نیۆڕیالیزم و دیاردەناسی

و: جەمشید بەهرامی

ڕیالیزم لەو دەستەواژانەیە كە قەت نابێت بەبێ هاوتایەكی دیاری‌كەر بەكار ببرێت. ئایا كاتێك بۆ سینەمای ڕیالیستیی دوای شەڕ، "نیۆ" بە كاردەبرێت مەبەستێكی تایبەتیی لەگەڵدایە؟ ئەگەر بەپێی بەكارهینانی جیهانیی ئەو دەستەواژەیە لێكی‌بدینەوە دەبێتە وەڵامەكە ئەرێنی بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەگەر لەو ڕەخنانەدا كە تەنانەت خودی هونەرمەندەكان بەرەوڕوویان كردۆتەوە بۆ وەڵامەكە بگەڕێین و ئەگەر سەرەنج بدەینە هەموو ئەوانەی كە بەكاری دەهێنن لەگەڵ جۆرێك لە دڕدۆنگیدا و تەنانەت بەپارێز و بە شیكردنەوەی تایبەتەوە بەكاری دەهێنن، ئەم وەسوەسەیە درووست دەبێت كە شتێكی دیكەی بۆ بدۆزینەوە. بەڵام ئایا دەبێت ئەو دەستەواژە گونجاوە بە پێداچوونەوە بە ڕابردوودا، لە ڕێگەی سڕینەوەوە، لە نێو یەكێك لە بزووتنەوە پۆلێن‌بەندی‌كراوەكان لە "مێژووی جوانیناسی"دا بۆی بگەڕێین یان لە داهاتوودا "لە قووڵایی شوێنێكی نەناسراوی نوێدا بیدۆزینەوە"؟ ئایا نیوڕیالیزم دیسانەوە جیهان‌گەلێكی دیاری كردووە كە پێشتر نەخشەی درووستیان بۆ كێشرابوو، یان ڕێگای خۆی ڕۆشتووە؟ بەواتایەكی دیكە، دەبێت جەخت لەسەر "ڕیالیزم" بكرێتەوە یان لەسەر "نیۆ"؟
ڕاستەقینە و سینما
بێ‌گومان سەرەتای ڕیالیزم لە سینەمادا، دەگەڕێتەوە بۆ لۆمیر، كەسێك كە قەت پێی وانەبوو داهێنانەكەی ببێت بە ئامرازێك بۆ پیشان‌دانی جیهانی ڕاستەقینە. بەڵام لە هەمان سەرەتاوە، هەر بەوەی كە كامێراكەی لە شوێنێكی دیاری‌كراودا دانا، لە كاتێكی تایبەتدا فیلم‌هەڵگرتنەوەی دەست‌پێ‌كرد و جیهانی لە دووتوێی دیمەنێكی ڕەش و سپیدا و لەسەر ڕووبەرێكی سافدا تۆمار كرد، ئەوە بەس بوو كە درزێكی كاریگەر بكەوێتە نێوان پیشاندان و ڕاستەقینە.
