سیستمی پەروەردە لە ئێران سیستمێكی نەخۆش و سەقەتە و دەوڵەت ناتوانێت چارەسەری بكات

وتووێژ لەگەڵ سێ مامۆستا لە ناوخۆی وڵات سەبارەت بە مانگرتنی مامۆستایان لە ئێران و كوردستان و كێشەكانی بەردەمیان
سازدانی: ناسر خورشیدی

دوكتۆر هاوڕێ، دوكتورای دەروونناس و پسپۆری كێشەگەلی پەروەردەیی لە بۆكان

پرسیار: بۆ ڕوون‌بوونەوەی زیاتری بابەتەكە لە دوكتور هاوڕێ، سەبارەت بە هۆكاری كێشەكان و خسار و زیانە كۆمەڵایەتیەكانی قوتابیان بۆچی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنان ناتوانێت پێش بە كێشە و گرفتەكانی بەردەم پەروەردە و سیستمەكەی بگرێت یان ئەم وەزارەتخانەیە دەتوانێت چ ڕۆڵێك بگێرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە؟
وڵام: دوان لەسەر ئەم پرسیارە و ڕۆڵی ئەم وەزارەتخانەیە دەبێت بڵێم لە ڕوانگە و فەلسەفەی  پەروەردە و ڕاهێناندا خاوەن نەزەرەكان چوار سیستمیان بە هۆكاری خەسار و زیان لە هەر تاكێكی كۆمەڵگا دیاری‌كردووە. كاتێك منداڵ تووشی خەسار دەبێت لەم چوار ژینگەیە دەبێت بۆی ورد ببینینەوە تا هۆكارەكە ڕوون ببێتەوە.
۱-میكرۆ(micro)  سیستم یان سیستمی ورد: "لە پێناسەی میكرۆ سیستمدا دەبێت بڵێم  نزیكترین ژینگە یان كۆمەڵگا یان سیستمێك كە منداڵ لەگەڵ ئەوان پێوەندی هەیە  بۆ نموونە ماڵ و بنەماڵە، دایەنگە (مەهد كوودەك)، قوتابخانە، گەرەكی نیشتەجێ‌بوون كە ئەمانە سیستمی ورد یا میكرۆیان پێ دەوتن كە لەسەر منداڵ ڕۆڵێكی ئەرێنی دەگێرن."
۲-بیرمەندێكی بەناوبانگ لە بواری دەرووناسیدا بە ناوی براون فێنبێرنێر (bronfenberenner) كێشەكانی منداڵانی بە جۆڕێكیتر باس دەكات بە ناویی مێزۆ سیستم یان سیستمی ناوەندی دوو سیستم كە لە ڕوانگەی ئەوەوە گەر پێوەندیەكان ڕێك و پێك نەبێت بەردەوام لە پێوەندیدا نەبن ئەوە خسار و زیان دەگات بە منداڵ بۆ نموونە پێوەندیی نێوان قوتابخانە و بنەماڵە گەر باش نەبێت یان لەگەڵ كولتوور و هەڵس‌وكەوتی بنەماڵەكان یەك نەگرێتەوە یان جیاواز بێت ئەوە دەبێتە كێشەی نێوان ئەم دوو سیستمە كە خەسار و زیان بۆ منداڵ درووست دەكات.
۳- سێهەمین ئاست كە كێشە تێیدا درووست دەبێت پێی دەوترێت ئێگزۆ سیستم كە لە تەعریفیدا دەبێت بڵێین بەو كێشەگەلەی كە لە دەرەوەی سیستم پێك دێت بۆ نموونە كاری دایك و باوك، هەژاریی بنەماڵە، كێشە كۆمەڵایەتیەكانی ناو كۆمەڵگا كە كاریگەری لەسەر منداڵ درووست دەكەن.
٤- دوایین سیستم ناوی ماكرۆ سیستم یان كەڵان سیستمە كە لە پێناسەدا دەبێت بڵێم: بە باوەڕگەلێكی كە بەتەواوی كۆمەڵگا لەگەڵ خۆی هاوتەریب دەكات دەوترێت بۆ نموونە ئایین كە بەپێی ئەو باوەڕمەندیانە دەتوانن لەسەر منداڵ و پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵ كاریگەر ببێت. بۆیە كاتێك خەساڕێك بە منداڵێك یان هەر تاكێك بگات لەم چوار سیستمە كە پێناسەمان كرد و نموونەمان بۆهێناوە بەدەر نیین.
