ماشێنی مەرگ و تیرۆری كۆماری ئیسلامی دەبێ بوەستێت

سەبارەت بە مانگرتنی ۲۱ی خەرمانان
ناسر خورشیدی

بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان هەمووكات خولقێنەری ڕووداوە گرینگ و مێژووییەكانن. ئەگەر لە كاتی خۆیاندا بە دیكۆمێنت نەكرێن و ئەگەر بەڵگەی سەلمێنەریان لە پشت نەبێت دواتر لە گێڕاننەوەی ڕووداوەكانی تایبەت بە بزووتنەوەیەكی دیاری‌كراوەوە، كە سینە بە سینە لە نەوەیەك بۆ نەوەیەكی‌تر دەگوازرێتەوە، ڕاستی ڕووداوەكان گۆڕانیان بە سەردا دێت. بۆیە، گێڕاننەوەكان پێویستە پشت‌بەستوو بە بەڵگە و دێكۆمێنت بن تا بتوانن جێگای باوەڕبن. وەكی‌تر، گەر بەڵگەمەند نەكرێن لە ژێڕ تەپ‌وتۆزی تێپەڕبوونی كاتدا لە ڕەوتی گواستنەوە بۆ سەردەمێكی‌تر ڕاستییەكان دەگۆڕدرێن و لەوانەیە ھەر كەسێك و لە گۆشەنیگایەكەوە چاو لە بابەتی بەرباس بكات یان ھەندێك خەڵكی ھەل‌پەرەست بۆ ڕەوایی‌بەخشین بە خۆیان خوێندنەوەی جیاواز لە ڕاستەیەكان بۆ ڕووداوە مێژووییەكان بكەن.
ئێمەی كورد بە ھۆی بارودۆخی گەلێك تایبەتەوە لەچاو نەتەوەكانی دەورووبەرمان پێویستە بە چڕی بپڕژینە سەر ئەو ڕووداوە گرینگانەی كە ڕوویانداوە یان ڕوو دەدەن. زۆرن ئەو ڕووداو و سەردەمە مێژووییانەی كە كورد تێپەڕی كردووە و بەبێ ئەوەی بەڵگەمەند ئاوڕێ لێ‌دابێتەوە یان باس كرابێت و لێی تێپەربوون یان لەناو شەڕە ماڵ‌وێرانكەرەكاندا لە ناو چووبێتن بەڵام لەم سەردەمەدا كە بە دەیان و سەدان میدیا و گۆڤار و ڕۆژنامە و بەتایبەت سەردەمدارێتیی سۆشیاڵ‌میدیا ئیتر ئەمە قبووڵ ناكرێت كە چی‌تر بهێڵین ڕووداوەكان بكەوێتە پەراوێز و خوێندنەوەی بۆ نەكرێت. ڕۆژێك وەك چوارشەمە ۲۱ی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاویی یەكێك لە ڕۆژەكانی گرینگە نەك تەنیا لە ئاستی كوردستانی ڕۆژهەڵات بەڵكوو لە ئاست ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناویینیشدا بگرە لە ئاست جیهاندا شایانی ئەوەیە كە بە دەیان تێز و لێكۆڵینەوەی زانستی لە ئاستی بەرزدا لەسەر بكرێت و بنووسرێت و لایەنە پۆزێتیڤ و نێگەتیڤەكانی ھەڵبسەنگێندرێت و ئاوڕێكی جدی و ئاكادمیك لەو ڕۆژە بدرێت.