ئەستەم‌بوونی درووست‌كردنی پردێك بە سەر ئەم درزەدا دیسانەوە بە هاتنەئارای دیاردەی سەیری "ژیگاوێرتۆڤ"ـەوە پەسەند دەكرێت. ئەو پێی وابوو كە خاڵی لووتكەی ڕیالیزم لە سینەمای بەڵگەنامەییدایە؛ بەم هۆیەوەیە كە دەبێت لە دەرەوەی ستدیۆدا و بەبێ كەڵك‌وەرگرتن لە ئەكتەر و سیناریۆ ڕووداوەكان تۆمار بكرێن. شێوازی گونجاو ئەمەیە كە لە سەر چوارڕێیانێكدا كامێڕایەك بۆ تۆماركردنی دیمەنەكان دابنرێت. بەڵام لەم كاتەدا پرسەكە ئەمەیە، ئایا ئەوەی كە وەك بەرهەم لە دوا لووتكەی ڕیالیزمدا بەرهەم دێت، فیلم یان بەرهەمی هونەرییە؟ یان كۆمەڵە دیمەنێكی بزۆزە و دیكۆمێنتارییەكیان درووست كردووە كە بۆ ئەندازیارێكی شارسازی یان كۆمەڵ‌ناسێك گرنگایەتیی هەیە بەڵام بۆ كەسانیك كە كەڵكەڵەی هونەریان هەیە گرنگایەتییەكی ئەوتۆی نابێت؟ ژیگاوێرتۆڤ پێی وابوو ئەگەر ئەم چەشنە وێنانە ببنە فیلم پێویستە بە كەڵك‌وەرگرتن لە مۆنتاژ، ڕیتمێكی تایبەتییان پێ‌بدرێت. دوای ئەوە ئەوەندە لەو پرسەدا قووڵ بووەوە كە هیدی هێدی توانستە تاكە كەسییەكان لە بەرهەم‌هێنانی فیلمدا چیتر لای بێ‌بایەخ بوو و بەتایبەتیی جۆرە زاڵ‌بوونێكی سەمبۆلیكی لەگەڵ ڕیتمێكی بیرلێ‌كراوەی ڕاگرت كە سووژەی سەرەتایی چیتر گرنگایەتییەكی بۆی نەبوو، بە هەمان شێوە هەر لە سەرەتای گڕوگاڵی یەكەمین جۆری ڕیالیزمەوە دەگەڕێینەوە بۆ هونەری ئەبستراكت. دیالێكتیك لە پێوەندی لەگەڵ بن‌بەستێكی حەتمیدا كە فیلمی بەڵگەنامەیی (بە بانگەشەی كەمتەرخەم‌بوون و بڕوا بە شێوازی بابەتیانەی ناپێوەندیدار بە خۆیەوە) پێی‌دەگات نیشان‌دەر و ڕێنوێنی‌كەرە.
بۆ دووركەوتنەوە لەم بن‌بەستە، بزووتنەوەی ڕیالیزم (ڤێریست) لە سینەمادا لە سەرەتاوە خۆی لە هەر ڕێگایەكی ڕاستەوخۆی سەرەتایی بۆ گەیشتن بە ڕاستەقینەی لە بەرژەوەندی هەڵاتن لە حەقیقەت، واتە بۆ هونەر و لۆژیك، دوورخستەوە. هونەرمەند ڕووداوێك هەڵدەبژێرێت و بە تێ‌ڕامان و وردبینییەوە دیسانەوە درووستی دەكاتەوە  تاكوو بەڤ جۆرێك بەرگی حەقیقەتی لەبەر بكات و لەبەر ئەوەی كە دەزانێت "فۆرمەكانی" هونەرەكەی هەمیشە دەبێت ئاستی دابەزێتە سەر ناوەڕۆكی ڕاستەقینە، هەوڵ دەدات تایبەتمەندییەكانی بەرجەستە بكاتەوە، چ بە تۆخ‌كردنەوەی سێبەرەكان– (وەك ڤێریسمۆكان/قوتابخانەی ڤێریسمۆ Verismo/ یان ڕاستەقینەی ڕەسەن، قوتابخانەیەك كە لە ئیتالیادا سەری‌هەڵدا و ئاوێتەوەیەك بوو لە ڕیالیزم و ناتۆڕالیزمی فەڕانسە) ڤێریسمۆی ڕەش ‌زەینیی لە ڕێگای كایەكردن بە ڕەنگە خۆڵەمێشییەكان- و چ بە زۆرتركردنی ڕووناكی، كە ڕەنگاڵەیەكی سوور لە تۆخ‌ترین سوورەوە تاكوو كاڵ‌ترین پەمەیی درووست دەكات لە ڕێگای "ڕیالیزمی سۆسیالیستی"یەوە.