بەپێی ئەم چوار سیستمەی پێناسەمان كرد قوتابخانە یان ماڵی دووهەمینیشی ناو دەبەن شوێن یان سیستمێكی زۆر گرینگە چون منداڵ لێرەدایە كە پەروەردە و ڕاهێنانێكی ئاكادمیك و لە ڕووی زانستەوە دەبینێت. لە وڵاتانی سەركەوتوو لە ساڵانی یەكەمی چوونە ناو قوتابخانەی منداڵان كاریان و تواناكانی منداڵ تەنیا لە خوێندن و نووسیندا خەسار ناكەن بەڵكوو وزە و توانای منداڵ لە ڕاهێنان بۆ ئەوەی باشتر و سڵامەت‌تر بژین بۆ ئەو بەشەی تەرخان دەكەن بۆ نموونە منداڵ فێری خۆپاراستن لە دەستدرێژیی جنسیان فێر دەكەن یان لە بارەی سێكس و خواستە جنسیەكان بەپێی نیاز و تەمەن فێریان دەكەن تا بتوانن سڵامەت بژین. نموونەگەلی‌تر كە فێر دەكرێن لە تەمەنی منداڵیدا لە قوتابخانەكان بەشی فێركردنی پێوەندیی كۆمەڵایەتیەكان یان زانستە كۆمەڵایەتیەكان (بۆ نموونە چۆنیەتیی هاودڵی یان چۆنیەتی باوەڕبەخۆبوون و گەشبین‌بوون)، ئامانجداركردنی منداڵ، بەرنامەداڕشتن و گرینگی بەخۆدان و لە هەمووی گرینگتر منداڵ فێری ئەوە دەكەن كە خۆی بتوانێت لەگەڵ كێشەكانی ڕووبەروو بێتەوە و خۆی بپارێزێت و بتوانێت ڕێگای درووستی خۆی ببینێتەوە منداڵ باوەر بەخۆ دەكەن. ئەم نموونەگەلەی كە باسمان كرد ئەوانە لە وڵاتانی پێشكەوتوو زۆر گرینگی زیاتری پێدەدرێت تا نووسین و خوێندن لە سەرەتاكانی خوێندن تا منداڵ بتوانێت هەنگاوەكانی بەرەو ئاسۆیەكی ڕوون هەڵبهێنێت بەڵام بەداخەوە لەناو سیستمی پەروەردە و ڕاهێنان هیچ گرینگیەكی پێنادرێت تا منداڵ بە باشی پەروەردە ببن و زۆر بە ئاسانی لەو بەشانە تێپەڕدەبن و هەر ئەو جۆرەی دەبینین منداڵان تووشی كێشە و گرفت و خەسارە كۆمەڵایەتیەكان دەبن."
پرسیار: بۆچی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنان لە ئێراندا بە شێوەی وڵاتانی سەركەوتوو لە بواری عیلم و زانستدا كار ناكات؟
وڵام: كاتێك سیستم، سیستمێكی ئایدۆلۆژیك بێت و هەموو شتێك لە ڕوانگەی دین و ئایینەوە هەڵبسەنگێنێت هەروەها ئەو كەسانەی لەسەری سەرەوە لە قودرەتدان و وەزیر و ڕەییسەكان دابین دەكەن بۆیان گرینگ نییە ئەو كەسانە زانستەكەیان لە چ ئاستێكدایە بەڵكوو بۆ ئەوان گرینگە بزانن تا چ ڕادەیەك باوەرمەندن بە كۆی گشتی سیستم و ئایدۆلۆژیای حاكم بەسەر كۆمەڵگادا و لێرەدا ناتوانین چاوەروان بین تا زانست تەوەر بچووڵێنەوە و منداڵان و قوتابیەكان بە باشی پەروەردە بكردرێن.