من لەم یادداشتەدا دەمەوێت ڕۆژی ۲۱ی خەرمانان وەك خۆی باس بكەم و نامەوێت بپڕژمە سەر ڕابردوو و مێژووی مان‌گرتنەكان لە كوردستاندا بهێنمە بەر باس و باسی لێ‌بكەم. لێرەدا بەم پرسیارەوە دەچمە ناوباسەكەم. هۆكاری چی بوو بۆ ئەوەی كوردستانی ڕۆژهەڵات بە شێوەیەكی گشتی و هەمە لایەن بەرەو پیری ئەم مان‌گرتنە گشتگیرەوە بچن؟
كاتێك ماشینی مەرگ و تیرۆری كۆماری ئیسلامی جارێكی‌تر وەڕێ‌كەوتەوە و دەستی نەدەپاڕاست و بۆی گرینگ نەبوو كە ئەوەی  دەكوژرێت ژینگەپارێزە یان هێزێكی شۆڕشگێڕ، بە شێوازی سێدارە یان مووشەك‌باران تەنیا بۆی گرینگە بە درووست‌كردنی قەیرانێك بوو تا خۆی لە قەیران ڕزگار بكات. بۆ درووست‌كردنی قەیران دەسپێكەكەی لە ڕۆژی سێی خەرمانانی ۱۳۹۷ی هەتاویی بە كووشتن و شەهیدكردنی ژینگەپارێزان بەناوەكانی شەریف باجوەر، ئومید حسێنی‌زادە (كۆنەپۆشی)، محەممەد پەژووهی و ڕەحمەت حەكیمی‌نیا لە كاتێكدا كە بۆ كووژاندنەوەی ئاگری دارستانەكانی دەڤەری مەریوان چووبوون، دەكەونە ناو داوی كۆماری ئیسلامی و شەهید دەكرێن. بۆ دەڵێم دەكەونە ناو داوەوە؟ چونكە هیچ كات ئەوان بە ئاگر و دووكەڵەكەی شەهید نەكراون و لە لێ‌هاتوویی ئەوان لە بواری ئاگر كووژاندندا هیچ گومانێك نییە، بەتایبەت كاك شەریف و كاك ئومید كاتێك خەریكی ئاگركوژاندنەوە دەبن دەنگی دوو تەقینەوە دێت كە ڕوون نییە بۆمب‌یان بۆ دانابوون یان مین‌یان بۆ چاندبوون. ئەوەی ڕوونە بەپێی زانیارییەكان، ئەم چالاكە ژینگەپارێزانە بە هۆی تەقینەوە دەكوژرێن لە داوی ڕژیمی خوێن‌مژی كۆماری ئیسلامیدا چوار كەسی ژینگەدۆست و نیشتمان‌پارێزە شەهید دەكرێن و لە ئاپۆرای جەماوەردا و بە وتنەوەی سڕوود و سەدان درووشمی جۆراوجۆر و شۆڕشگێڕانەدا بە خاك دەسپێردرێن. كۆماری ئیسلامی لە یەكەمین هەنگاویی بۆ قەیران درووست‌كردن شكەست دەهێنێت و لەگەڵ هێزێكی چەند هەزار كەسی ڕووبەڕوو دەبێتەوە كە هاتوون و ڕۆڵەكانی خۆیان ئەسپەردە دەكەن و هاوار دەكەن "هێشتا هەزاران شەریف ماوە". 
ماشێنی تیرۆری كۆماری ئیسلامی دیسان دێت گێژاو و قەیرانێكی‌تر بخوڵقێنێت تا بەڵكوو ئەم‌جارە بتوانێت بە كەڵك‌وەرگرتن لەم قەیرانە خۆی لە قەیرانە جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییەكانی دەرباز بكات و هێندێك لە شكستەكانی قەرەبوو بكاتەوە و بۆ ئەم مەبەستە و تاقی‌كردنەوەی درووست‌كردنی قیران دیسان لە كوردەوە دەست پێ‌دەكات. ڕۆژی ۱۷ی خەرمانان جنایاتی ڕژیم گەیشتە قۆناغێكی نوێ و بە لەسێدارەدانی سێ گەنجی كوردستان بە ناوەكانی ڕامین حسێن‌پەناهی، لوقمان و زانیار مورادی، كە پارێزەراكانیان دەڵێن هیچیان شایانی لەسێدارەدان نەبوون. لە سێدارەدانی ئەم گەنجانە لە كاتێكدا ڕوویدا كە جگە لە كورد ڕێكخراوە نێونەتەوەییەكان و چالاكانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا داوای ڕاگرتنی حوكمی سێدارەی ئەو سێ گەنجەیان دەكرد.