نیوڕیالیزم و دیاردەناسی
چۆن دەبێت "ڕیالیزم" لە پرسپێكتڤێكدا دابنرێت؟ ئایا دەبێت ئەوە تەنیا بە ئاڵوگۆڕی ڤریسمۆ بزانین یان دەبێت ڕێگایەك بۆ دەرچوون لەم بن‌بەستە دیالێكتیكییە بەڵگەییە بدۆزرێتەوە؟ بۆ خۆبواردن لە باسی ئەبستراكت ئیزن بدەن باسەكە بەپێی نموونەیەك درێژە بدەین كە لە هەموو بوارێكەوە بەرهەمێكی تایبەتی نیوڕێالیستییە– دوایین سێكانسی فیلمی ئاڵمان، ساڵی سیفر.

ئاڵمان، ساڵی سیفر
ئەم فیلمە خاوەنی چەند ڕەهەندە: سەرەتا، بەڵگەنامەیی، بارودۆخی ئاڵمان دوای شەڕ؛ دەروون‌ناسانە، دەروون‌ناسیی كۆمەڵایەتی كە بەرهەمەكانی بەدڕەفتاری و پەروەردەی نادرووستی نازیی نیشان دەدات، هەروەها دەروون‌ناسیی كەسێتیی منداڵ. بەڵام ئەمە لە كاتێكدایە كە ئافراندن دەست پێ‌دەكات، چونكوو هیچكات دەروون‌ناسیی منداڵ یان گەورەساڵ لە چەقی سەرنجدا نییە. ئەم بەرهەمە زۆر جیاوازە، دیمەنێكی ئامان‌جدار و بابەتی لە ڕوانگەی منداڵێكەوە كە لە بارودۆخێكی تایبەتدایە. گرنگایەتی نادرێتە دەروون‌گەرایی، گفتوگۆی ناوەكی و تەنانەت دەرەكی، تەنانەت گرنگایەتی نادرێتە گەمە و یاریی منداڵانەش، تەنانەت گرنگایەتیش نادرێتە دەروون‌ناسی لە مانای ئاكاری ڕەفتارییشدا. لێرەدا تەواو دوورین لە دەروون‌ناسی و گرنگایەتی نادرێتە زنجیریەك لە نواندنەوەكان. لێرەدا پرسی سەرەكیی لێك‌دانەوەی مرۆڤایەتییە لە مانای تەواوی خۆیدا، كە كامێرا بەبێ پێش‌مەرج و لایەنگرییەكی پێشترەوە دیمەنەكان ڕیكۆرد دەكات.
بۆ تێگەیشتن لە توخمی ڕەسەن لەم پڕۆسەیەدا هەر ئەوە بەسە سەرنج بدەینە كاتێك كە منداڵەكە لە حاڵەتی "نواندن/ڕۆڵ‌گێڕان"دا نییە و ئەكتەر نییە، بە هیچ چەشنێك ناتوانین بڵێین منداڵەكە ڕۆڵەكەی باش دەگێڕێت یان خراپ و بەو مانایە بەشێك لە ڕووداوەكە نییە. درووست هەروەها كە بینەر هەستی هاوتاسازی یان پێچەوانەكەی تێدا درووست نابێت. بۆ هەڵسەنگاندنی باشتر، بینینی ئەم فیلمانە یارمەتیدەر دەبێت: (هەر شوێنێك لە ئۆرووپادا، دوایین پشوودان، منداڵی وەحشی)؛ كاراكتەرەكانی ئەم فیلمانە هەموویان باش ڕۆڵ دەگێڕن، واتە ئەكتەرەكان ئەو هەستانەی كە فیلمساز پێی وایە دەبێت ئەزموونی بكەن بە باشی دەگوازنەوە بۆ بینەر. لە نموونەكەی ئێمەدا واتە لە "ئاڵمان، ساڵی سیفر"دا  دەبێت لێكدانەوەی منداڵەكە لەگەڵ كام یەك لە هەستەكاندا یەك بگرێتەوە؟ داخ و كەسەر، بێ‌هیوایی، ئاڵۆزی، شڵەژاوی؟ هیچكام لەم هەستانە، زۆرتر لە هەموویان، ڕەزایەت‌بەخش نییە، چونكوو ئێمە لێرەدا لەگەڵ پرسێك لە لێكدانەوە گشتگیرە مرۆییەكان (یان باشترە بڵێین لەگەڵ بارودۆخی بووندا ئێگزیستانسیالیزم/بوون‌خوازی) بەرەوڕووین.