پرسیار: جیاكردنەوەی ڕەگەزی لە قوتابخانەكان چ ڕۆڵێك دەگێرێت لەسەر پەروەردەی منداڵان گەر ئەم جیاییە ڕەگەزیە نەبوایە پەروەردە باشتر دەبوو؟
وڵام: كاتێك وەزارەتی پەروەردە و كۆی گشتی دەسەڵات لە سەرەتای منداڵیەوە جیایان دەكەنەوە دەبێتە هۆی ئەوەی مێشكی منداڵان مێشكێكی كوڕانە یان كچانە بار بێت و پێوەندی ئەم دوو ڕەگەزە وەك تابۆیەكی لێدێت لەگەڵ ڕەگەزی بەرانبەر و ناتوانن فێری پێوەندی پێكهێنان لەگەڵ ڕەگەزی بەرابەری خۆیان پێك بهێنن. ئاكامی وەها پەروەردەیەك لە ناو قوتابخانەكان لە كۆمەڵگادا دەیبینین كە كوڕان زۆر كوڕانە بیر دەكەنەوە و هەڵسووكەوت دەكەن هەروەها كچانیش زۆر كچانە بیر دەكەنەوە و هەڵسووكەوت دەكەن و زۆر ئێحساسی دەبن. بەڵام لە قوتابخانەكانێكی كە جیایی ڕەگەزی بوونیی نییە لە وڵاتانییتر كوڕان تەنیا تایبەتمەندیە كوڕانەكانیان نییە و كچانیش هەروەها یانی هەردووك ڕەگەز تایبەتمەندی یەكتر دەگرن و ئەزموونیش نیشانی داوە ئەو جۆرە پەروەردەیە كەسانێكی ساڵمتر دەچنە ناو كۆمەڵگاوە."

مامۆستا هێدی، ڕاوێژكاری بەشی پەروەردەیی چەن قوتابخانەی شاری سنە
پرسیار: لە ئێراندا مامۆستای ئەركی مامۆستای ڕاوێژكار چییە؟ بەپێی پێناسە و ئەركەكانیان دەبێ بڵێین بۆ كاری پەروەردە و چارەسەركردنی كێشەكانی قوتابیان دامەزراون ئەم بەشە كراوەتەوە، بۆیە كاری ئەوان چییە و چۆن دەتوانن ئاسانكاری بكەن بۆ خوێندنی قوتابیان؟
 وڵام: لەناو سیستمی پەروەردەی وڵاتانی سەتحی یەكەمی جیهاندا ڕاوێژكاری قوتابخانەكان دۆسیەی ڕێك‌وپێكی لە قوتابیی قوتابخانەكەیانی هەیە و پێوەندیەكی چڕوپڕ هەیە لە نێوان ڕاوێژكار و قوتابی و بنەماڵەی قوتابی و هەروەها گەر تەشخیس بدات قوتابیەكە لە لایەن بنەماڵەكەیەوە تووشی كێشە و گرفتە یان خەسار و زیانی پێدەگات، ڕاوێژكار ئەوەندە دەست ڕۆشتوو هەیە كە بتوانێت منداڵەكە لە دایك و باوكەكە بستێنێتەوە و بەخێو كردن و پەروەردەكەی بسپێرێتە دەست یاسا و دەوڵەت بەڵام لە وڵاتی ئێراندا شتی وانییە و ئەم ئیختیارات و دەست ڕۆشتووییە بۆ ڕاوێژكار نەك بوونی نییە بەڵكوو هیچ بایەخێكی پێنادرێت. لە ئێراندا بۆ شەش ساڵی سەرەتایی ڕاوێژكار بوونی نییە ڕێك لەو تەمەنەدایە كە ڕاوێژكار پێویستە چونكە كاتێكە كە شەخسیەتی منداڵان و هەڵس‌وكەوتەكانیان شكڵ دەگرێت ئیتر زۆر سەختە گۆڕینی ئەم شتانە كە تێیاندا شكڵی گرتووە. لە ساڵی حەوتەمیش كە دەبێت قوتابخانەكان ڕاوێژكاریان ببێت بەڵام دەبینین لە زۆربەی قوتابخانەكاندا بە هۆی كەم بوونی ڕاوێژكار و گرینگی‌نەدان بە ئەم بەشە یان نیانە یان گەر بیشیان بێت لە زۆربەی قوتابخانەكاندا تەنانەت ژووری تایبەت بە ڕاوێژكار بوونی نییە تا قوتابی بتوانێت سەردانی ڕاوێژكار بكات و كێشەگەڵی خۆی پێ بڵێت و ڕێنوێنیی لێ‌وەربگرێت.
