی كێ فەرمانی ئەم دەستگیریانە دەردەكات. هەمووان لایان وابوو بەشدارن لە بەڕێوە بردنی ئیدارەی شاردا و لە دەستگیر كردنی كەسەكان و زیندانی بووندا بەشدارن. لەو روەوە كە هەمووان یەك جۆر جلیان لە بەر دەكرد و مافی یەكسانیان هەبوو لە ژێر چاودێریدا بوون و خەریك كاری خۆیان بوون ئەتگوت هیچ رووی نەداوە. ئەوان ژیانی عادی خۆیان دەكرد و ئەگەر كەسێك شتێكی لێ دەپرسین دەیانگوت رازین لە ژیانیان.
چەند ساڵ دواتر نكۆڵیان لە هەر چەشنە دەستگیر كردنێك كرد و رایانگەیاند هەموو ئەم شتانە درووستكراوی مێژوو نووسێكی دوژمنكار و نائاگاه و فریو خواردوە.




PM:06:57:09/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 242 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