هونەر لە ڕیالیزمی دیاردەناسانەدا
بەردەوام بیركردنەوە لەمەی كە سەبارەت بە چی گفتوگۆ دەكەین بزووتنەوەیەكی جوانیناسانەیە. ڕەت‌كردنەوەی "شێواز" كە نزیكە لە ڕیالیزمی دیاردەناسییەوە بێ‌گومان نیشاندەری هەوڵێكە بۆ دۆزینەوەی پێگەیەك لە دەرەوەی پانتای هونەر. بەڵام بۆ خۆبواردن لە باس‌كردن لە بۆشاییدا، ئیزن بدەن بەرهەمێكی تایبەت، واتە فیلمی "پاسكیل دزەكان" بەرهەمی دێسیكا لەبەرچاو بگرین؛ لێرەدا پیاوێكمان هەیە كە بۆ پاسكیلە دزراوەكەی دەگەڕێت، ئەو بەس پیاوێك نییە كە كوڕەكەی خۆش دەوێت، بەڵكوو كرێكارێكی بێ‌هیوایە كە لە هەوڵ دایە پاسكیلێكی دیكە بدزێت، پیاوێك كە نوێنەری چارەڕەشییە پڕۆلیتەرییەكانە كە ئاستی مرۆیی تا ئاستی دزینی ئامرازی كارەكەی دابەزیوە. "ئەو" هەموو ئەمانەیە و زۆر شتی دیكەی پێناسەنەكراو و نەشیاویشە بۆ لێكدانەوە، درووست بۆ ئەوەی كە لە یەكەمین ئاستدا، هەیە و تاك نییە بەڵكوو كۆمەڵێك لە ڕاستییەكان دەوریان گرتووە كە هەموو جیهانی لەگەڵ دایە –هاوڕێیان، كڵێسە، خوێندكارە ئاڵمانییەكان، پۆستەری هیورس و ئەمانە تەنیا دیكۆر نییە و بە هەمان ڕادەی كە خۆی هەیە، ئەوانەش هەن.
كەوایە، ئایا ڕەت‌كردنەوەی هەڵبژاردن، خودی هەڵبژاردن نییە كە هونەر دەربارەی قسە دەكات؟ ئەویش هەڵبژاردنە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەڵبژاردن یەكێكە لە ئامرازەكان. لەم نموونەیەدا ئامرازەكان زۆر بەهێزن. پرسی گرنگ ئەوەیە كە هەر ئەم ڕیالیزمەی ئەم بەرهەمە بەس بە كەڵك‌وەرگرتن لە پێوانە و ڕێ‌وشوێنگەلێكی وردبینانە و هووشیارانەتر لە هەر شتێك كە بە تەواوترین شێوە یارمەتی‌دەری خۆڕسك بوون بێت، دەخولقێت. ڕیالیزمی دیاردەناسانە هەر وەك شێوازێك كە دەبێتە ئیلهام‌بەخش و هاندەریشی (بەڵام بە مانایەكی جیاوازەوە) بەرهەمی جۆرێك كەوانە، جۆرێك "پوختەكردن"ـە. لە نیوان كەوانەدا بەرهەمێك هەیە، بەشێك لە جیهانێك كە درووست ئەو هەستە دەبەخشێتە بینەر كە خۆی وێنا و تەنانەت دیمەنێكی ڕیالیستی نییە. بەڵام لە دەرەوەی كەوانەدا كەسێك هەیە كە دانەرە (ئافرێنەر). كەسێك كە سەرجەم هەوڵی هونەریی بۆ گەیشتن بە كاریگەریی ڕاستەقینەیە و پێ‌دانی ئەم هەستە بە بینەر كە قەت ناچێتە نێو كەوانەوە.