پرسیار: بۆچی وەزارەتی پەروەردە و ڕاهێنان ڕاوێژكار و كار و زانستەكەی كە زۆر گرینگە بۆ پەروەردەی قوتابی، خراوەتە پەراوێز و گرینگیی پێنادرێت؟
وڵام: ئێمە ڕاوێژكاران لە زانكۆكان كە دەروون‌ناسیمان خوێندووە و دەرووناسین هەمووی ئەوانەی خوێندوومانە زانستگەڵی وڵاتانی ئۆرووپایین و ئێمەش بەپێی ئەم مێتۆدانە كار دەكەین بەڵام بەپێی ئایدیۆلۆژیای كۆماری ئیسلامییەوە، كە ئیسلامیە و هەروەها وتەی ڕێبەری ئێران كە دەستووری داوە لە دەرووناسەكان كەڵك وەرنەگیردرێت و كەم كەم مەلا ئایینیەكان دابمەزرێنن تا هەموو كێشەگەڵ و زانستگەڵێك كە ئێمە هەمانە بخرێتە پەراوێزە و لە ڕوانگەی ئایینەوە ئەوان بێن و باسی بكەن و دۆخەكە لەوە خرابتر بكەن و ئیتر ئەوەندەی‌تر كێشەكان زیاتر و زیاتر دەبن. ئێستا منداڵانی قوتابخانە سەرەتاییەكان دەبینین گیرۆدەی سێكس و مادە هۆشبەرەكان و سەدان كێشە و گرفتی‌ترن چ بگات بە كاتێك كە مەلا ئایینیەكان بێن و مێشكی كچان لە تەمەنی ۹ ساڵیدا بۆ زەواج ئامادە بكەن.

مامۆستا ناسر، مامۆستای دوا ناوەندیی یەكێك لە قوتابخانەكانی مەریوان
پرسیار: هۆكارەكانی مانگرتن و دۆخی مامۆستایان و كێشە و گرفتەكانیان چین؟ بۆ مامۆستایان مامۆستایان مانیان گرت و ناڕەزایەتیان دەربڕی؟ هەروەها ویست و خواستەكانیان چییە و چون حاكمیەت دەیهەوێت بڵێت مامۆستایان لە بەڕژەوەندی خۆیان دەستیان داوەتە مانگرتن؟
وڵام: زۆر شت دەستیان دایە دەست یەك تا ئێمە بە مانگرتن ناڕەزایەتی خۆمان دەرببڕین و ویستەكانی ئێمە گەر پێیان بگەین دەتوانم بڵێم دەبێتە هۆی باشت بوونی دۆخی ژیانی مامۆستایان، باشتربوونی دۆخی قوتابیان و خوێندكاران و هەروەها باشتربوونی ڕەوت و پرۆسەی خوێندن و لە كۆتاییدا پێشكەوتنی زانستیی وڵات كە هەمووی بە تێروتەسەلی باس دەكەم. یەكەم، دەستبەسەربوون و زیندانی و دوورخستنەوەی مامۆستایان بە هۆی چالاكیەكانیان لە شارەكانیان ( تەبعید) كە لە لایەن كاربەدەستانەوە ساڵیانێكە دەكرێت. دووهەم، نەدانی حەقی مامۆستایانی خانەنشین (بازنشەستە): بەداخەوە دەبینین دەسەڵات حەق‌دەستی مامۆستا خانەنشینەكان لە كاتی پێویستدا نادات یان كاتێك دەیدا كە ئەرزشی خۆی لە دەست داوە. ئەم هۆكارانە و چەندین هۆكاریتریش هەن كە دەستیان داوەتە دەستی یەك و ئەو جۆرەی دەبینن بوو بە هۆی ئەوەی مامۆستایان دەست بدەنە مانگرتن و ناڕەزایەتی و گەر بڕواننە ویستەكانی ئێمەی مامۆستا تەنیا لە بەژەوەندیی خۆماندا ناڕەزایەتیمان دەرنەبڕیوە و ئەمانە كۆی لە بەرژەوەندیی هەموواندا بووە. سێهەم، لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مامۆستایان: