کورتە فیلمی دێکۆمێنتاری "ئارەزوو"لەسنوورەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووە بەرهەم هێنرا

کورتە فیلمی دێکۆمێنتاری "ئارەزوو"لەنووسین و دەرهێنانی ئیدریس عەبدی کاری وێنەگرتنی تەواو بوو.

کورتە فیلمی ئارەزوو،چیرۆکی پێشمەرگەیەکی ژنی کۆمەڵەیە بە ناوی "ئارەزوو ڕەزەوەی" کەلەچیاکانی کوردستان کاری پزیشکی ئەکات.ڕۆژانە سەردانی بنکەکانی پێشمەرگە ئەکات و نەخۆشینەکانیان چارەسەر ئەکات.جگە لەخزمەت کردن بە پێشمەرگە لەو ناوچە سەردانی خەڵکی گوندەکانیش ئەکات و ئەوانیش چارەسەر ئەکات.

ئەم کورتە فیلمە لەلایەن کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بەرهەم هاتووە.

چیا حەسەنی کاری وێنەگری ،فەردین خوداکەرەمیان دەنگ هەڵگر، هێرش ڕەهنەوەرد یاریدەدەری دەرهێنەر و پەرویز وەلی زادە و فوئاد مەنسووری کاری فۆتۆی ئەم کورتە فیلمەیان ئەنجام داوە.

ئیدریس عەبدی هەروەها ڕایگەیاند:کە ئێستا کاری مونتاژی فیلمەکەی دەست پێکردووە.

ئیدریس عەبدی دەرچووی بەشی سینەما وئەندامی کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیە و پێشووتر چەند کورتە فیلمی دیکەی بەناوەکانی "هێلکەوڕۆنی سووتاو"،"نان و سنوور" و "دار"ی بەرهەم هێناوە ولەچەندین فیلمی دیکەدا کاری وێنەگرتن و مونتاژی ئەنجام داوە و لە چەندین فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی بەشداری کردووە.

هەر بەم بۆنەوە وتووێژێکی کورتمان لەگەڵ ئیدریس عەبدی ئەنجام داوە کەم ئەمە دەقی وتووێژەکەیە:

١: هاوڕێ ئیدریس لەم ماوەیەدا ئێوە خەریکی دەرهێنانی کورتە فیلمێکن بە ناوی (ئارەزوو)، ئەم کورتە فیلمە باس لە چی دەکات و تێمی فیلمەکە چییە؟

کورتە فیلمی ئارەزوو ،کورتە فیلمێکی دێکۆمێنتارییە،کەباس لەژیانی ژنێکی پێشمەرگەی کۆمەڵە بەناوی "ئارەزوو ڕەزەوی" ئەکات کەلەشاخ خەریکی کاری پزیشیکییە و نەخوشین و برینی پێشمەرگەکانی ئەو ناوچە تیمار ئەکات.تەنانەت خزمەت بەخەڵکی ئەو ناوچەیەش ئەکات. کاری بەرهەمهێنانی ئەم کورتە فیلمە پێنج ڕۆژە بوو،و لەسنوورکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور،کاری وێنەگری ئەم فیلمەمان ئەنجام داو و بەشێکی زۆر بچووکیش لەناوچەی قەرەداغ ئەنجام دراوە.کورتە فیلمی ئارەزوو،فیلمێکی کاراکتێر میحوەرە.

٢: فیلمی ئارەزوو، فیلمێکی دێکۆمێنتارییە، پێناسەی فیلمی دێکۆمێنتاری چییە، تایبەتمەندییەکانی چین و مەبەستی ئەم جۆرە فیلمانە چییە؟

لەم سەردەمەدا کەمتر کەسێک پەیدا ئەبێت کەنەزانێت فیلمی دێکۆمێنتاری چییە؟

فیلمی دێکۆمێنتاری بەشێک لە پەیکەرەی سینەمایە،کە هەوڵ نادات بەخیاڵ و ئاوات و شێوە ڕوانینی بەرهەمهێنەری فیلم یان دەرهێنەری فیلم باس لە حەقیقەتەکان بکات.