 ئەو ڕۆژە جنایاتی ڕژیمی بەوه كۆتایی نەهات و لە كاتێكدا كە حیزبی دێمۆكراتی كوردستان (حدك) خەریكی بەرێوبردنی پلۆنۆم بوو، هێزی تیرۆریستی سپای پاسداران بە ۷ مووشەكی دوورهاوێژ لە قەڵای دێمۆكرات دەدات و لاپەرەیەكی‌تر لە مێژووی پڕ لە جنایەتی خۆی تۆمار دەكات. لەم هێرشە تیرۆریستیەدا كە سپای پاسداران ئەنجامەكەی گرتە ئەستۆ ۱۵ كەس شەهید و نزیكەی ۴۰ كەس بریندار بوون. لەم ۱۵ كەسە ٦ كەسیان ئەندامانی سەركردایەتیی حدك بوون و دوو پێشمەرگەی حدكاش شەهید دەبن.
لێرەدایە كە ئیدی ماشێنی تیرۆری كۆماری ئیسلامی خێرا دەبێتەوە و بە هەموو جۆرێك دەیەوێت باڵادەستیی خۆی بسەڵمێنێت و ڕۆژانی ۱٨ و ۱۹ی خەرمانان دیسان گەنجانی كورد لە سێدارە دەدات و بەوەش ناوەستێت و نۆبەی هەڕەشەكردن لە كۆمەڵە دێت و دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە ئەوەی لە كۆیە ڕوویدا و مووشەك‌بارانەكەی كۆیە ئەم‌جار لە زرگوێز و زرگوێزەلە ڕووبدات. ڕەنگە دوای ئەمە پێویستە هێزێك بێت و پێش بە سوورعەتی ئەم ماشێنە واتە ماشێنی مەرگ و تیرۆری كۆماری ئیسلامی بگرێت. ماشێنی مەرگی كۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەم ۴۰ ساڵەدا دەرخەری كاكڵ و ڕاستیی ئەم دەسەڵاتە بووە و نیشانی داوە و هەموان بە ئاگاین لە دەس نەپاڕاستن و بێ‌بەزەیی‌بوونی كۆماری ئیسلامی لە كاتە ئاساییەكاندا چ بگات بە كاتێك كە بیەوێت بۆ دەربازبوون لە قەیران قەیران‌گەلی نوێ بخوڵقێنێت بە ستارت و وەگەڕخستنی ماشێنی تیرۆر و كوشتن و هەڕەشەكردن. لێرەدا پێویستییەك دێتە ئاراوە بۆ ئەوەی كە هێزێك بێت هاوكات چەن كار بكات بە كارێك كە بریتین لە سەرەتادا پێش‌گرتن بە سورعەتی ماشێنی مەرگی كۆماری ئیسلامی و لە هەمان كاتدا هەڕەشەكردن لە دەسەڵاتدارێتی و لە كۆتاییدا مارشێك بێت بۆ ئەوەی هێزی خۆی بنوێنێت. ئەم پێویستییە واتە پێش‌گرتن بە سورعەتی ماشێنی مەرگ دەبێتە هۆی ئەوەی كە هێزی مەدەنی و كۆمەڵانی خەڵك خۆی بنوێنێت. ئەم خۆنواندنە هەر جار و بە جۆرێك و لە قاڵبێك و چوارچێوەیەكدا خۆی دەردەخات. ڕۆژی چوارشەمە ۱۹ی خەرمانان لە چوارچێوەی مان‌گرتنی گشتیدا دووكان و بازاڕ و نەهاتنەدەر لە ماڵ، خۆی دەردەخات و لە ڕابردوودا بە شێوازگەلی‌تر بووە و لە داهاتوودا ڕەنگە چوارچێوە و فۆرمی خۆی بگۆڕێت.