یەكەم، ئەوەی كەە داواكان ئازادیی مامۆستایانی زیندانییە، لابردنی جەختی ناوەندە ئەمنییەكان لەسەر مامۆستایانە، خوازیاری ئەوەین مامۆستایان لەسەر كلاس و كاتی وتنەوەی وانە بە ئازادانە بتوانن ڕای خۆیان سەبارەت بە پرسەكانی ڕۆژ دەرببڕن. دووهەم، ئەوەی كە مووچەی دابین‌كراو بۆ مامۆستایان زۆر كەمە بە لەبەرچاوگرتنی هەڵاوسان (تەوەرووم)  بەشی ژیانێكی ئاسایی و سەرەتایی ناكات بۆیە مامۆستایان ناچارن دەست بدەنە كاری دووهەم و سێهەم تا پێداویستیەكانی ژیانیان بۆ خۆیان و بنەماڵەیان دابین بكەن. چوارەم،  لە پێوەندی لەگەڵ قوتابیان و بنەماڵەكانیان: بەپێی یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی كە ئاماژەی پێكراوە و پەسندكراوە، خوێندن دەبێت بێ‌بەرانبەر بێت بەڵام بەداخەوە ئەم یاسایە پێشل دەكرێت و پووڵ وەردەگرن لە دایك و باوكی قوتابیەكان و هەموومان باش ئاگادارین لە دۆخی ئابووریی بنەماڵەكان كە لە دۆخێكی زۆر خرابدا بەسەر دەبەن و ناتوانن ئەم پووڵە بدەن. زۆر بنەماڵە بەهۆی دەسكورتی و هەژاری بۆیان ناكرێت لەم دۆخەدا تێچووی منداڵەكانیان بۆ خوێندن دابین بكەن و بتوانن بیدەن بە قوتابخانەكان هەربۆیە ناتوانن منداڵەكانیان بنێرن بۆ قوتابخانە و درێژە بدەن بە خوێندنیان. لە لایەكی‌ترەوە، دەبینین تایبەتی‌كردنەوەی قوتابخانەكان لە بەرنامەكانی دەوڵەتدا بە خێرایی دەچێتە پێش و كەسانی بێ‌ئەزموون و كەم‌ئەزموون دادەنێن وەك مامۆستا بۆ وتنەوەی وانەكان كە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەكان بە باشی فێر نەبن و تێنەگەن لە وانەكان و مافی فێربوونیشیان پێشل بكرێت. داوایەكی‌ترمان كەم‌كردنەوەی ڕێژەی بەشداربوانی كلاسەكانە كە زۆر جار نزیك بە ٤۰ قوتابی لەسەر كەلاسن. پێنجەم، سەبارەت بە ڕەوتی خوێندن و بردنەسەرەوەی ئاستی خوێندن: لە ئێراندا هەم  وانەكان و هەم بەرنامە داڕشتنەكان بۆ وتنەوەی وانە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە. بۆ نموونە كاتی وتنەوەی هەندێك لە وانەكانیان كەم‌كردۆتەوە كە پێویست بوو زیاتر بكرێت نەك كەم بكرێنەوە بەڵام هی هەندێك لە وانەكانیان زیاد كردووە كە پێویست بە زیادبوونی نەدەكرد و بۆ پەروەردە و ڕاهێنان و پێشكەوتنی زانستی قوتابیەكان هیچ ڕۆڵێكی ئەرێنیشی نییە. پرسی خوێندن بە زمانی دایكیش كە بەپێی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتەدا هەیە بەڵام پێشل دەكرێت. ئەم ویستە ویستی مامۆستایانی غەیری فارسە و لە لایەن مامۆستایانی نەتەوەكانی‌ترەوە ئەم داوایە دەكرێت.