بێ‌گومان هونەری بێ‌كۆتایی دەبێت گێڕانەوەیەك ساز بكات، "میزانسێن"ێك بخاتە گەڕ، ئەكتەرەكان بخاتە سەرپێ، لە هەمان كاتدا كە ئەم كاریگەرییە كۆتاییە دەخولقێنێت، دەبێت بیقەبووڵێنێت و فەرزی بكات كە نە گێڕانەوەیەك، نە "میزانسێن"ێك و نە ئەكتەرگەلێك لە ئارادا بوون. بە واتایەكی دیكە، دیسانەوە لەگەڵ ڕیالیزم لە ئاستی دووهەمدا، لەگەڵ سێنتێزی بزووتنەوە بەڵگەنامەییەكان و " ڤێریسمۆ Verismo"دا ڕووبەڕووین.
لەگەڵ ڤێریسمۆدا، ئەم تێگەیشتنە هاتە ئاراوە كە ناكرێت ئایدیالی ڕیالیزمی سەرەتایی بە بەرهەم‌هێنانی ڕاستەوخۆی ڕاستەقینە بەدەست بهێنرێت؛ لەو كاتەدا لەو بۆچوونە دووركەوتنەوە كە ڕوانگەی ناڕاستەوخۆ جۆری ناڕەسەنی ڕووداوە. وەهمی تەواوی جوانیناسانەی ڕاستەقینە تەنیا دەكرێت بەیارمەتیی كردارگەلێك بێتە ئاراوە كە تێیدا لە سەرەنجامدا زۆرتر لە جۆرێك ئێكسپێرسیۆنیزم یان كانستراكتیڤیزمی هونەر شاردراوەیە.

ڕاستەقینەی مرۆیی و واتاكەی
هەندێك لە لق و بەشەكانی جوانی‌ناسی هەن كە لەوانەیە دژبەری ڕیالیزمی دیاردەناسانە بن، تایبەتی‌ترینیان بریتییە لە "درامی واتادار" یان بە شێوەیەكی هێمنانەتر "درامی پڕناوەرۆك". تایبەتمەندیی هەمیشەییان جۆرێك بەرجەستەكردنەوە و بانگەشەیە بۆ بەرهەم كە فۆرمێكی دەرەكیی بەخۆیەوە بگرێت و لە ساكارترین حاڵەتدا سەقامگیرییەكی ئایدیال و مانایاكی بێ‌گرێی بەدواوە دەبێت. ئەمە لە كاتێكدا كە بیرمەندانە بێت، بەتەواو مانا لەگەڵ ڕیالیزمی دیاردەناسانەدا دژایەتی دەكات كە سوورە لەسەر ئەوەی ڕووداوەكان دەس‌كاری نەكات و بە شێوەیەكی دەس‌كرد ڕوداوەكان به بۆچوون و هەستی سۆزدارییەوە دانەپۆشێت. بەڵام تایبەتمەندیی گشتگیری ڕووداو، ڕاستەقینەی كاتی-شوێنی و هاوڕێژەیی و شعوور و ئاوەزی مرۆیی لەخۆ دەگرێت كە بەشێكە لە جەوهەرە و "مانا" یان "واتا"كەی. چونكوو ئەوە دەكرێت تەنیا بە وشیاریەك كە قەت چاوی لە ئامانجی دەرەكیی نییە لێك جیا بكرێتەوە، دەكرێت هەمیشە بەم شێوەیە شرۆڤە بۆ ئەم "واتا"یە بكرێت: بە وشیارییەكی هاوتا لەگەڵ پێوانە و تیۆرییەكانی خۆیدا، واتە لەگەڵ جیهان‌بینییەكەیدا، ڕێك وەك جیهانی ڕاستەقینە. لە ئاكامدا دەرەنجام دڕدۆنگییەكی بنەڕەتییە.

سەرچاوە: جیم هیلی بر، ترجمه: كاڤم فیروزمند و ماهیار ێ‌ژر، گزیده مقالات كایە دو سینما، دهه 1950: نئورئالیسم، هالیود، موج نو، چاپ یكم، نشر ێ‌گه ، 1391، ص 227-231.


PM:08:35:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 201 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