واڵتێر بێنیامین سەبارەت بە ئێعتساب و مان‌گرتن لە وتاری ڕەخنە لە تووندوتیژیدا دەڵێت: "دوو جۆر مان‌گرتنمان هەیە: یەكیان پڕۆڵتێرییە و ئەوی‌تریان پڕۆلێتێری نییە. مان‌گرتنی پڕۆلێتێری ڕادیكاڵترین جۆری مان‌گرتنە كە خوازیاری گۆڕانی دۆخەكەیە و داوای گۆڕانی ڕیشەیی و ڕادیكاڵ دەكات بەڵام ئەو جۆرەی‌تر خوازیاری گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشووترە و خوازیاری هیچ گۆڕان و هەنگاوهەڵێنان بۆ پێش‌ڕەوی نییە". گەر لێرەدا بمانهەوێت لە ڕێگەی ئەم مۆدێلە بێنیامینییەوە مان‌گرتنەكەی ۲۱ی خەرمانان هەڵبسەنگێنین دەبینین ناتوانین بیكەین بە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندن و ناكرێت لە هیچ یەك لەواندا بیگونجێنین چونكە جیاوازە و دەبێ بڵێم ئەوەی ڕوویداوە دەبێ خوێندنەوەیەكی جیاوازی بۆ بكرێت و بۆچوونەكەی بێنیامین یارمەتی‌دەرێكی ئەوتۆمان نابێت. ئەم مان‌گرتنە بە تەواوەتی لە ڕووی خۆوشیارییەوە ڕوویداوە و دەتوانین بڵێین گەر ئێستا واڵتێر بێنیامین لەم سەردەمەدا ژیابا سێ جۆر مان‌گرتنی پێناسە كرابا و ئەو چەشنە مان‌گرتنەی ڕادیكاڵ‌تر لە مان‌گرتنی پڕۆلێتێری بە ئەژمار دەهێنا لەبەر ئەوەی یەكەم، ئەم جۆرە مان‌گرتنە گشت‌گیرە و پانتاییەكی جوغرافیایی بەرین لە خۆ دەگرێت دووهەم، فرەڕەهەند و فرەچەشن و فرەڕەنگە كە دەتوانێت هەموو چین و توێژەكان بە هەر باوەڕ و ئێتنیكێك لەخۆ بگرێت سێهەم، لە ڕووی ووشیاری و باوەڕبەخۆیەكی كۆمەڵایەتیەوە ڕوو دەدات چوارەم، نایەوێت بەڕەو دواوە بگەڕێتەوە و ناشیەوێت ئیمتیاز مەسەوگەر بكات بەڵكوو دەیەوێت گۆڕانێكی بنەڕەتی لە كردەوەكانی كۆماری ئیسلامی بخوڵقێنێت و لە هەمان كاتدا هەڕەشە دەكات و دەڵێت دەبێ ئەم ماشێنی مەرگەی كە بە دژی خەڵكی كوردستان كەوتووەتە كار ڕابگیردرێت. 
لە كۆتاییدا دەبینین ڕۆژی ۲۱ی خەرمانان دەرفەتێك بوو بۆ ئەوەی نەتەوەكانی‌تر بە پێشوازیی ئەم مان‌گرتنەوە بێن تا هەموان بە دژی كۆماری ئیسلامی خەباتێكی نوێ ئەزموون بكەن تا پێش بە ڕووداوەكانی‌تر لە داهاتوودا بگرێت، بەڵام دەبینین ئەوان بێ‌دەنگی هەڵدەبژێرن تا كۆماری ئیسلامی شكەستی خۆی لە خوڵقاندنی قەیران لە كوردستاندا بە خوڵقاندنی قەیران لە ئەهواز تاقی بكاتەوە و  شەڕێك و هێڕشێك بۆ سەر خەڵكی سڤیل و هێزی نیزامیی خۆی لەكاتی ڕێژەی سەربازیدا ڕێك‌بخات تا لە ئەنجامدا كوژراو و برینداری لێ‌بكەوێتەوە. ئەوەی لە ئەهواز ڕوویدا ڕوون نییە لە داهاتوودا لە كوێ ڕووبداتەوە. گومانی تێدا نییە مان‌گرتنی ۲۱ی خەرمانان ئەوەندەی پەیام تێدایە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران كە پێش بە ماشێنی تیرۆر و كوشتنی كورد بگرێت بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە كە كۆماری ئیسلامی لە هەموو كات شكست‌خواردوو و دۆراوتر بوو تەنانەت بە زیندان و دەسبەسەركردن و ئەشكەنجەدانی چالاكانی مەدەنی و سیاسی و كۆمەڵانی خەڵك كە لە هەمان ڕۆژ و ڕۆژانی دواتردا ڕوویدا ناتوانێت شكستی خۆی قەرەبوو بكاتەوە و تەنیا لە گێژاوی قەیراندا ئەوەندەی‌تر نووقم دەبێت.


PM:08:27:10/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 231 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