پرسیار: ویست و خواستەكانی ئێوە لە ویست و خواستێكی كەڵەكە بووی ساڵیانی ڕابردوو دەچێت تا لە ناكاو هەڵقوڵابێت و بڵێین تازە پێش هاتووە و باس لە بنچینە و سەقەت بوونی سیستمی فێرگە و كێشە و گرفتەكانی مامۆستایان و گرینگی‌نەدان بە پرۆسەی فێركاری وێدەچێت بنەرەتی زۆر كۆن بێت، هۆكاری چییە كە لە لایەن كاربەدەستانەوە لەگەڵ پرۆسەی خوێندن و فێركاری وا هەڵس‌وكەوت دەكرێت؟
وڵام: بەڵێ وایە، نە كێشەكان و نە داخوازیەكان هیچیان تازە نین. ئێمە مامۆستایان لە سەرەتای هەست‌كردن بە ئەم كێشەگەلە باسمان كردوون و ڕامان گەیاندووە بە كاربەدەستان بەڵام بە داخەوە هیچ كات ئاوڕێكی جدیان لێ‌نەداوەتەوە. با چەن نموونەتان بۆ بێنمەوە  هەر ئەو كات كە باسی تایبەتی‌كردنەوەی قوتابخانەكان هاتە ئاراوە ئێمە وتمان ئەم كارە هەڵەیە و خەساری لێ‌دەكەوێتەوە. هەر لە دەیەی ۷۰دا پێشبینیی ئەوە بوو كە حەشیمەتی ئێران لە حاڵی هەڵچوون دایە و ئێمە پێمان وتن كە ئەم كێشەیە زۆر جددیە كە ئێستا دەبینین كلاسەكان بە ڕێژەی ٤۰ كەسی یان زیاتر بەڕێوە دەچێت. یان هونەرستانەكان كارگا و كەرەستەی پێویستیان نییە تا قوتابیان تێیدا فێری سەنعەت بن. كار بەدەستان هیچكات داواكاریەكانی ئێمەیان بە جددی وەر نەگرت تا هەموویان كەڵەكە بوون و ئێستا چارەسەركردنی زۆر سەخت بۆتەوە و هیچ بەرنامەیەكیشیان نییە بۆ چارەسەركردنیان چون كاربەدەستان دوا ڕۆژیان بۆ گرینگ نییە نەك هەر بۆیان گرینگ نەبێت دەبێ بڵێم تێشیناگەن كە دەبێ چی بكەن چون هیچیان پسپۆر نین ئەوان و تەنیا بە پێی ڕابتە بوونەتە كاربەدەست نەك بە هۆی زانست و پسپۆر بوونیان لە بواری خوێندن و پەروەردەدا. ئەمانەش بۆتە هۆی كە هەم مامۆستایان ناتوانن ژیانێكی شیاویان هەبێت  و هەم قوتابیان زەرەرمەندن لە زانستی سەردەم و نەتوانن بەپێی ئەو زانستانە قوتابیان فێر ببن و لە كۆتاییشدا كۆمەڵگاش زەرەرمەند دەبێت چەنكە لە كۆتاییدا ئەم كەسانەن كە دەبێت داهاتوو بگرنە دەست.
پرسیار: كاربەدەستان و دەسەڵاتداران وەڵامی داخوازیەكانی مامۆستایان و ناڕەزایەتیەكانیانی چۆن داوەتەتە؟ ئایا پێشوازیان لە ویست و خواستەكانتان كردووە؟
وڵام: زۆر بەداخەوە كاربەدەستان لە جیات پێشوازی لە ویستە بەرحەقەكانی ئێمە وڵامیان تەنیا بانگهێشت‌كردن بووە بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەكان و هەڕەشە، گوشار و دەستبەسەركردنی مامۆستایان تا ئێستا تاقە وڵامە.