بەواتایەکی دیکە فیلمی دێکۆمێنتاری ژانرێکە لەسینەما،کەهەوڵ ئەدات بەپێی حەقیقەتەکان و واقیعەتەکان ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان بە وێنا بکێشێت.

هەر بەم پێیە،فیلمی دێکۆمێنتاری لەگەڵ دوو چەمکی حەقیقەت و واقیعیەت کار ئەکات و ئەوەی کەکامیان گرینگی پێ ئەدرێت یان لەئەولەویەت دایە،باسێکە کەجێگای زۆر موناقشەی هەیە.

ئەمە بەو مانا نییە کە ئەم دەرهێنەر یان بەرهەمهێنەر ناتوانێت ئەم واقیعیەتانە دەستکاری بکات،و کۆنترۆڵی بەسەردا نەبێت.لەوانەیە هەندێک لەدەرهێنەرانی فیلمی دێکۆمێنتاری برێک لە ڕووداوەکان دووبارە درووست بکەنەوە.هەر ئەو کارەی کە من لە فیلمەدا ئەنجام داوە،بۆ ئەوەی لەباری تەکنیکی و ناوەڕۆکەوە کۆنترۆڵی زۆرترم ببێت بەسەر چیرۆکی فیلمەکەدا و ڕووداوەکانی فیلمەکە هەندێک لە دیمەنەکانمان دووبارە درووست کردۆەتەوە.لە کۆتاییدا ئەوەی گرینگە،لەتەکنیک و لەفۆرمدا وهەروەها لەناوەڕۆکدا،وەها بێت کە ،کاتێک بینەر فیلمەکە ئەبینیت ئەو هەستە واقیعیی بوونەوەی لا درووست بێت.فیلمی دێکۆمێنتاری لەگەڵ کەسایەتی و شوێن و ڕووداوی واقیعی کار ئەکات.

خودی فیلمی دێکۆمێنتاری چەندی جۆری هەیە:دێکۆمێنتاری فێرکاری،داستانی،تەبلیغاتی،سیاسی،پیشەیی و....

هەر بە پێی جۆری فیلمە دێکۆمێنتارییەکان،مەبەست و ئامانج لەبەرهەمهێنانیشیان دەگوۆردرێت.

٣: پێشمەرگە و چالاکی پێشمەرگانە و ژیانی رۆژانەی پێشمەرگە تا ئێستە کەم لە سینەمای ئێمە بە تایبەت کوردی رۆژهەڵات رەنگی داوەتەوە، هۆکاری ئەمە چییە؟ ئایا لات وایە کوردی رۆژهەڵات و لەوانەش رەوتە سیاسییەکان کەمتر لە سینەما کەڵکیان وەرگرتووەو دەرکیان بە پێگەی سینەما کردوە یان هۆکاری ماددی یان تەکنیکی و.. لە پشتە؟

ئەو فیلمسازانەی کەلەناوخۆی ئێرانن،بەهۆی داخراوی سیاسیی لەئێران ناتوانن کار لەسەر ئەم بابەتانە بکەن.هەرچەند کەبەداخەوە هەندێکیش لەفیلمسازانە،لەخزمەت سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیدان،بەڵام ئەوانە کەلەم کاتاگۆریەدا خۆیان نابیننەوە بە بۆنەی ئەو داخراوییە بیشیانهەوێت کار لەسەر ئەم بابەتانە بکەن،ناتوانن و تووشی کێشە ئەبن.زیندانەکان کۆماری ئیسلامی جێگای فیلمسازانی بەهەڵوێست و سەربەخۆییە.

