گەندەڵی ؛ تاوانی لایەنێک یان هەمووی ڕژیم

ئا: سەلاح بەهرامی

ئێستا کە هەموو شتێک ئاشکرا بووە و خەڵک بە وشیاری تەواو گەیشتوون و بە ئاشکرا ڕژیم تاوانبار دەکەن بە هەموو ئەو گەندەڵییانەی کە لەو چل ساڵەدا کردویەتی ، بەرپرسانی ڕژیمیش لە ژێر بەرپرسارێتی ئەو گەندەڵییە شانە خاڵی دەکەن و هەر لایەنێک، لایەنی دیکە بە هۆکاری گەندەڵی تۆمەتبار دەکات .

خامنەیی لە لایەکەوە لایەنی دەوڵەت تۆمەتبار دەکات ، وەک بڵێی دەوڵەتی ئێران سەربەخۆیە و خامنەیی هیچ کارەیە ، لەولاشەوە دەوڵەتە کە لایەنی خامنەیی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هەموو جومگەکانی دەسەڵاتیان قۆرخ کردووە و بە دەسەڵاتی بنەماڵەیی وڵاتیان کاول کردووە .

بە وتەی ئەحمەدی تەوەکولی ؛ دەسەڵات لە ئێراندا لە دەستی کومەڵێ نەخوێندەوار و لووتبەرزدایە و شایستەسالاری بە هۆی دەسەڵاتی بنەماڵەیی و عەشیرەتییەوە لەناوچووە .

لەم وتەدا ناڕاستەوخۆ ئاماژە بە دەسەڵاتی مەلاکان دەکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەردوولایەن رۆڵی سەرەکییان هەیه لە درووستکردنی ئەم باروودۆخە و نەهامەتییە ، هەردوولایەن لە دەسەڵاتدا بەشدارن و هەموو ناوەندەکانی دەسەڵات پێکەوە بەڕێوە دەبەن .

ئەوەی کە هەر لایەنێک ئەوی دیکە تۆمەتبار دەکات ، دەرخەری دوو ڕاستییە کە لە خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین ؛

یەکەم ؛ هیچ لایەنێک نایەوێت بەرپرسیارێتی ئەو گەندەڵییە بگرێتە ئەستۆ ، خۆ دیارە ئەگەر ڕژیمی ئێران هێندە بەرپرس دەبوو کە دان بە گەندەڵی خۆیدا بنێت ، خۆ بەم قەیرانە نەدەگەشت .

دووەم ؛ بە تۆمەتبارکردنی لایەنەکەیان دەیانەوێت ئەم پڕۆژە جێبەجێ بکەن کە هەرلایەنێک کۆمەڵێ کەس لە لایەنی بەرامبەر قوربانی بکات و بەم شێوە کۆتایی بەو قەیرانە و بشێوییە بهێنن .

بەڵام ئەم یارییە چیتر ڕەنگی نەماوە و فارس وتەنی ؛ این حنا دیگە رنگی ندارە

خەڵکی ئێران پاش چل ساڵ درۆ و دەلەسەی ئەم دوو لایەنە بەوە گەشتوون کە هەموو بەرپرسان و بە گشتی هەموو ناوەندەکانی ڕژیم ڕۆڵی سەرەکییان لەم دۆخەدا هەیە و ڕۆژی خۆی دەبێ هەموویان لە دادگای خەڵکدا وەڵامدەرەوەی هەموو ئەو ناحەقی و زوڵمەی بن کە دژ بە گەلانی ئێران کردوویانە .



PM:05:13:06/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 202 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