پرسیار: سندیكای مامۆستایان چۆن كار دەكات و ئایا هیچ هەوڵێكی داوە تا خەڵكیش پاڵپشتی لە ویست و خواستەكانی مامۆستایان بكات؟ چون ویستەكانتان هەر ئەو جۆرەی كە باستان كرد لە بەرژەوەندیی گشتی دایە؟
وڵام: هەر پارێزگایەك ڕێكخراوەی سنفیی مامۆستایان سەربەخۆیە و كار و پرۆگرامی ڕێكخراوەی خۆی لە پارێزگای خۆی دەباتە پێش بەڵام بۆ ئەوەی هەموو یەك ویست و خواست و بە یەك بەرنامە و یەك گوتارەوە كار بكرێت پارێزگاكان كەسانێك نوێنەرایەتیان دەكەن و لە شۆرای ئەنجوومەنی فەرهەنگیاندا بریارەكان دەدرێت تا هیچ پارێزگایەك بە جیا كار نەكات. بۆ نموونە بۆ بەرێوەچوونی مانگرتن یان هەر كاڕێك كە ویستی گشتیی هەموانە دواتر ئەوان بە هاوفكریی یەك‌تر ڕایدەگەیەنن بە ئەنجوومەنی سنفی پارێزگاكان و هەموان كاری بۆ دەكەین. بۆ بەشی دووهەمی پرسیارەكەتان دەبێت بڵێم دەسەڵات هەوڵێكی یەكجار زۆری داوە بۆ ئەوەی كە دایك و باوكان لە ئێمە داببرێت. هەر بۆیە تەواویی تواناكانی خۆی وەگەرخست تا بڵێت ئێمەی مامۆستا تەنیا لە بەرژەوەندیی خۆماندا دەمانهەوێت مانبگرین و هیچ كێشەیەكی ئەوتۆیان نییە تەنیا لە زێدەخوازیی خۆیانە دەیانهەوێت مان‌ بگرن. بەڵام ئێمە لە قوتابخانەكان و لە كاتی وانە وتنەوە بۆ قوتابیەكانمان شی‌كردۆتەوە ئەگەر ئێمە دەمانهەۆێت مانبگرین یاخود خۆپیشاندانێكی هێمنانە بكەین هۆكارەكانی ئەمانەن كە بەشێكی بچووكی بۆ باشتربوونی بژیویی خۆمانن و زیاتر لە بەرژەوەندیی قوتابیان و دۆخی خوێندن دایە.
پرسیار: گەر بە ویستەكانتان نەگەیشتن لە داهاتوودا چ بەرنامەیەكتان دەبێت؟
وڵام: ئێمە سەرەتا دەبێت بەپێی توانایی و ئەو وزەی هەمانە و ئەو بەرنامانەی دەتوانین بیانكەین ئەوانە بكەین ئەگەر ویستی تەواویی ئێمەش نەبووبێت. دەمانهەوێت هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێشەوە چونكە هەر بزاڤێكی سنفی یا مەدەنی پێویستە لەسەری شێلگیر بیت. ئێمە دەبێت تواناكان و وزەكان هەڵسەنگێنین. هەر بۆ ئەم مانگرتنەی كە مامۆستایان بەرێوەیان برد بۆ سەركەوتنەكەی تێكۆشانێكی زۆر كرا. بوون كەسانێك كە خوازیاری مانگرتنی حەوتوو یان مانگ بوون بەڵام بەو خوێندەوەیەی كە بۆی كرا دەمانزانی كە ئیمكانی نییە و هەر ئەم دوو ڕۆژە ڕاگەیاندرا و بە خۆشحاڵیشەوە سەركەوتوو بوو. بەڵام لەوە دڵنیاتان دەكەمەوە بزووتنەوەی مامۆستایان تازە ناكەوێت و گوێمان لە هەڕەشە و گووشاری ناوەندە ئەمنیەتیەكان نییە و ئێمە هەنگاو شل ناكەین و بەردەوام دەبین و هیوادارم كە پاڵپشتیی كۆمەڵانی خەڵكیشمان لە پشت بێت.