ئەمێنێتەوە حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات،کە ئەم حیزبانەیش هەندێک جار بە بۆنەی نەبوونی کەسانی شارەزا لەم بوارەدا ناتوانن،فیلمگەلێک لەسەر ئەم بابەتانە بەرهەم بهێنن و یان ئیمکاناتی فەننی ئەم کارەیان نییە.وهەندێک لەحیزبەکانیش بەلایانەوە زۆر گرینگ نییە.بەڵام ئەوەی بەرچاوە کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی کۆمەڵە و تەلەفزیۆنی ڕۆژهەڵاتدا،یان راستەوخۆ پشتیوانی لەبەرهەمهێنانی فیلمگەلێک لەسەر ئەم بابەتانە کردووە و یان لەبەرهەمهێنانیاندا کاریگەری زۆر گەورە بووە و لانیکەم ئیمکاناتای فەننی بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە فیلمانە ئامادە کردووە.

من خۆم لە ماوەی ئەم دووساڵەدا دوو کورتە فیلمم بەرهەم هێناوە کەیەکێک لەم فیلمانە ڕاستەوخۆ کۆمیسیۆنی راگەیاندنی کۆمەڵە کاری بەرهەمهێنانی بۆ ئەنجام داوە و ئەوی دیکەشیان کاریگەری زۆر گەورە بووە لەبەرهەمهێنانیدا،کە خۆشبەختانە ئێستا خەریکین کاری پەخشی بۆ ئەکەین لەفێستێڤاڵەکاندا.لەڕیزەکانی کۆمەڵە چەند کەس هەن کەبەتازەیی دەستمان کردووە کەلەم بوارەدا چەندین فیلمی باش بەرهەم بهێنین و ئەمانەوێت قۆناخێک لەبەرهەمهێنانی فیلم و وەرگێران و نووسین بابەت و وتار لە سەر فیلمەگەلی شۆڕشگێڕانە دەست پێبکەین.بە خۆشحاڵییەوە سەرکردایەتی کۆمەڵەیش زۆر یارمەتیدەرمان بوون لە بەرهەمهێنانی ئەم فیلمانەدا.وەکوو پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە بە ئەرکی سەرشانی خۆمی ئەزانم لەخزمەت سینەمای شۆڕشگێرانەدا بم.

لەلایەکی دیکەیشەوە کاتی ئەوە هاتووە هەموو فیلمسازەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.بەداخەوە ئەبینین هەندێک لەفیلمسازان لەکوردستانی ڕۆژهەڵات هەموو شتەکانیان قۆرخ کردووە بۆ خۆیان و ئیجازە نادەن کە فیلمسازانی سەربەخۆ درێژە بەکارەکانی خۆیان بدەن.

کەسانێک هەن،کە بەبیانووی عەفرین و کۆبانی و ....تەپڵی کوردایەتی لێ ئەدەن و لەولایشەوە سەریان لەشوێنی ترە.کاتی ئەوە تەواو بووە.ئەبێت خۆیان یەک لایی بکەنەوە.لەهەمان کاتیشدا،فیلمسازانێکی بەهەڵوێست هەن،کە تا ئێستا،هەوڵیان نەداوە لەچوارچێوە سیاسەت و سیستەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی فیلم بەرهەم بهێنن کە جێگای ڕێز و سپاسە و حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەبێت پاڵپشتی ئەم کەسانە بکەن.

٤: جیاوازی ئەم بەرهەمەت لە باری هونەریەوە لەگەڵ بەرهەمەکانیترت چییە، چ وەک ژانر و چ وەک تێم؟

من چەند ساڵیکە کەلەسەر فیلمی ئێکسپێرمنتاڵ کار ئەکەم. بەرهەمەکانی پێشوویشم هەر لەم ڕەوتەدا بووە.وئێستاش ئەتوانم بڵێم کە کورتە فیلمی ئارەزوو لەباری فۆرم و ناوڕۆکەوە،درەێژەی هەمان بەرهەمەکانی پێشوومە.

خۆدی بارودۆخی ئابووری و کەمی ستاڤی بەرهمهێنەر و لەلایەکی تریشەوە هۆگری خۆم بە سینەمای ئێکسپێرمنتاڵ،بارودۆخێکی خۆڵقاندووە کەلەم ڕەوتە سینەمایەدا جارێک بکەم.



PM:02:47:22/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 570 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


زۆرترین خوێنراو‌