پرسیار: سەبارەت بە دەسبەسەركرانی مامۆستایان دەكرێت ڕوون‌كردنەوەیەكمان پێ‌بدەن؟
وڵام: هەر جۆرێك دەستبەسەربوون هەڕەشە و گووشار و دەركردن لەسەر كار یان دوورخستنەوەی مامۆستایان لە زێدی خۆیان لە لایەن ئێمەوە مەحكوومە و چون مامۆستایان داخوازیەكانیان زۆر قوورس نییە كە دەسەڵات بەم شێوەیە وەڵاممان دەداتەوە بۆیە ئێمە هەموومان پاڵپشتی لە مامۆستا دەسبەسەركراوەكان دەكەین.
پرسیار: ئایا جیاوازیی ویست و خواست هەیە لە نێوان مامۆستایاندا. بۆ نموونە ویستی مامۆستایەكی كورد لەگەڵ مامۆستایەكی فارس؟
وڵام: مامۆستایان زۆربەی داخوازیەكانیان گشتگیر و سەراسەریە و هەموومان لەسەری كۆكین وەكوو بەربەرەكانی لەگەڵ تایبەتی‌كردنەوە، زیادكردنی قوتابخانەكان تا وانەكان لە كلاسگەلێكی ٤۰ كەسیدا نەوترێتەوە، زیادكردنی حەق‌دەست و مەزایا، خوێندنی خۆڕایی بەڵام هەندێك ویستی تایبەتیشمان هەیە بۆ نموونە خوێندن بە زمانی دایكی، هەندێك خاڵی وەك مادەی ۱۱۲ی بەرنامەی پێنج ساڵەی شەشەمی تۆسەعە ( پەرەسەندن) بۆ ناوچە شەڕلێدراوەكان دابین‌كراوە كە دەبینین لە بووشێهر جێبەجێ بوون بەڵام بۆ نموونە لە مەریوان جێبەجێ نەبووە. ئەم جیاوازیانەش هەیە لە نێوان ویستی مامۆستایاندا كە ئێمە وەك كورد خوازیاری هەردووكیانین.
پرسیار: ئایا دەسەڵات هیچ هەوڵێكی داوە بۆ فێركردنی زمانی دایكی لە ناو قوتابخانەكاندا؟
وڵام: دەسەڵات كاڕێكی سەقەت و بێ‌بەرنامە و نابەرپرسانەی دەست پێ‌كردووە بۆ فریودانی ویست و خواستی ئێمە و كۆمەڵانی خەڵك و هەروەها ڕیكلام و پرۆپاگەندە بۆ خۆیان كە بڵێن ئێمە درووشمی ڕیكلامیی كاتی هەڵبژاردنەكانمان جێبەجێ كردووە لەسەر پرسی زمانی دایكی، مافێك كە بەپێی ئەسلی ۱٥ی یاسای بنەڕەتیی كۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە، كردوومانە بەڵام لە ڕاستیدا هەر ئەو جۆرەی ئاماژەم پێ‌كرد لە لایەن ئێمەوە پەسەند نییه. دەسەڵات هاتووە دەرسێكی بەناویی ئەدەبیاتی خۆجێیی داناوە لە قوتابخانەكاندا كە مامۆستا بێت باس لە ئەدەبیاتی خۆجێیی بكات بە ئارەزووی خۆی ئەویش نەك بۆ هەموو قوتابیەكان، تەنیا لە دواناوەندی ئەویش نەك بۆ هەموویان، بۆ ڕشتەكانی فەنی و كاردانشیش ئەم وانەیە دابین نەكراوە. پرسیاڕێك لێرەدا دێتە ئاراوە ئەی بۆ قوتابیانی سەرەتایی و ناوەندی و تەواو ڕشتەگەلی دوا ناوەندی لێ دەربچێت؟
پرسیار: ئایا ئەدەبیاتی بەرینی كوردی بە وانەیەك و دوان كۆتایی دێت كە تەنیا بۆ هێندێك لە ڕشتەگەڵی دوا ناوەندی داندرابێت؟ 
وڵام: ئێمە هەموومان دژی ئەم كارە سەقەتەین و هیچ بە كردەوەیەكی شیاوی نابینین جگە خۆ دزینەوە لە ویستی نەتەوەكانی‌تری نیشتەجێ لە ئێراندا.


PM:10:22:05/11/2018




ئه‌م بابه‌ته 101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